کەی ویژدانە لۆکەکەنتان لە پاکەت دەردەکەن ؟

بەپێی داتایەک بۆ هێڵی هەژاری، لەساڵی 2015 لەلایەن بانکی نێودەوڵەتی جیهانەوە ئەنجام دراوە، ژمارەی دەستنیشان کراوی خوار هێڵی هەژاری بۆ گۆی زەوی 10% بووەو، لە جیهاندا کە دەکاتە ٧٣٦ ملێون کەس، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن گەر دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی خیرو بێری ژێر زەوی بەسەر هاوڵاتیاندا، ئەوا هیچ کەسێکی بەناو هەژاری نەدەما لەسەرڕووی زەویدا، نمونەی وڵاتانی قەتەرو لوکسمبۆرگ و سویسرا.
لێرەدا دەپرسم چ پێوەرێکی جیهانی بڕواپێکراو هەیە داتای دروستمان بداتێ لەسەر ڕێژەی هەژاری و، بێکاری لەهەرێمی کوردستاندا؟
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسێف، ئاماژەی بەوە داوە ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بەڕێژەی 31%، هاوکات لەهەرێمی کوردستاندا بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئامار و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئاماژەیان بەوە داوە کە رێژەی هەژاری قۆناغیکی زۆر مەترسیداری تۆمارکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا لەساڵی 2013 رێژەی هەژاری لەسەدا 3%بووە.
بەڵام لە ئەمسالدا ئەو ڕێژەیە لەهەرێمی کوردستاندا بۆ 12%بەرزبۆتەوە.
لێرەو دەڵێن؛ ئایا پەرلەمان یان حکومەتی هەریم گوێیان لەم زەنگە مەترسیدارە بووە، کەبەرێوبەرایەتی ئامار لێداوە، گەر گوێیان هەبێت ؟
ئەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەچ چاوێک چاودیری تاک دەکات لەرووی هەژارییەوە؟، مەگەر نابینن میللەت بێ نان و ئاو کراوە.!
دەزگای چاودیری کۆمەڵایەتی لەکوێدا نوستووی؟، چاوت لەژنیک نیە هاتووە لە ناوراستی خەڵکیدا هاواری برسیتیەتی لەبەردەم کەناڵ وراگەیاندنەکاندا دەڵێت بێ حاڵم، کوا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی؟، خۆت سەرپشک دەکەم ئەم ئەرکە هی تۆیە سالانە ئامارت لەبەردەستدابێت و بەو پێیە پلان دەبێت دابنرێت بۆ روبەروبونەوی نەداری ونەبوونی ئەگەر چی کاری بچووک کراوە، بەڵام وەکو پێویست نییە، یان راگەیاندنیش هەژار هەڵقۆزیتەوە بۆ پڕکردنی هەگبەکانی خۆی لەکارو چالاکییەکانیدا.
لێرەدا دەمەوێت ئەو بڵێم بەراستی تاکی ئەم کۆمەلگەیە هاڕاوی بەینی دوو بەرد ئاشی سستی حکومەت و دەسەڵاتی چوارەمە، گەرچی لایەنێکی ئەرێنی تێدایە ڕاگەیاندن بۆ دەرخستنی نادادی کۆمەڵایەتی و، برسێتی چینێک و چینێکێش هەڵچۆڕاو لە خێرو خۆشیدا لە سایەی پێ ڕووت و دەست سپێکاندا، تادێت کۆشکو تەلاری زەبەلاح دەبەنە ئاسماندا ئەبێت کەی لەو نغرۆبوونە بێنەوە هۆشی خۆتان؟
مەگەر برسێتیتان نەدیوە مناڵێکی نۆ ساڵان دەکات بە ئەژدیهایەک و، ڕوودەکاتە ئێوە گەر لایەک نەکەنەوە لە میللەتێک کە لە ناسنامەکانیاندا نوسراوە “نەتەوە کورد”، مەگەر کوردبوونیش دەکەنە تانەیەک، تاوەکو چیدی کەس لە ڕووشی نەیات بڵێ کوردم، تەنها شەرمی کوردبوون بتانگرێت، پێویستیمان زۆر نابێت بەڕاوێژکارو پلان و پلاندانان، کەبودجەیەکی زەبەلاحیش بەهەدەر دەدرێت بێ ئەوەی قوتویەکی شیر بگەیەننە مناڵێکی برسی وڵاتە شرینەکەم.
لەکۆتایشدا لێرەوە پێتان دەڵێم ویژدانە لۆکەکەنتان بکەنە دادوەر گەر هەیە؟
ڕووی لەگەرمی و ساردی بەدوورتان دوور مەگرن لە هاوڵاتیانی پڕ شکۆی نیشتمانەکەم، لەدایک و باوکە سەربەرزەکانی وڵاتەکەم، لەکۆشکو تەلارەکانتان وەرنە خوارەوە، چونکە لەو دیوی پەنجەرەوە هەست بە ئازاری مناڵێکی برسی ناکەن.
وەک دەگێڕنەوە شازادە ماری ئەنتوانێت لەسەرەوەی کۆشکەکەیدا دێتە باڵکۆنەی، ڕوو لە باخچەی کۆشکەکەی و گویی لە هاواری خەڵکی دەبێت، شازادە لەکەنیزەکەکەی دەپرسێت ئەو هەرایە چییە ؟
کەنیزەکەکەش دەڵێت خانمەکەم ئەوە ئەڵێن نان نیە بیخۆین برسیمانە
شازادە دەڵێت بۆ ناتوانن نان بخۆن نان زۆرە با بچن بیکڕن !
وەڵامی دەداتەوە کەنیزەکەکەش دەڵێت چونکە ئەڵێن گرانە نانیان دەست ناکەوێت …
شازادە ماریش دەڵێت جا مادام نانیان دەستناکەوێت با کێک بخۆن !
ئەوەبوو دواتریش شۆڕشی برسێتی لەفەرەنسا سەری هەڵدا و نوقتە سەری دێر.