نه‌سرین شێروان، ژیانێك له ئاواز و ئازار و بە ٤٠٠ گۆرانییەوە، بەبێکەسی کۆچ دەکات و شارەوانی بە خاکی دەسپرێرێ
نه‌سرین شێروان کێ‌بوو؟
یه‌كێكه لەو ژنه بوێرانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه كاری هونه‌ری كردووه، كه ژن نه‌یوێراوه گۆرانی بڵێ. له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكان ده‌ركه‌وت و گۆرانیی گوتووه، كه له تێڕوانینی باوی كۆمه‌ڵگای كوردی گۆرانی ووتن بە تایبەتی بۆ ژنان عه‌یبه و شوره‌یی بوو، ئه‌و ژنانه‌ی گۆرانی‌یان ده‌گوت به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران، ئه‌و توانیی زاڵ بێ به‌سه‌ر به‌ربه‌سته نه‌ریتیه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه و ئه‌و كۆت وبه‌ندانه‌ی شكاند، به‌و په‌ڕی جورئه‌ته‌وه هاته ناو دونیای هونه‌ره‌وه و توانی زیاتر 400 گۆرانیی كوردی بخاته سه‌ر خه‌رمانی ئاواز و میلۆدیی كوردی و گه‌نجینه‌ی گۆرانی فۆلكۆری ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌نده په‌رێشانی و به‌دبه‌ختی زۆری به‌چاوی خۆی بینیوه و له‌ئاخروئۆخری عومریدا به‌سواڵكردن ده‌ژیا و زۆریش به كه‌ساسی مردووه.
له باكوری كوردستانه‌وه بۆ به‌غدا
ساڵی 1922 له گوندێكی ناوچه‌ی شرنەخ له باكوری كوردستان له‌ماڵی عومه‌ر عوسمان كچێك له‌دایكبوو و ناویان نا نه‌سرین. ئه‌م نازناوی (شێروان)هش له‌رادیۆی كوردی لێیان نا و به‌سه‌ریدا بڕا. له به‌خت و ناوچه‌وانی ئه‌و ژیان خۆشیی بۆنههێنا و ته‌مه‌نی لاوی و گه‌نجیی به شوانی و كۆچه‌ری و ئه‌م شار و ئه‌و شار برده سه‌ر، دواتر نه‌سرین له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌یان گونده‌كه‌یانی جێهشتووه و به‌ره و باشووری كوردستان شۆڕده‌بنه‌وه وسه‌ره‌تا له زاخۆ ده‌گیرسێنه‌وه، پاشان به‌ره‌و به‌غدا ده‌چن و بۆ بژێویی ژیانی له ماڵی یه‌كێك له مه‌سیحیه‌كان، كه له پێشدا ناسیاویان بووه ده‌مێنێته‌وه، ماوه‌یه‌كیش بۆ ماڵی جه‌مال بابان كه له زه‌مانی مه‌لیكی (پاشایه‌تی) وه‌زیر بووە دەمێنێتەوە و دوو ساڵ له‌وێ به‌رده‌ستیی ده‌كرد، خزمه‌تكار و كاری ناو ماڵی بۆ ده‌كردن. له‌و ماڵه‌ش شه‌وانه ئاهه‌نگ و به‌زم بوو. هونه‌رمه‌ندانی كورد داوه‌ت ده‌كران و گۆرانی و مه‌قام و لاوكیان ده‌گوت. نه‌سرین یش هه‌م له‌وان گۆرانی تازه فێر ده‌بوو و هه‌میش خۆی ئه‌و لاوك و گۆرانییانه‌ی له سینه‌یدا بوون و به‌هۆی شوانییه‌وه فێری ببوو بۆی ده‌گوتن، به‌ڵام تا ئه‌و ده‌مه‌ش كچه كوردێكی غه‌ریبی به‌غدا بوو و هێشتا وه‌ك گۆرانیبێژ نه‌ناسرابوو.
چۆن ده‌رگای هونه‌ر به‌ڕوویدا كرایه‌وه؟
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرا ببێته هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا، به‌ڵام هه‌ژاری ناچاری كردبوو به خزمه‌تكاری، له‌ماڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی به‌غدا كاره‌كه‌ری ده‌كرد.
له‌به‌ختی ئه‌و ڕۆژێك عه‌لی مه‌ردان له ماڵی یه‌كێ له كورده‌كانی به‌غدا بۆ ئاهه‌نگێك داوه‌ت ده‌كرێ. ئه‌ویش ئه‌و وه‌خته كچێكی سیانزه چوارده ساڵان بوو و كاره‌كه‌ری ئه‌و ماڵه بووه، له گه‌رمه‌ی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و شاییدا و ئه‌ویش به ده‌نگێكی خۆش گۆرانی و ستران ده‌ڵێ.
