سیناریۆکانتان فرە قێزەونن، دەستبەرداری چەواشەکاری بن!
مەردان کوڵەجۆیی:
وەکو خۆم، لە زۆر ڕوەوە جیاوازی لە نێوان پارتی و یەکێتی دا نابینم، بەتایبەتی لەم حکومرانیە شکستخواردوەی ئێستای هەردولایان و، بێدوڵیش گومان لە سەرتاپای سیاسەتەکانی پەکەکە دەکەم، بەڵام سینارۆکەی ئەم دواییەی پارتی مایەی پێکەیننە و، لەوەش گاڵتەجاریتر ئەوەیە کە گوایە حکومەتی عێراقیش لەو “لێکۆڵینەوەیەدا” بەشداربوە کە “تاوانباران دانیان بەو تاوانەدا ناو.”
مەخسەرەکەش ئەوەیە، دەزگا سیخوڕییەکانی پارتی تۆمەتی سوتاندنی بازاڕ و دوکانی هەژاران، دەخەنە ئەستۆی یەکێتی هاوحکومڕانی دەیان ساڵەی خۆیان و، پەکەکەی بە ناو دوژمنی تورکان!
ئەمەنەبێ یەکێتی و پەناگرانی قەندیلش لەم جۆرە پیلانە هەڵبەستراوانە بێبەش بن، ئەوانیش خاوەن سینارۆهای جۆراوجۆری خۆیانن!
وەلێ ئەم پیلانەی کە پارتی لەم دەکاتەدا داڕشتوە سینارۆیەکی فرە قێزەونە و، لە کاتێکدایە کە سوپای توركیای داگیرکەر لە قوڵایی خاكی باشوری كوردستان دا بێ ڕێزی بەرامبەر بە شکۆی تاک بە تاکی کورد دەکات.
لەم چرکەساتەدا ئەوەی پارتی دەیکات، جگە لە هەمانگی و گونجانی لەگەڵ پیلانەکانی داگیركەراندا، خودی سەرکردایەتی ئەو حزبەش باوەڕی بەم سینارۆیە نیە!
گەل زۆر لەوە وشیارترە، بۆیە پێویستە دەستبەرداری ئەم چەواشەکاری و کردارە باوەڕپێنەکراوانە بن!