بادینان له به‌رده‌م سڕینه‌وه‌دا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج:
رێكخراوی cpt بونیادنه‌ری ئاشتی مه‌سیحی ئه‌مه‌ریكی ،به داتا‌و زانیاری ورد له سه‌ر له‌شكر كێشی و تاوانكاریه‌كانی توركیا سه‌راسیمه‌ی كردین ،ئه‌وان به ئێمه‌یان وت له بادینانتاوانی جه‌نگ و جینۆساید رووده‌دات و كه‌سیش نیه ده‌نگی به‌رزبكاته‌وه ، دنیاش وه‌ك رۆژگاری ئه‌نفال 1988 له خه‌وێكی قوڵدایه، له كاتێكا ئێستا میدیا‌و ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن له به‌رزترین ئاستایه‌و به 33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌راورد ناكرێت.
رێكخراوه‌كه راپۆرتێكی مه‌یدانیان كردوه‌وناونیشانێكی سه‌رنڕاكێش و سۆزدارانه‌یان بۆ داناوه ” ئایه جارێكی تر ژیانی ئاسایی بۆ گوند نشینانی سه‌ر سنور ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟” راپۆرته‌كه باسی په‌لاماری چنگی هه‌وره بروسكه‌ی توركیا ده‌كات له سێگۆشه‌و له سنوره‌كانی بادینان ، ئه‌و ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌ی توركیا بمانه‌وێت یان نا به هاوكاری ئه‌مه‌ریكاو كه‌نه‌داو به‌ریتانیاو به گشتی ناتۆ به‌ڕێوه ده‌چێت ، په‌لاماره‌كه ئه‌وه‌نده مه‌ترسیداره كه له‌وه ناچێت له نێوان هێزێكی گه‌ریلایی و ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاری گه‌وره‌دا بێت و پڕۆژه‌كه‌ش زۆر له ئۆپراسیۆنێك بۆ سه‌ر په‌كه‌كه زیاتره .
په‌لاماره‌كه له 23ی نیسان ده‌ستی پێكرد، ئه‌گه‌ر چی مێژووی په‌لاماری ده‌وڵه‌تی تورك بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ش له سه‌ره‌تای حوزه‌یران نووسراوه ،یانی به‌گشتی ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه چیرۆكی یه‌كمانگی شه‌ڕی توركیایه دژی خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان ، توركیا هه‌ر به داگیر كردنی باكوری كوردستانه‌وه نه‌وه‌ستاوه‌وله رۆژئاوا‌و باشوریش داگیركاری ده‌كات پیاوه ده‌ستبه ده‌ستنوێژو ده‌م به نزاكه‌ی عوسمانی تازه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌خمورو شه‌نگالیش ده‌كات.
له‌م هێرشانه‌دا سه‌دان باخی میوه‌و ره‌زو زه‌وی كشتوكاڵی زیانی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتوه هه‌زاران دۆنم زه‌وی وێران كراوه‌و كراوه‌ته مه‌یدانی جه‌نگ ، 1300 كوره‌ی هه‌نگ له ناو دراوه، 22گوند له ناو شه‌ڕه‌كه‌دایه‌و زیاتر له 1500 هاووڵاتی سڤیل ئاواره‌و بێڕێ و جێ كراون و له سه‌ر زه‌وی و زاری خۆیان هه‌ڵكه‌نراون ، هه‌رله‌و ماوه‌یه‌دا چوار هاوڵاتی مه‌ده‌نی بریندار كراون ، له 2015 تا ئێستا زیاتر له 120 هاوڵاتی مه‌ده‌نی بریندار‌و زیاتر له 100 هاوڵاتی بێچه‌ك شه‌هیدكراون ، كه له ناویاندا ژن و منداڵی ساواهه‌ن.