عه‌لی مه‌ردان بانگ ده‌كات لای خۆی و چه‌ند پرسیارێكی لێده‌كات. كه ده‌زانێ ده‌نگی خۆشه داوای لێده‌كات بێته ڕادیۆ و گۆرانی بۆ تۆمار بكه‌ن. عه‌لی مه‌ردان جگه له‌وه‌ی خۆی هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو بوو ئه‌وكاته به‌رپرسی به‌شی هونه‌ری رادیۆی كوردی به‌غدا بوو.
نه‌سرین شێروان (كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی بچووك بوو) یه‌كه‌مجار چووه‌ته ڕادیۆ زۆر ترسی لێ ده‌نیشێ، له ڕاڕهوهكهی ئێزگه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ڕاده‌كات، عه‌لی مه‌ردان به‌دوای ده‌كه‌وێ و له پشته‌وه ده‌یگرێ و دەست بە یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌یدا دەکات و دەیباتەوە بۆ ناو ئێزگه. له‌و رۆژه‌وه وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆرسی ئێزگه دایاننا.
به پێشنیاری هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان له 25/3/1944 له ئێزگه‌ی به‌غدا ده‌ست به‌كار بوو و به هاوكاریی تیپی مۆسیقای ڕادیۆ چه‌ندین سترانی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمار كرد، یه‌كه‌م سترانی (ده لێ.. لێ) بوو.
بۆ پێیان ده‌گوت كچی ئێزگه؟
له‌سه‌ره‌تاوه عه‌لی مه‌ردان زۆر هاوكاریی نه‌سرین شێروانی ده‌كرد له فێركردنی ئاوازی گۆرانییه‌كان، چونكه نه‌خوێنده‌وار بوو و ده‌بوایه له‌كاتی دانانی گۆرانییه‌كانی یا له زاری ئاوازدانهرهكهوه چه‌ندجارێك شیعره‌كه‌ی بۆ بڵێنه‌وه و ئه‌ویش سه‌یری دهمو لێویانی ده‌كرد تا گۆرانیه‌كه فێر بێت. ئینجا دوای چه‌ندینجار پرۆڤه و دووباره و سێ بارهكردنهوه، نه‌سرین شێروان هه‌رچه‌نده نه‌خوێنده‌وار بوو به‌ڵام به ڕاستی هونه‌رمه‌ند بوو، خودا مێشكێكی چاک و پاکی پێ به‌خشی بوو، گورج شیعر و ئاوازی گۆرانییه‌كانی له‌به‌ر ده‌كرد. هێنده‌ی به‌لای گۆرانی و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌چوو، هێنده بیری به‌لای شتی تردا نه‌ده‌چوو، بۆ نموونه تا مردیش شوی نه‌كرد، ناویان نابوو (كچی ئێزگه). تاكو بووه هونه‌رمه‌ندێكی دیاری ڕادیۆی به‌غدا ـ به‌شی كوردی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بووە ئه‌ندامێكی چالاكی كۆرسی ئێزگه.
هونه‌رمه‌ند نه‌سرین شێروان له هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا ئه‌وه‌نده به جورئه‌ت چۆته ناو دونیای هونه‌ر بووەته به‌شێك له جێی سه‌رنجی ئاوازدانه‌ران و ئه‌وه‌تا هونه‌رمه‌ندی شه‌ماڵ سائیب ئاوازی (به‌هاره به‌هاره)ی بۆ داناوه و نه‌سرین شێروان له گه‌وره‌ترین كۆمپانیای عێراق (كۆمپانیای چه‌قماقچی) تۆماری كردووه. له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكان كۆمپانیای (چه‌قماقچی) زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی بۆ تۆماركرد.
به‌هۆی ڕادیۆی به‌غداوه بووه ئاشنای هونه‌رمه‌ندانی ناوداری كورد عەلی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ك، تایەر تۆفیق، محەمەد عارف جەزراوی، حه‌سه‌ن جەزراوی، شه‌ماڵ سائیب، ڕه‌سوڵ گه‌ردی، حوسێن عەلی، باكوری.
نه‌سرین شێروان له چه‌ندین ئاهه‌نگدا به‌شدار بووه و گۆرانیی گوتووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كورد.
نه‌سرین شێروان له زۆر له گۆرانیه‌كانی به‌شی كوردی رادیۆی به‌غدا كۆرس بوو. ده‌نگی نه‌سرین كاری له‌هه‌ست و سۆزی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك كردبوو ده‌یوت خۆشترین ده‌نگه له‌گوێی مندا. به‌تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك) ده‌هاته ڕادیۆی به‌غدا بۆ تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی، به‌هۆی هونه‌ره‌وه بووبونه دوو هاوڕێی نزیكی یه‌ك به جۆرێك ده‌توت چه‌ند ساڵه به‌یه‌كتر ئاشنان، له‌كاتێكدا نه‌سرین كچه كوردێكی باكوری كورستان و حه‌سه‌ن زیره‌كیش له رۆژهه‌ڵاته‌وه.
