تورکیاو میلیشیا سووریەکان بەئەنجامدانى “جینۆساید” تومەتبارن

پ

لەنوێترین ڕاپۆرتى خۆیدا کۆمیسیۆنى نەتەوە یەکگرتووەکان داواى لەسوپاى سووریاى ئازاد کردووە، کەلەلایەن تورکیاوە پاڵپشتى دەکرێت و، زۆربەى پێکهاتەکانیشى لەگرووپە ئیسلامیە توندڕەوەکان پێکدێت، “دەستبەرداری کاری تاڵانى و دزینی شوێنەوارو وێرانکارییەکانى ناوچە کوردییەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بن”.

هاوکات ئاماژەى بەوەشداوە ” پێویستە سەرجەم ئەو موڵکانەى دەستیان بەسەردا گیراوە بگرێنرێتەوە خاوەنەکانیان و، تومەتباران سزا بدرێن و، لەبەرپرسیارێتیش دەربکرێن”.

راپۆرتەکەى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیە جەخت لەوە دەکاتەوە ” کۆمەڵێک هۆکاری سەلمێنراو هەیە کە ئەندامانى سوپاى سووریاى ئازادی پاڵپشتى کراو لەلایەن تورکیاوە تاوانى جەنگی لەو وڵاتە ئەنجامداوە، هەر لەگرتنى بارمتەو، مامەڵەى خراپ و ئەشکەنجەدان و، لاقە کردنى کچانی مەدەنی”.

راپۆرتەکە کەبەناونیشانى (لێژنەى لێکۆڵینەوەى سەربەخۆ لەبارەى کۆماری عەرەبی سووریا)، دووپاتیدەکاتەوە ” کۆمەڵێک پێشێڵکاری دژى مافى مرۆڤ و، ڕەوشی ژیانى هاوڵاتیانى ژێر دەستى ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدراوە”.

نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتەکەى ناو ناوە ” هیچ دەستێک خاوێن نیە”، دەڵێت ” پشت بەرەکانى پێشەوەو، ناونیشانە سەرەکییەکان، مەدەنییەکان هەمیشە رووبەرووى پێشێڵکاری بەردەوام بوونەتەوەو، لەلایەن گرووپە چەکدارییەکان کراونەتە ئامانج”.

ئەنکەرا، بۆ ئەوەى کارە قێزەوەنەکانى خۆی لەناوچەکە جێبەجێ بکات، پاڵپشتیەکى سەربازی و دارایی و لۆجیستى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا دەکات، کە سێ ناوچەى گرنگیان داگیر کردووە، کە بەشى باکوورى رۆژئاوا کە لەعەفرین و ئیدلیب و سەریکانى پێکهاتووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەروونى پەنجەى تاوان بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەى نزیک لەئەنکەرا درێژ دەکات، کە لەو ناوچانە جینۆسایدیان ئەنجامداوەو، لەو سێ شارەش دووانى کوردنشینن.

لیژنەکەى ئامادەکاری راپۆرتەکەش نایشارێتەوە بەوەى ” تورکیا تومەتباری سەرەکیی سەرجەم ئەو گرووپ و کەسانەى ئەو ناوچانەیە کەداگیری کردوون، کەناوچەکە پێویستى بەئاسایش و سەلامەتى گشتی و، دابینکردنى پارێزگاریی گرنگە بۆ منداڵان و ئافرەتان”.

پێی وایە ” تورکیا ناچارە پابەندی پەیماننامەکانى مافی مرۆڤ بەرامبەر سەرجەم خەڵکی ئەو خاکانە بێت”.

گووتیشى ” پرۆسەى تاڵانییەکى فراوانى نێو عەفرین، کە هێزە تورکییەکان و، چەکدارە میلیشیا نزیکەکانى لە ٢٠١٨ داگیریان کرد، چەندین موڵک وماڵى گەلى کورد دەستی بەسەردا گیراوە، بەتایبەت لەعەفرین و سەریکانى”.

رێکخراوە نێودەوڵەتیەکە لەرێگەى مانگە دەستکردەکانى خۆیەوە بەبەڵگە سەرجەم تاوان و، تاڵانکردن و، وێرانکردنى شوێنەوارە مێژوویی و دێرینیەکانى ناوچەکەى بڵاوکردۆتەوە، کە لەلایەن یونیسکۆوە خراوەتە نێو لێستى پارێزراوەکان.

ئاشکراشی کردووە ” هێزە تورکییەکان زۆر بەووردی ئاگاداری ئەو پێشێڵکارییانەى دژى مافی مرۆڤەو، بێدەنگی لێهەڵبژاردووە، بەتایبەت ئەوانەى دژى گەلى کورد ئەنجامدراون.