بەرپرسێکی یەکێتی لە پۆستێکی باڵای حکومەتی هەرێم دەستبەکاربوو

پ

میدیایەکی سەر بەیەکیتی نیشتیمانی کوردستان بلاوی کردەوە کە دابان شەدەڵە، وەک جێگری لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربو.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەمە بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رێوڕەسمی دەستبەکاربونی دابان شەدەڵە، وەک جێگری لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێرای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ستایشی کار و چالاکییەکانی پێشوی کرد کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە وڵاتی ئیسپانیا.

قوباد تاڵەبانی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربونی دابان شەدەڵە وەک جێگری لێپرسراوی پە‌یوە‌ندییە‌كانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فەرمانگەی پەیوەندییەکان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکومەت و وەک سەرۆکایەتی حکومەت بە تەواوی پاڵپشتی هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەن بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکومەت و ڕۆڵی گرنگی بینوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و توانیویەتی ببێتە پردێکی باش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، “ئێمەش وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی هەنگاو و کارەکانیانین”.