ژنی بەرپرسی حیزبی ئۆتۆمبێلی قاچاغ دەهێنێتە هەرێم
دابان محمد ، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند ، ژنی بەرپرس هەیە دەستی داوەتە قاچاخچێتی و ئۆتۆمبێل دەهێنێتە ناو هەرێمەوە .
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی دەکاتەوە هێشتا ، کارى قاچاغچێتى لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە زیاتر نەبێت کەمتر نەبووە و کارى قاچاغى بەجۆرێک فراوانبووە، لە بەرپرسانەوە ترازاوە بۆ خەڵکانى تر و ئێستا شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە ، دەستى داوەتە کارى قاچاغى و ئۆتۆمبێل داخلى هەرێمى کوردستان دەکات.
دابان محمد ئاماژە بەوەش دەکات ، تا ئێستا لە خاڵى سنورى پەروێزخان ، زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبێل دەستى بەسەردا گیراوە، کە ئۆتۆمبێلى نایاسایى و خوار مۆدێل ٢٠١٨ــبووە و چەندین جۆر ئۆتۆمبێلى گرانبەهاشى تێدایە و دۆسیەکە دراوە بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگى هەرێم، چاودێرین لە ڕێگریکردن و لە داخڵکردنیان.
لەبارەی تێچووی هێنانەناوەوەی هەر ئۆتۆمبێلێك ، لە خاڵى سنورى باشماخ و حاجى ئۆمەران، بڕى ٦٥٠٠ دۆلار وەردەگیرێت و لەو پارەیەش ، ٢٠٠٠ دۆلارى بۆ بەرپرسى حزبى دەڕوات.
دابان محمد دەشڵێت ، “ئەگەر شەوى چوار کۆنتێنەری ئۆتۆمبێل داخڵ بکرێت ، ئەوا مانگانە دەکاتە چوار ملیۆن دۆلار و ئەمەش تەنیا لە یەک خاڵى سنورییەوە”
سەبارەت بە مەرزی باشماخ ، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات ، بە ئاشکرا و لە حاجى ئۆمەران بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێلى قاچاغ دەهێنرێتە ناو هەرێم و ئەمانە داهاتى حکومەتى هەرێمن، لە برى ئەوەى بدرێت بە موچە و بخرێتە گیرفانى فەرمانبەران، دەچێتە گیرفانى حزب و بەرپرسانى حزبیەوە.