چی پێشكه‌شی هونه‌ری كوردی كردووه؟
له‌ناو ئه‌و ژنانه‌ی له‌رادیۆی به‌غدا گۆرانیان گوتووه نه‌سرین شێروان له ڕیزی پێشه‌وه‌یه له تۆماركردنی گۆرانی و زۆرترین به‌رهه‌می پێشكه‌شی هونه‌ر كوردی كردووه. قوربانییه‌كی مه‌زنی دا بۆئه‌وه‌ی له‌بواری هونه‌ر كاربكات.
هه‌ندێ جار خۆی گۆرانی و ئاوازی داناوه. به‌پێی قسه‌ی خۆی نه‌سرین (420) ستران و گۆرانیی هه‌یه له ئێزگه كوردییه‌كه‌ی به‌غدا. جگه له‌و سترانانه‌ی بۆ كۆمپانیاكانی تۆمار قه‌وان (كۆڵۆمبیا به‌یزافۆن، چه‌قماقچی) تۆماری كردوون.
ئاوازی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی له نه‌غمه‌ی مه‌قامی (به‌یات ، حوسه‌ینی)یه. كه ئاوازێكی غه‌مگین و به‌سۆزی هه‌یه كه‌وا نزیكه له روحیه‌تی ژیانی نه‌سرین شێروانه‌وه.
نزیكه‌ی (420) گۆرانی و لاوك و سترانی ڕه‌سه‌نی كوردی تۆمار كردووه و به‌میرات بۆ ئێمه‌ی به‌جێ هێشتووه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای رادیۆی كوردی تاماوه‌یه‌كی زۆریش تۆماركردنیان نه‌بوو به‌رهه‌مه‌كان هه‌ر راسته‌وخۆیی په‌خش ده‌كران، بۆیه ئه‌رشیڤێكی كه‌می ماوه. جگه له‌و گۆرانی و سترانه فۆلكلۆرییانه‌ی له باكوری كوردستان بیستبووی خۆشی چه‌ندین ئاوازی داناوه و به‌هاوكاری مۆزیكژهنهكاكانی ڕادیۆی به‌غدا تۆماری كردووه. ئه‌و له ناوجه‌رگه‌ی به‌غداوه گۆرانیی ره‌سه‌نی كوردی ده‌گوت كه‌وا مۆزیكژهنهكانی هیچیان كورد نه‌بوون و هه‌موویان عه‌ره‌ب بوون. ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی گۆرانییه‌كانی ئه‌م رۆژگاره‌وه، چونكه له‌ناو ئه‌م سروشته جوان و ئه‌و هه‌موو مۆزیكژه‌نه كورده، گۆرانیه كوردییه‌كان بۆن و به‌رامه‌ی میلۆدی فارسی و توركی و عه‌ره‌بی گرتووه، بۆیه زۆر له شاره‌زایان و هونه‌رمه‌ندانی كورد ده‌ڵێن، زه‌مه‌نی په‌نجاكان سه‌رده‌می زێڕینی گۆرانی و موزیكی كوردی بوو.
گۆرانی (هه‌ی نێرگز نێرگز) هی كێیه؟
گۆرانی (هه‌ی نێرگز نێرگز) كوردێك نیه نه‌بیستبێ و عه‌ره‌به‌كانیش حه‌زیان لێیه و چووەته ناو موزیكی توركیشه‌وه، له حه‌فتاكان ئه‌و گۆرانییه له تهلەفزیۆنهوه گروپێكی كۆرس و به ده‌نگی نه‌جات كچێكی ده‌نگخۆشی مه‌سیحی به هاوكاریی هونه‌رمه‌ندی كه‌مانژه‌ن (دڵشاد محەمەد سەعید) په‌خشكراو و كه‌وته سه‌ر زاری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان. له ئه‌سڵدا هی هونه‌رمه‌ند (نه‌سرین شێروان)ـه، كه له شه‌سته‌كان له ڕادیۆی به‌غدا تۆماری كردووه.
ئه‌مانه به‌شێكن له خه‌رمانی هونەری ئه‌و ژنه هونه‌رمه‌نده، كه ئاواتی به‌رزی گۆرانی و سترانی كوردی بوو و ببووه نان و ئاوی.
(هه‌ی نێرگز نێرگز، گوڵ شینی، گولێ هه‌ی نار، دیلان دیلان، لاوكی (دلی لێ لێ) ، ته دلێ من سۆت ئه‌ڤینی، به‌ژنه ته زراڤه، ئاڤا ڕووبارێ مه، ئێوارێ ڤێ هاڤینێ، ده‌ردێ دلا، قه‌ول و قه‌رارێ ته، ده‌نگێ دۆلابێ، لۆیلم كۆچه‌ری، خانێ تو زانی، زاڵم).
