بەرپرسی نووسینگەی عادل عبدالمهدی داواکراوە

پ

بەرپرسی نووسینگەکەی عادل عبدالمهدی ، دەبێتە جێگای مشتومڕی سۆشیال میدیا

ئەمرۆ سێ شەممە ٨ی ئەیلول ، چەند سەرچاوەیەك کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرابکەن رایانگەیاند ، لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی دەستی پێکردووە لەبارەی بەرپرسی نووسینگەی حکومەتە دەستلەکارکێشاوەکەی عادل عبدالمهدی کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ، بەهۆی تەقینەوەی دۆخەکە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە عێراق.

تیمی نووسینەگەی حکومەتەکەی عبدالمهدی ، تۆمەتبارن بە شاردنەوە و وونکردنی کۆمەڵێك بەڵگەنامەی یاسایی و دارایی و هەروەها سەرپێچی یاسایی .

ئەبو جیهاد هاشمی ، بەرپرسی نووسینگەی عادل عبدالمهدی ، یەکێکە لەو تۆمەتبارانەی کە تێوەگڵاوە لە سەرپێچی یاسایی و هەروەها دەرکردنی فەرمانی لێدان و گرتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩.

بەرپرسی نووسینگەی عبدالمهدی ، بەوە ناسرابوو کە بەبێ ئاگایی سەرۆک وەزیران ، فەرمانی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی ، هێزەکانی پاراستنی سیستەم دەکرد بە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و سەرکوتکردنیان.

پەرلەمانتارێکی عێراق ، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایدەگەیەنێت ، کۆمەڵێک نوسراو  و بەڵگەنامەی یاسایی و دارایی هەن ، دەبێت لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوە یان تەواوبوونی ماوەی هەر حکومەتێک ، رادەستی حکومەتی دوای خۆی بکرێت .

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات کە ، ئەو و نوسراو و بەڵگەنامە یاسایی و داراییانەی کە پەیوەستن بە کاروباری دارایی و دامەزراندن ، دەبوایە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا مابان، بەڵام وون کراون یان لەنێوبراون .

حکومەتی مستەفا کازمی ، کە لە ئایاری ئەمساڵ متمانەی وەرگرت ، داوای ئەو بەڵگەنامە و نوسراوە فەرمییانە دەکات کە ژمارەیەکیان پەیوەندی دارن بە دامەزراندنەوە و بەهۆی دیارنەمانیانەوە ، کێشەی یاساییان بۆ دروست بووە .

وون بوون و دیارنەمانی بەڵگەنامەکان هەموو گومانەکان دەباتەوە سەر ئەبو جیهاد هاشمی ، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و ئەو بەڵگەنامانەش پەیوەستن بە کەیسی هەستیاری یاسایی و دارایی و حکومەتی ئەمڕۆی مستەفا کازمی ، ناچێتە ژێرباری بەرپرسیارێتی وون بوونیان

ئەبو جیهاد هاشمی ، بەرپرسی نووسینگەی عادل عبدالمهدی ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەوە ناسرابوو ، کە بێ وەرگرتنی فەرمانی فەرمی و گەڕانەوە بۆ بڕیاری عبدالمهدی ، خۆی فەرمانی دەردەکرد بە سەرکوتکردن و گرتن و ئازاردانی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ ، بەهۆی خراپی بژێو و نەبوونی خزمەتگوزاری ، هەروەها باڵادەستبوونی میلیشاکان لەنێو حکومەت وهەژموونی ئێرانەوە ، هاتنە سەر شەقام و بەهۆیەوە زیاد لە ٧٠٠ خۆپیشاندەر لە تەمەن جیاوازەکان ، کوژران و نزیکەی ٣ هەزار کەس برینداربوون .