زیندان لای شاعیرانی كورد

پ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سه‌ره‌تا :
ئه‌م نووسینه‌ كورته‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ ده‌ردی زیندانیان چه‌شتوه‌، یان خۆیان له‌ زیندانه‌وه‌ ئازاره‌كانی خۆیان و به‌رگری و بوێری خۆیان گێڕاوه‌ته‌وه‌ ، مێژوی كورد لیپه‌ له‌ گرتن و كوشتن و له‌ ناو دان به‌ ده‌ستی دوژمن و سته‌مكاران ، مێژویه‌كی خوێناوی و پڕ له‌ به‌رخودانه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین به‌شێك له‌ شاعیران و هۆنه‌رانی كوردهه‌میشه‌ رووبه‌ڕووی راونان و گرتن و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌ ، له‌م نووسینه‌دا نمونه‌ی یه‌ك دوو شاعیر له‌و باره‌یه‌وه‌ باس ده‌كه‌ین ، ده‌كرێت ئاینده‌ ورد تر له‌و باره‌یه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت .
له‌ كوردا شاعیران و نوسه‌رانی وه‌ك ” فه‌قێ‌ قادری هه‌مه‌وه‌ند ، قانع ، گۆران ، شه‌هید مه‌لا عه‌لی ، كاكه‌ی فه‌لاح ، شێخ مارفی شه‌هید ، شه‌هید جه‌بار جه‌باری ، ره‌فبق چالاك ، كامه‌ران موكری ، شه‌هید دڵشاد مه‌ریوانی ، شه‌هید شاكر فه‌تاح ، شه‌هید عوسمان عوزێری و حه‌مدی” و زۆری دیكه‌ ڕووبه‌ڕووی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌و سته‌م بوونه‌ته‌وه‌ .
له‌ ناو ئه‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا حه‌مدی وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر وه‌زیری بووه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌لیك مه‌حمودا، به‌ڵام رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌و زیندان بووه‌ ته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها شه‌هید عوسمان عوزێری له‌ لایه‌ن شۆڕشی ئه‌یلول و له‌ سه‌رده‌ستی بارزانی شوێن بزر كراوه‌ ، وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ له‌ هه‌كاریدا به‌رانبه‌ر زۆر كه‌س كرا .
ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ناو ئه‌و ناو هاتووانه‌دا ، به‌شبَكیان به‌ ده‌ستی به‌عس و ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مگه‌را سه‌رده‌سته‌كان شه‌هید كراون و له‌ ناو دراون ، له‌وانه‌ :
شێخ مارف به‌رزنجی كه‌ له‌ ساڵی 1963له‌ ته‌ك پۆلێك ئازادیخوازو به‌ ناهه‌ق گیراوا له‌ سه‌ر بابه‌تێك كه‌ ئه‌وان هیچ رۆڵی خه‌راپیان تیا نه‌بوو ، بگره‌ له‌ خه‌می چاره‌سه‌ردا بوون گیراو له‌ دار درا ، ئه‌و به‌شێكی زۆر له‌ شیعره‌كانی له‌ زیندان و گرتوخانه‌دا نووسیوه‌ .
هه‌روه‌ها جه‌بار جه‌باری ،كر فه‌تاح ، دڵشاد مه‌ریوانی ، مه‌لا عه‌لی سه‌رجه‌میان رژێمی به‌عس له‌ دای داون و هه‌ڵیواسیون ، له‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و نووسین و كوردایه‌تی و ده‌نگهه‌ڵبڕین و خه‌بات .
نمونه‌ی شیعری به‌شێك له‌و شاعیرانه‌ :
یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌ كه‌ زۆركات رووبه‌ڕووی سته‌م و گرتنی عوسمانی بووه‌ته‌وه‌و له‌ گرتوخانه‌كانی به‌غداو كه‌ركوك زیندانی كراوه‌ و زۆر شیعری له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌ ، فه‌قێ‌ قادری هه‌مه‌وه‌نده‌ ، ئه‌و له‌ شیعرێكا ده‌ڵێت :
به‌ دام و ته‌زویر به‌ حیله‌و به‌ فه‌ن
هاكه‌فتی نه‌دام توركی ئه‌هره‌مه‌ن
هه‌ركه‌س به‌ توركان بكه‌رۆ باوه‌ڕ
ئه‌حمه‌ق ئه‌و كه‌سه‌ جه‌من ئه‌حمه‌ق ته‌ر 1
له‌ شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت :
ها فه‌قێ‌ قه‌لبش قه‌ید زنجیره‌ن
جه‌ قه‌زای قانون توركان ئه‌سیره‌ن 2
قانیعی شاعیریش له‌ باسی زیندانا شیعرێكی زۆر به‌ ناو بانگی هه‌یه‌ :
ئه‌و ده‌ڵێت :
ئاخرین ماڵی ژیانم كونجی به‌ندیخانه‌یه‌
ئه‌و كه‌له‌پچه‌ مه‌رهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه‌
گه‌رچی دوژمن وا ئه‌زانێت من به‌ دیلی لاڵ ئه‌بم
باش بزانێ‌ كونجی زیندانم قوتابیخانه‌یه‌ 3
هه‌ر له‌و شیعره‌دا ده‌ڵێت :
بیری ئازادیم له‌ زیندانا فراوانتر ئه‌بێت
قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و دوژمنه‌ی هیوای به‌ به‌ندیخانه‌یه‌ 4
مه‌لا عه‌لی شاعیر كه‌ له‌ زیندانی موسڵ له‌ دار دراوه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی زۆر به‌ی شیعره‌كانی نێو تاقه‌ دیوانه‌ چاپكراوه‌كه‌ی له‌ زیندانا نووسیوه‌ ، له‌ شوێنێكا ده‌ڵێت :
مه‌رگی ئاوا ناگۆڕمه‌وه‌ به‌ سه‌د ژین
ژینێك سه‌رم بۆ دوژمن بێ‌ به‌ په‌رژین
سه‌ربه‌رزیه‌ كه‌ پێڵاوم ئه‌بینی
به‌سه‌ر سه‌ری دوژمنه‌وه‌ له‌ به‌رزین 5
شێخ مارف به‌رزنجیش شاعیرێكی تره‌ كه‌ به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی زاده‌ی به‌ندیخانه‌ی به‌ غدان ، هه‌ر له‌وێش هه‌ڵواسرا .
شێخ مارف ده‌ڵێت :
ئه‌م نه‌ورۆزه‌ش له‌ زیندانه‌
ژیان نیه‌ ئه‌مه‌ ژانه‌
ژانیش سه‌ره‌تای ژیانه‌ 6
ئه‌م شیعره‌ ی له‌ 21-3-1962 له‌ گرتوخانه‌ی به‌غدا نووسیوه‌ .
ئه‌م چه‌ند نمونه‌ كه‌مه‌ بۆ ئه‌م وتاره‌ كورته‌ لێره‌دا به‌سن ، به‌ڵام له‌ لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی فراوانتردا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ ده‌ق و چامه‌ی زۆرێك له‌ نوسه‌ران و شاعیرانی تر بدرێت .
سه‌رچاوه‌كان :
1- كۆمه‌ڵه‌ شیعری فه‌قێ‌ قادر لاپه‌ڕه‌ 130
2- هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ره‌ِ 108
3- دیوانی قانع
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌
5- دیوانی شه‌هید مه‌لا عه‌لی
6- سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی مارف به‌رزنجی شه‌هید