په‌لاماره‌كه هاوشێوه‌ی په‌لاماری 1988ی به‌عسه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له سه‌ر گوند نشینانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه ،ئه‌مه بێئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌و ناوچه‌یه و له سه‌ر ئاستی باڵاش نقه‌یان لێوه بێت ، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت داربڕینه‌وه‌كانیش هه‌ڵڵای له سه‌ر كرا ، چیرۆكی دار بڕینه‌وه‌كه بۆ چه‌ند ساڵ پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و تازه نیه، به‌ڵام ئێستا چڕتره، شێوازی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی توركیا‌و بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌و ناوچه‌یه به ئێمه ده‌ڵێت كه شێوه‌یه‌ك له رێكه‌وتن و پێكه‌وه كاركردن هه‌یه، تا ئێستا‌و له‌و ماوه‌یه‌دا توركیا چوار بنكه‌ی نوێی سه‌ربازی داناوه ، به‌م ژماره‌یه‌وه بنكه‌و باره‌گای سه‌ربازی توركیا له هه‌رێم بۆ 42 بنكه‌و باره‌گا به‌رزده‌بێته‌وه ، بێجگه له بنكه‌و باره‌گا هه‌واڵگریه‌كانی ناو بادینان.
له‌م ئۆپراسیۆنه‌ی ئه‌مجاره‌دا یه‌كه‌م گوندی په‌لامار دراو گوندی كێسته‌یه 34 خێزانی گونده‌كه له به‌رده‌م بۆردومانی به‌رده‌وامی توركیادا به ناچاری گونده‌كه‌یان چۆڵكردوه و چونه‌ته چه‌لكێ له‌وێش له گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاوای چه‌لكێدا رووبه‌ڕووی بۆردومان بوونه‌ته‌وه‌و ناچار له ته‌ك 23خێزانی ئه‌وێشدا هه‌ڵاتون، هه‌روه‌ها به فڕۆكه‌و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشككراوه‌ته سه‌ر هرورێ، تاكۆتای مانگی ئایار 720 هاوڵاتی گونده‌كانی” كێسته، چه‌لكێ، هرورێ، ئه‌ونێ، میسكه، سه‌ره‌ڕۆ ،دشیشێ” به هۆی بردومانه‌وه ده‌ربه‌ده‌ر بوونه، راپۆرته‌كه باسی چه‌ندین گوندی ناوچه‌یه‌كی فراوان ده‌كات ،راپۆرته‌كه باسی ناوچه‌یه‌كی فراوان ده‌كات له نێوان رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باكورو باشور كه توركیا ده‌یه‌وێت به یه‌كیانه‌وه گرێبدات.
به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌و به‌و جۆره‌ی كه ئێمه‌ش له چه‌ندین وتاردا باسمان كردووه ، په‌لاماره‌كانی توركیا له پرسی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان گه‌وره‌ترن و په‌كه‌كه ته‌نها بیانویه‌كه به ده‌ست توركیاوه ، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش له بری سه‌رزه‌نشتی توركیا به‌رده‌وام بیانوه‌كه‌ی توركیا لێده‌ده‌ن و په‌كه‌كه به هۆكاری كێشه‌كان ده‌زانن ، ئه‌وه‌ی جێی سه‌ر سوڕمانه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هیچ خه‌مێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان نیه‌و ته‌نانه‌ت بریندار‌و شه‌هیده‌كانیش به بریندار‌و شه‌هید ئه‌ژمار ناكرێن .
له‌م بار‌و دۆخه مه‌ترسیداره‌دا زۆر پێویستمان به هه‌ڵوێست و بڕیاری به گژا چوونه‌وه‌یه ، به تایبه‌ت ره‌وه‌ندی كورد له ئه‌وروپا زۆر گرنگه هه‌نگاوی گه‌وره بنه‌ن، ناكرێت له بادینان زه‌وی و ژینگه بكرێته قه‌ره‌بروت و باڵیۆزخانه‌و كونسڵگه‌ریه‌كانی توركیا له ئه‌وروپا نه‌كرێنه ئامانج ، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی دنیا بزانێ كه ئه‌نفالی بادینان له لایه‌ن توركیاوه به‌ڕێوه ده‌چێت و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به په‌رچه كرداری تونده.