میلیشیاکان پێگەى “کازمی”ـیان لاواز کردووە
هێشتا هێرشە مووشەکییەکانى میلیشیا شیعەکانى نزیک لەرژێمى ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا لەعێراق بەردەوامیی هەیەو، پێگەى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى بەغداشی خستۆتە ڕەوشێکى ئاڵۆزەوە.
مستەفا کازمی، هەر لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیەوە لەئایاری رابردوو، هەوڵەکانى چڕ کردۆتەوە بۆ سەپاندنى “دەسەڵاتدارێتى دەوڵەت” بۆ سەر هێزە چەکدارییەکان، بەڵام پاوانخوازییەکانى ئەو میلیشیانەو، فراوانیی دەسەڵاتەکانیان ئەرکەکەى سەرۆک وەزیرانى ئەستەم کردووە.
لەو بارەیەوەش وەزارەتى بەرگرى حکومەتى عێراق ڕاگەیاند ” ئێوارەى شەممە هێرشێکى مووشەکى بۆ سەر ناوچەى سەوز لەناوەڕاستى بەغدا ئەنجامدراوە”، کەناوچەیەکە زۆربەى فەرمانگە باڵاکانى دەوڵەت و، بالیۆزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان و، زۆربەى باڵیۆزخانە هاوپەیمانەکانى واشنتۆنى تێدا جێگیرە.
لەو بارەیەوە شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى لەڕاگەینراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە ” یەکێک لەمووشەکانى کاتیوشا کەوتۆتە نێو خانووەیەکى چۆڵى ناوچەى سەوز، بەبێ ئەوەى زیانی گیانى لێبکەوێتەوە”.
گووتیشى ” مووشەکەکە لەناوچەى کەناڵى سوپا لەکەرتى رەسافەى پایتەخت تەقێنراوە”.
ئەو هێرشەى ئەمشەوی بەغدا سێهەم هێرشی مووشەکییە لەماوەى ٧٢ کاتژمێر لەبەغدا ئەنجامبدرێت و، ناوچەى سەوزیش بکاتە ئامانج، بەجۆرێک دوو رۆژ پێش ئێستا چوار مووشەکی کاتیوشا ئاراستەى ئەو ناوچەیە کرابوون.
کازمی، پاش گەڕانەوەى لەواشنتۆن، پێی وایە ئەو “هێرشە مووشەکیانە مەبەستى شەرمەزار کردنى دەوڵەتە”.
بەپێی زانیارییەکان سەردانەکەى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ناوەندی بۆ ئەمەریکاو، ئەنجامدانى کۆمەڵێک رێکەوتنی لێکەوتۆتەوە، لەوانەش بەڕەنگاربوونەوەى میلیشیا نزیکەکانى ئێران، بەبێ ئەوەى وادەى ئەو پێکدادانە دیاریی بکرێت.
رێکەوتنى “پابەندیی ئاسایشى درێژخایەن، لەگەڵ واشنتۆن”، وەک گورزێکى گەورەی بەهێزی کازمیی بووە بۆ پاوانخوازییەکانى ئێران و، میلیشیاکانى لەوڵاتەکەى، کەئامانجی بەهێزکردنى تواناکانى سوپاى عێراقە.
” مووشەکەکە لەناوچەى کەناڵى سوپا لەکەرتى رەسافەى پایتەخت تەقێنراوە”
هاوکات گرووپە میلیشیاکانى عێراق بەتایبەت کەتائیبی حزبوڵلای عێراقی، لەماوەى رابردوو بەتایبەت لەدواى کوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس و، ئەبو مەهدی موهەندیس، رێبەرەکەى، هەڕەشەى بەئامانجکردنى هێزە ئەمەریکییەکان و، بەرژەوەندییەکانى لەعێراق کردووە، ئەگەر هاتوو پابەندی کشانەوە نەبن لەوڵاتەکەى.
واشنتۆن لەدواى هەر هێرشێکى مووشەکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى، گرووپی حزبوڵلاو چەند گرووپێکى دیکە تومەتبار دەکات و، پێی وایە ئەوان ئەنجامدەرى ئەو هێرشانەن.