بۆچی لەرۆژی ریفراندۆم دەنگم نەدا
ڕەنگە زۆر کەس بەلایەوە سەیر بێت، کە رۆژانى پێش ریفراندۆم و، دواتری کەمترین قسەو باسم لەسەر بەکارهێنانى مافی یاسایی خۆم لەو پرسە کردبێت، بەوەى دەنگ بەچی بەرەیەک بدەم کەلەنێوان “بەڵێ و نەخێر”ـدا دابەشکرابوون.
سەرەتا ئەمەوێت ئەو ڕاستیە بڵێم کەمن هاوشێوەى ملیۆنانى دیکە، لەگەڵ سەربەخۆییەکى تەواوی سەرجەم خاک و، زەوییەکانى کوردستانم، ئەگەریش دوو کوردی تێدا نیشتەجێبووبێت، لەهەمان کاتیشدا دژایەتى هەر کردەوەیەک دەکەم، کار لەسەر تێکدانى رێڕەوی سەربەخۆیی گەلی کورد بدات.
بەڵام، بۆ لەرۆژى ریفراندۆمەکەى ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧ دەنگم نەداو نەچوومە هیچ بەرەیەک، ئەوە ئەو پرسەیە کەئەمەوێت لێرە دواى سێ ساڵ لەئەنجامدانى ئەو پرۆسەیە روونیبکەمەوە.
شەش ساڵە هەرێم، نەدەتوانێت کێشەو ئاڵۆزییە ئابوورییەکانى چارەسەر بکات، نەئامادەشە لەگەڵ عێراقە رێکبکەوێت
ڕەنگە بەپێی کاری رۆژنامەوانیەکەم لەزۆربەى سیاسی و کەسایەتیە باڵاکانەوە تاڕادەیەک نزیک بوومەو، زۆربەى هەڵوێستە ئاشکراو نهێنیەکانیان دەزانم و، تەنانەت دەشزانم چۆن بیر دەکەنەوە. بەهەرحاڵ با بچمە نێو ئەسڵى بابەتەکەو، ئەوکاتەش پێش دیاریکردنى وادەى ریفراندۆم و، ئەنجامدان و، کاردانەوەکانى دواتر کۆمەڵێک قسەو باس و، گفتوگۆم لەسەر ئەو پرسە کرد، دواتر سەرجەم ئەو بابەتەى من گێرامەوە ڕاستتر دەرچوون لەوەى ئەوان چاوەڕوانییان دەکرد.
سەرەتا رێکخەرانى ریفراندۆم ئامادەنەبوون، شێوەو سیستەمی حکومڕانى دەوڵەتە چاوەڕوانەکە بۆ خەڵک و، تەنانەت بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش باس بکەن، وادەیەکیش دیار نەبوو، بۆ ئەوەى ئەگەرى ڕازیبوونى دونیا بەئەنجامەکەى، چۆن چۆنی سنوورو، پرسە هەڵواسراوەکان لەگەڵ دراوسێیە باشوورییەکەى چارەسەر دەکات.
زۆر کەس بەسۆزو بێ بەرنامە باس لەدەوڵەتى سەربەخۆیی دەکرد، وا ئەزانن ئەگەر کوردستان ئەمرۆ ببێتە دەوڵەت سەرجەم کێشەو گرفتەکانى چارەسەر دەبێت، بەڵام بێئاگان لەوەى ئەسڵى کێشەکان و، ئاڵۆزییەکان لەو کاتەوە دەست پێدەکات کاتێک سنوورەکان لەسەر نەخشە دادەرێژرێن.
ئێستاش بیرمە بەهاری ٢٠١٧ لەگەڵ کەسایەتیەکى باڵاى دەسەڵاتى هەرێم گفتوگۆمان لەسەر پرسی دەوڵەتى کوردی دەکرد، پرسیارێکم لێکرد، بەڵام زۆر دیپلۆماتی و تەماوی وەڵامی دامەوە، کاتێک لێم پرسی “چارەنووسی کەمە نەتەوایەتیەکان و، عەرەبەکانى سنوورە هاوبەشەکان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کەنیوەیان لەنێو کوردستانن و، نیوەیان لەعێراقن”.
رێکخەرانى ریفراندۆم ئامادەنەبوون، شێوەو سیستەمی حکومڕانى دەوڵەتە چاوەڕوانەکە بۆ خەڵک باس بکەن
ئەو کەسایەتیە بەجۆرێک وەڵامی دامەوە، هەمان دروشم و بانگەوازی سەرکردە عەرەبیەکانى سەردەمى شۆڕشی سەربەخۆیی و ڕزگاریخوازی گەلەکەیان بەرز دەکردەوە، دواتر بوونەتە مەترسیدارترین دیکتاتۆری وڵاتەکانیان. ئەمەش ترسێکى لای من دروستکرد، بەوەى ئێمە بەهەمان رێڕەوی ئەوان دەرۆین، بۆیە بەشداریی تێدا ناکەم.
