ناکۆکییەکانى کورد؛ تورکیاى هاندا خەونى دەوڵەتى “سەربەخۆیی” لەباربەرێت

پ

ساڵانێکی زۆرە کۆمارى تورکیا کارى لەسەر پەرتەوازە کردنى پێگەى کورد لەناوچەکە کردووەو، لەدوایین راپۆرتیشدا ماڵپەرێکى ئیسرائیلى ئاماژەى بەوەداوە ” ئەنکەرا خەونێکى چەند دەیەى وڵاتەکەى لەناوچەکە بۆ پێکهێنانى دەوڵەتێکى کوردی لەبار بردووە”.

ماڵپەرى کەناڵى ١٢ ئیسرائیلی لەراپۆرتێکدا جەختى لەوە کردۆتەوە ” ساڵانێکى زۆرە تەل ئەبیب، وەبەرهێنانى لەپلانی کوردەکان کردووەو، هاریکارى سەربازی و شاندی راوێژکارى و کڕینى نەوت بەنهێنى کردووە، بەڵام تورکیا ئەو خەونەى لەبار کردبووە”.

راپۆرتەکەش لەلایەن ئیهۆد یەعاری، پسپۆڕی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەو کەناڵە تەلەڤزیۆنیەى ئیسرائیل ئامادە کراوەو، بەرپرسیارێتى پێکنەهێنانى دەوڵەتێکى کوردی لەعێراق و سووریا، جگە لەتورکیا، دەخاتە ئەستۆی سەرکردە کوردەکانى ئەو پارچەیە.

هەنگاوەکانی تورکیاش وەک قۆستنەوەى هەلێکە لەو سەروبەندەى ناکۆکیی و کێشەی کوردەکان

گووتیشى ” بەمدواییانە ئەنکەرا چەندین ناوچەى ئەمنی لەنێو خاکی عێراق دروستکردووەو، رێگرى کردووە کیانیکى کوردی هاوبەش دروست بێت”.

جگە لەدەستێوەردانە بەردەوامەکانى ئەنکەرا، لەناوخۆى کوردەکانیش کێشەى جۆراجۆری سیاسی، ئابوورى و کۆمەڵایەتى هەیە، بەتایبەت لەنێوان هەرێمى کوردستانی عێراق و، ئیدارەى سەربەخۆیی باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا کە لەنێو کوردەکان بە (رۆژئاوا) ناسراوە.

لەپاڵ ئەوانەش خوودی هەرێمى کوردستان بەکۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابوورى تێپەردەبێت، کەلەدواى ٢٠١٤ ـەوە سەریانهەڵداوەو، نەیانتوانیوە چارەسەرێکى ریشەیی و گشتگیری بۆ بدۆزنەوە.

پسپۆڕە ئیسرائیلییەکە دووپاتیدەکاتەوە ” تەنانەت ئەگەر خوودی جۆ بایدن، ببێتە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوا بیروکە کۆنەکەی بەجیاکردنەوەى ناوچەى کوردەکانی باکوورى عێراق لەو وڵاتە لەچوارچێوەى فیدراڵى ناخاتەروو”.

نەخشەى ئیسرائیل بۆ پرۆژەى سەربەخۆیی کوردستان
نەخشەى ئیسرائیل بۆ پرۆژەى سەربەخۆیی کوردستان

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە ” کوردەکان شکستیان هێناوە لەدەستبەرداربوون لەکلتوورە خراپەکەیان بەتێوەگڵان لەشەڕو ململانێی ناوخۆیی، هەمیشەش بەدواى هاوپەیمانى لەدەرەوەى ریزەکانی خۆیان دەگەرێن و، نقوومی گەندەڵیش بوونە”.

کوردەکان بەملهوڕی گوێیان لەرێنوێنى سەرجەم دۆستەکانیان نەگرت لەوانەش ئیسرائیل

یەکێک لەکێشە گەورەکانى هەرێمى کوردستان، ناکۆکیی نێوان دوو پارتى سەرەکیی دەسەڵاتدارە کەلەدواى راپەرینەکەى ١٩٩١ ـەوە حوکمڕانی ناوچەکە دەکەن، ئەوانیش یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و، پارتى دیموکراتى کوردستانە، ململانێی ئەو پارتەش لەدواى ئەنجامدانى دوایین کۆنگرەو، هەڵبژاردنى سەرکردایەتیەکى نوێی یەکێتى، ناکۆکییەکانى هەردوو پارتى هاوپەیمانى ناکۆک گەیشتۆتە نزیک پێکدادان.

