سیاسەتى پشت پەردەى تورکیا لەبەکارهێنانى چەتە سووریەکان

پ

لەدیاردەیەکى نوێی گۆڕەپانى نێودەوڵەتى، تورکیا درێژە بەبەکارهێنانى چەتە سوورییەکان دەدات بۆ درێژەپێدان بەسەرکێشە دەرەکییەکانى خۆیدا، کەتاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک کەسانى وڵاتی سێهەمیان لەجەنگەکانى خۆیان بەکارنەهێناوە، جگە لەرژێمەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى ئەو وڵاتە نەبێت.

لەرووی سیاسی و کردارییەوە نەبووە وڵاتێکى ئەندامى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتى (ناتۆ)، پرسی پەنابەران وەک کاغەزی فشارو، بەکارهێنانیان لەململانێیە دەرەکییەکان بەکاربهێنێت، یاخود هەژاری و لاوازییان بکاتە پرسێک بۆ خزاندنیان بۆ نێو جەنگە دەرەکییەکان.

ئەوەش ئێستا لەلایەن ئەنکەراوە پەیڕەو دەکرێت، بەکارهێنانى پەنابەرو میلیشیا سوورییەکانە لەشەڕو ئاژاوەکانى خۆیەوە، کەهەر لەنێو خاکی سووریاو، لیبیاو ، سۆماڵ و، دوایین جاریش لەشەڕی ئەرمێنیاو ئازەرباینجان تێپەریون.

دەسەڵاتدارانى تورکیا، سیستەمێکى پێچەوانەو ئاڵۆزی بەکارهێنانى چەتەکان پەیڕەو دەکات، کەسەرەتا لەشەڕى ناوخۆیی سووریا بەکاریهێنان، پاشان بۆ جەنگە دەرەکییەکان گواستیەوە.

لەدەستدانى هەر چەتەیەکى سووری، یەکسانە بەسفر بۆ حکومەت

هەر لەو نێوەندەشدا رووسیا، لەرێگەى بەکرێگرتنى سەربازە خانەنیشین کراوەکانەوە، گرووپی فاگنەری بەکارهێناوە، بۆ ئەوەى کۆنترۆڵى گەورە کێڵگەو بەندەرەکانى هەناردەکردنى لیبیا بکەن، هەندێکی دیکەشیان لەنێو سووریاو وڵاتە ئەفریقییەکان لەژێر ناوی کۆمپانیاى ئاسایشى تایبەت کار دەکەن.

بەڵام ئەوەى ئەنکەرا بریتیە لەراهێنانیان و، پڕ چەک کردنیان، بۆ ئەوەى شەڕى رژێمەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سوویا بکەن و، سەرەتاى لەچوارچێوەى (سوپاى سووریاى ئازاد)، کارەکانیان دەکرد، پاشان ناوەکەى بۆ (سوپای نیشتیمانى سووری) گوڕدرا.

لەو بارەیەوە کایڵ ئەورتن، توێژەرى کاروبارى سووریا لەشانەشینى یەکگرتوو ئاماژەى بەوە داوە ” تورکیا ئەو چەتە سووریانە بەبەراورد لەگەڵ سوپاى وڵاتەکەى، بەهۆى زۆر ژمارەیان و، کەمی تێچووەکانیان بەکاردەهێنێت، بەڵام لەرووی تێچووى سیاسیی ناوخۆیی حکومەتى ئەنکەرا هیچ گرنگییەکى نیە”.

ئەورتن لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دووپاتیکردۆتەوە ” لەدەستدانى هەر چەتەیەکى سووری، یەکسانە بەسفر بۆ حکومەت، بەڵام دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان لەناوچەى ململانێیەکان، واتا بەهێزکردنى وێنەى رژێمەکەى ئەنکەرا”.

ئەو هێزانەى سەر بەتورکیاش لەماوەى رابردوو چەندین پێشێڵکارییان دژى پێکهاتەى کورد، کریستیان و، کەمینەکانى دیکەیان ئەنجامداوە، بەتایبەت ئیزدییەکانى سووریا”.

لەهیچ شەڕو ململانێیەک نەبووە گرێبەستە سەربازییەکان ئافرەتى مەدەنى بکوژن، کەچى گرووپى “ئەحراری شەرقیە”ـى سەر بەرژێمەکەى ئەنکەرا، لەتشرینى دووهەمى ساڵى رابردوو هەڤرین خەڵەف، سیاسەتمەداری کوردیان لەنێو شەقام تیرۆر کرد.

جگە لەئاشکرابوونى چەندین راپۆرتى نێودەوڵەتى بەوەى ” گرووپی حەمزە، خەریکی رفاندنى ئافرەتانن لەعەفرین، کەدوو ساڵ پێش ئێستا لەلایەن سوپاى تورکیاو میلیشیا سوورییەکان داگیرکرا”.

بەشێک لەشیکەرەوەکان دەڵێن ” گەورەترین پاڵنەری ئەو گەنجە سووریانە دەچنە نێو ئەو گرووپانە بەهۆى توندڕەوی ئایینى نیە، بەڵکو لەپێناو پارەیە، چونکە شەڕی چەند ساڵەى وڵاتەکەیان هەژارییەکى گەورە رووی تێکردوون”.

“ئەحراری شەرقیە”ـى سەر بەرژێمەکەى ئەنکەرا، هەڤرین خەڵەف، لەنێو شەقام تیرۆر کرد

ئەورتن گووتیشى ” هیچ گوومانێکى تێدا نیە چەتە سوورییەکانى سەر بەتورکیا بەپارەوە کارەکە دەکەن، چونکە ئایدەلۆژیا پرسێکى پەراوێزییە”.

ئەنکەرا زۆر کات پادداشتێکى گەورەى پارەو، کەمێک بانگەشەى ئایینى و، زۆر کاتیش دروشمى “جیهاد” دەخاتە بەردەم چەکدارەکان، بۆ ئەوەى بەشداریی شەڕێکى دەرەکیی بکەن.

بەمدواییانەش رۆژنامەى “گاردیان”ـى بەریتانی لەسەر زاری کۆمەڵێک چەتەى سووری لەپارێزگای ئیدلیب بڵاویکردۆتەوە ” سەرکردە سەربازییەکان و، کەمەڵێک دەڵاڵى تورکی داواى لێکردوون کە وەک پاسەوان لەچەند ناوچەیەکى چاودێری و وێستگەى نەوتى و غاز لەئازەرباینجان کار بکەن، ماوەى گرێبەستەکانیش لەنێوان سێ بۆ شەش مانگە”.

تورکەکان بۆ هەر چەکدارێک بڕی ١٠ هەزار لیرەى تەرخانکردووە (یەکسانە بەنزیکەى ١٢٠٠ دۆلاری ئەمەریکى)، ئەمەش بۆ کەسێکى بێکاری سووری و هەژار قەبارەیەکى زۆرە.

پێشتر چەتە سوورییەکانى لیبیا مووچەى مانگانەیان نزیکەى ٢٠٠٠ دۆلار بووە، بەڵام دواى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لەنێوان هەردوو گرووپی شەڕکەرى ئەو وڵاتە،  لەسەرەتاى ئەیلوولی رابردوو بۆ ٦٠٠ دۆلار دابەزین، بۆ ئەوەى ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ سووریا تاوەکو ئەرکی دیکە ئەنجامبدەن.

سەرەڕای دیکۆمێنتکردنى سەرجەم تاوانکارییەکانى گرووپە نزیکەکانى ئەنکەرا، بەڵام سیاسەتى تورکیا لەبەکارهێنانى ئەو چەتانە لەچەندین شوێن بەردەوامیی هەیە.