سەربەخۆیی کوردستان بەقسەو، بەدروشمی بریقەدار نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بەپلانێکى تۆکمەو، کاری چەندین ساڵەى سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتى و، تەنانەت کلتووری هەیە. پاش ٢٩ ساڵ لەحکومڕانی کوردی، تاوەکو ئێستاش دامەزراوەیەکى یاسایی و، دەستووری لەهەرێمدا بوونى نیە، زمانێکى ستانداری کوردی یەکگرتووت نیە، چۆن دەوڵەتێک بەنیازی دروست بکەی؟.
ئەوانەى بەدواى عەوامی سەربەخۆیی کەوتوون، هەر ئەوانەشن ئەمرۆ پەنجەى پەشیمانى دەگزن، کەپێیان وابوو بەهۆى دروشمى ساختەکانى پارتەکان هەڵخەڵتێنران.
شەش ساڵە حکومەتى هەرێم، نەدەتوانێت کێشەو ئاڵۆزییە ئابوورییەکانى چارەسەر بکات، نەئامادەشە لەگەڵ ئەو عێراقەى کەسێ ساڵ پێش ئێستا بەهیواى جیابوونەوەى بوو، رێکبکەوێت، چونکە سیاسییەکانى کورد لەدواى ڕاپەرینەوە، خراپترین و، بێکەڵکترین سیاسەت و، سیستەمیی بەڕێوەبردنیان پەیڕەو کرد، مەگەر شۆڕشێکى سەرتاسەرى بتوانێت ئەو ڕەوشە چارەسەر بکات.
گەلى کورد نەیتوانی سیستەمێکى یەکگرتوو و، نزیکبوونەوەیەکی پارچەکان پەیڕەو بکات
جگە لەوانەش پارتەکانى دەسەڵات، هەڵساون هەموو هێلەکانی خۆیان خستۆتە نێو سەبەتەى ئێران و، تورکیا، ئەوانیش پێویست ناکات باسیان بکەین چین و، چۆنن.
دەوڵەت؛ پێویستى بەگەلە، گەلیش پێویستى بەکۆمەڵێک بنەما هەیە بۆ ئەوەى دروست بێت، یەکەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و، ئابوورییەکانی، ئەوانەش لەنێو هەرێمى کوردستانە چوار پارێزگاکەدا نیە، ئەوەى هەیە کۆمەڵێک هۆزی و عەشیرەتن بەناوی حزبی سیاسییەوە ئیدارەى ئەم هەرێمە دەکەن. لەسەرووى هەمووشیانەوە خەریکە بەهۆى ئاڵۆزییە داراییەکە شیرازەى کۆمەڵایەتى کوردیش بەیەکجاری هەڵدەوەشێتەوە.
دەنگم بەریفراندۆم نەدا، چونکە زانیم ئەو عەوامە بەدواى دروشمێکى بەتاڵ کەوتووەو، وێنەکەی لەچوارچێوە گەورەکەى نەبینیوە، بۆیە بەکۆمەڵێک دروشمی سیاسیە شکستخواردووەکان هەڵخەڵتێنراوە، ئەو حزبانەش کەپێشتر پاڵپشتیان دەکردو، دواتر هەڵگەڕانەوە ترسیان لەوە بوو، نەکەونە بەر شەپۆڵى توڕەیی خەڵکە عاتیفەکەى کورد، کە بەهەموو دەنگێکى دهۆڵ هەڵدەپەرێت.
لە ١٠٠ ساڵى رابردوو، گەلى کورد نەیتوانی سیستەمێکى یەکگرتوو و، نزیکبوونەوەیەکی پارچەکان پەیڕەو بکات، هەرگیز ناتوانێت ئیدارەى دەوڵەتێکى سەربەخۆیی بکات و، قەتیش بەو ئامانجە ناگات، تاکە کەسێک و، لایەنێک دەتوانێت رابەرایەتى پرۆسەیەکى لەو شێوەیە بکات، بەرژەوەندییەکانى خۆى لەخوارەوەى بەرژەوەندی گەل بێت. هاوکات لەنێو خەڵکیش هەڵقوڵا بێت، نەوەک بەپیرۆزی لەدایک بووبێت.
ڕەنگە لە ١٠٠ ساڵى داهاتوو، چانسێکى دیکە بێتە پێش کورد، بۆ ئەوەى بتوانێت ئەم هەرێمەى ئێستای هەیە کەئەگەری هەیە، زۆر لاواز بکرێت، بەم شێوازە دروست بکاتەوە، بەڵام دڵنیام هەمان هەڵەى ٢٠١٧ دووبارە دەکەنەوە، چۆن وەک لەماوەى رابردوو هەمان هەڵەیان دووبارەو سەد بارە دەکردەوە.