یەعاری لەدرێژەى راپۆرتەکەى پشت بەقسەیەکى بیرمەندی کورد بیلال وەهاب دەبەستێت کە گووتوویەتى ” ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکۆتایی رێگاکە پشت لەتێروانینی خۆی بەرامبەر حکومەتى کوردی وەک هاوبەشێکى جێی باوەڕ دەکات”.

چونکە بەقسەى ئەو بیرمەندە ” لەمێژە کوردەکان سەرقاڵى یەکلایی کردنەوەى ناکۆکییە ناوخۆییەکان و، سەرکردەکانیانیش ئامادەى دانیشتن و گفتوگۆیان تێدا نیەو، بگرە پرۆسەکانیان گەیاندۆتە ئەو ئاستەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەڕە جنێۆ بەرامبەر یەکتر بکەن، تەنانەت نزیکترین دۆستیان ناتوانێت هاریکارییان بکات”.

پرسى ریفراندۆم و، هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکانیش بەشێک بووە لەراپۆرتەکەى کەناڵى ١٢ تەلەڤزیۆنى ئیسرائیل کەئاشکراى دەکات ” کوردەکان بەملهوڕی گوێیان لەرێنوێنى سەرجەم دۆستەکانیان نەگرت لەوانەش ئیسرائیل، بەوەى ریفراندۆم لە ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجام نەدەن، کەتایبەت بوو بەسەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو بەعینادی چوونە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و، ئەنجامەکەشی لەدەستدانى پانتاییەکى گەورەى جوگرافی بوون، لەو کاتەوەش دروستکردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆییان لەبیر چوویەوە”.

لەلایەکی دیکەشەوە، لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى میللەتى کورد، بەهۆی سەختى قەیرانە ئابوورییەکەى و، نەبوونی مووچەى بەردەوام، هەموو هەوڵەکانیان خۆیان بەگەڕ خستووە، بۆ ئەوەى حکومەتى فیدراڵى عێراق، هاریکارییان بکات و، پلانى ئابوورى سەربەخۆیی کەچەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسانى حکومەتى هەرێم خرایە روو شکستی هێنا.

هەنگاوەکانی تورکیاش وەک قۆستنەوەى هەلێکە لەو سەروبەندەى ناکۆکیی و کێشەی کوردەکان چەندین پێگەى هێزە چەکدارە کوردەکانى تێکشکاندووەو، لەباکوورى عێراق و، لەنێو سنوورى هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک پێگەى ئاسایشى دروستکردووەو، هاوشێوەى رۆژئاوا.

لەرۆژئاواى کوردستانیش سەرەڕاى پاڵپشتى فەرەنساو ئەمەریکا بۆ نزیکبوونەوەى کوردەکان لەیەکترو دروستکردنى بەرەیەکی هاوبەش بۆ بەڕەنگاربوونەوەى رژێمەکەى ئەسەدو میلیشیا یاخیبووەکانى دیکە، بەڵام پرۆسەکە بەشێوەیەکى پراکتیکی نەچووەتە بوارى جێبەجێ کردن و، تەنها لەسەر کاغەزو، هەندێک هەنگاوی رووکەش نراون.

کورد لەماوەى ١٠٠ ساڵى رابردوو هەموو هەوڵ وتێکۆشانەکانى بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بووە، بەڵام پێناچێت جارێکى دیکە ئەو جۆش و خرۆشەى لەساڵانى رابردوو هەیانبوو، دووبارە بەئاسانى زیندوو بکرێنەوە، بەتایبەت ئێستا لەهەرێمى کوردستان خەریکە خەونەکە بەتەواوەتى لەبار دەچێت و، چیتر ئەو پرسە نابێتە پژاردەیەکى سەرەکیی میللەتى کورد