مردنێكی پڕ له ئازار و بێكه‌سی
نه‌سرین شێروان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پاره كه‌مه‌ی له رادیۆی به‌غدا هه‌فتانه وه‌ریده‌گرت له‌گه‌ڵ دایك و باوكی ده‌ژیا. هونه‌رمه‌ند باكوری ده‌ڵێت: “هه‌ندێك جار ده فلسی نه‌بوو، به‌پێیان ده‌هاته ئیزاعه”. سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری، به‌ڵام هاوكاریی خه‌ڵكیشی كردووه، وه‌ك هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هاری هاوڕێی ده‌ڵێت “زۆر به ره‌حم و به سۆزبوو، خۆی نان نه‌بوو بیخوات، فه‌قیرێكی بدیبایه روبعه دینارێكی پێ بوایه ده‌یدایه”.
نه‌سرین شێروان تاكو ساڵانی حه‌فتاكان له كاری هونه‌ری به‌رده‌وام بوو، ساڵانی كاركردنی له‌رادیۆی به‌غدا ئه‌وپه‌ڕی خۆشیی عومری ئه‌و بوو و به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه وازی له گۆرانی ووتن هێناو و دابڕا له كاری هونه‌ری.
ئه‌و ژنه شۆخ و شه‌نگه‌ی له تافی گه‌نجیدا هه‌مووان به‌هۆی جوانییهكهییهوه تامه‌زۆری بینینی بوون له پیریدا لێكه‌وت، نه‌خۆشی زۆری بۆ هێنابوو، هه‌ژاریش له‌ولاوه بوه‌ستێت، كه بڕستی لێ‌بڕی بوو، به‌هۆی بێ پاره‌ییه‌وه توانای كڕینی ده‌رمانه‌كانیشی نه‌بوو جارجار خه‌ڵكی خێرومه‌ند ئاوەڕی لێده‌دایه‌وه و هاوكارییان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی كه له به‌غدا ده‌ژیا.
له هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، نه‌سرین شێروان پێش ئه‌وه‌ی بمرێت، هه‌ژاری و برسێتی و بێكه‌سی له‌به‌غدادا هێنده زۆری بۆهێنابوو، كه ناچاری كردبوو ده‌ست له خه‌ڵكی پان بكاته‌وه و له شه‌قامه‌كانی به‌غدا سواڵی ده‌كرد. له‌و به‌غدایه‌ی كه‌وا ده‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داری كوردی لێ‌بوو، كه‌چی ئاوڕیان له‌و هونه‌رمه‌نده كورده نه‌دایه‌وه و كه‌وێته سواڵكردن. هه‌روا بە بێكه‌سی و به هه‌ژاری سه‌ری نایه‌وه. هه‌تا له ژیانیشدا بوو ڕێزلێنانی به‌خۆوه نه‌بینی، ئه‌مه‌ش له‌رووی ده‌روونییه‌وه كاری تێده‌كات. ئه‌و كۆتاییه‌ی ژیانی نه‌سرین شێروان خۆی له خۆیدا حیكایه‌تێكی سهرنجراكێشه و جێی داخه، ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده‌ی (400) چوار سه‌د گۆرانیی ره‌سه‌نی كوردیی تۆمار كرد، له كۆتایی عومری له ماڵێكی داڕووخاوی كۆن و تاریك ده‌ژیا، بێكه‌س و ته‌نیا، ماڵه‌كه‌ی له به‌غدا بوو، ناوبه‌ناو هه‌ندێ له هاوسێكانی خواردنیان بۆ ده‌برد و یارمه‌تیان ده‌دا..
ئه‌و هونه‌رمه‌نده هه‌ر به هه‌ژاری و فه‌قیری له ته‌مه‌نی پیری و بێ هێزی و به بێكه‌سی له به‌غدا سه‌ری نایه‌وه. ئازاری دووری وڵات و نه‌خۆشی و بێ ده‌رمان گیانی سپارد و له 10ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1990 كۆچی دواییكرد، كه مردیش له‌به‌ر بێ كه‌سێ شاره‌وانی ته‌رمه‌كه‌ی ناشت.!
سه‌رچاوەکان:
1- گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان.. به‌شی یه‌كه‌م: باكوری
2- دیكۆمێنتارییهك له‌سه‌ر ژیانی نه‌سرین شێروان، كه‌ناڵی ستێرك تی ڤی، ئاماده‌كاری به‌رنامه: كاكشار ئۆرامار
3- زانیارییه‌كانی نوسه‌ر نازم دڵبه‌ند
لە ئاژانسی ئەئێن ئێف وەرگیراوە