ئەگەری ڕوودانی دوو شۆڕش لە هەرێمی کوردستان هەیە

پ

ئاڵۆزییەکانى ڕەوشی سیاسی و ئابوورى هەرێمى کوردستان، زۆر کەسی نیگەران و بێزارکردووە، جگە لەحزبەکانى دەسەڵات، کە زۆر بەختەوەرن بەو ڕەوشەى ئێستاى هەرێم، بەجۆرێک شرۆڤەکارێک دڵنیایە کە ” دوو شۆڕشی شارستانی و چەکداریش” لە باشوورى کوردستان بەرپادەبن.

مەردان کولەجۆیی، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی کورد لەم چاوپێکەوتنە کورتەى (پێشەنگ پرێس) باس لەکۆمەڵێک پرس دەکات و، ڕایدەگەیەنێت کە ” ئەمانە لە ئابووری سەربەخۆ، گێڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ژێر دەسەلاتی هەرێم و، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە، هاتوون و هەموو دانوستانەکانیان لە چوارچێوەی پاڕانەوە بۆ بووجەدا بچووک کردوەتەوە”.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

پێشەنگ پرێس: خوێندنەوەی ئێوە بۆ ڕەشی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان چییە؟

مەردان کولەجۆیی: باشووری کوردستان ئەمڕۆ بە خراپترین بارودۆخدا گوزەر دەکات، نەک هەر تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئیداری، خزمەتگوزاری، سیاسی و سەربازیشەوە، هێزی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتێکی دەرەکییەوە تەمویلی دەکرێ و مەشقی پێبکرێ، کەواتا سەروەریی سەربازیی هەرێم لە کوێدایە؟!

پێشەنگ پرێس: لەماوەی ٢٩ ساڵی ڕابردوو، تاچەند حوکمڕانی کوردستان سەرکەوتوو بووەو توانیویەتی سیستەمێکی تەندروست بونیات بنێت؟

مەردان کولەجۆیی: لە ٢٩ ساڵی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی نەک هەرنەیانتوانیوە سیستەمێکی حکومڕانی تەندروست پێکبهێنن، بەڵکو سیستەمی ئیداری وڵاتشیان شێواندوە، لەحکومەتێکی یەکگرتوەوە کردوویانە بە دوومیرنیشین وهەر زۆنێکشیان سەر بە جەمسەرێکی نەیاری کورددە.

پێشەنگ پرێس: ئومێدی ئەوە هەیە هەرێم لەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و گەندەڵی پارتە دەسەڵاتدارەکان رزگار بکرێت؟

مەردان کولەجۆیی: مەگەر وەرچەرخانێکی مێژووی ڕووبدات، ئەگینا تاچەند ساڵێکی تر نە گەندەڵی بنبڕدەکرێت و، نە جووتە بنەماڵەکە بە ئاسانی دەستبەرداری دەسکەوت  و دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەبن، بەڵام ئومێد هەیە کە بەرەیەکی نەتەوەیی کوردستانی بێتە گۆڕەپانی سیاسییەوە و ئەو سیستەمی بەڕێوەبردنە ئیفلیجەی ئێستا هەیە سەر لە بەن هەڵبتەکێنێ!

پێشەنگ پرێس: لەو باوەڕەی شۆرشێکی سەرتاسەری لەکوردستان بەدی بێت، چ شۆڕشێکی چەکداری یاخود شۆڕشێکی سپی؟

مەردان کولەجۆیی: نەک لەو باوەڕەدام کە شۆڕش لە دژی ئەمانە بەرپاردەکرێت، بەڵکو لە هەر دوو شۆڕشی شارستانی و چەکداریش دڵنیام، چونکە ئەگەر لە ڕێگەی دیمۆکراسییەوە ملکەچی ئیرادەو داخوازیەکانی گەلی کوردستان نەبن و، لە کاتی خۆپیشاندانی جەماوەریی فرەوان، یان دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەکان، پەنا بۆ هێزو چەک ببن لە دژی جەماوەر، ئەوا هاوڵاتی ناچاردەبێ دەست بۆ چەک ببات و، بەوەیش شۆڕشی چەکداری بەرپادەبێت

پێشەنگ پرێس: لەچەند ساڵی رابردوو چەند هێزێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن دروست بوون، بەڵام خەڵکیان بێ ئومێد کرد لە ئەنجامدانی چاکسازی، باوەڕتان هەیە هێزێکی نوێ بتوانێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی دروست بکات؟

مەردان کولەجۆیی: ئەوەی چەندین ساڵە بە ناوی ئۆپۆزسێۆنەوە پەیدابووە، جگە لە گۆڕان، ئەویش لە سەرتادا، ئەوانیتر بەشێکیان دروستکراوی دەسەڵات و بەرپرسەکانن و، ئەوانتریش جگە لە دوکانێکی سیاسی، ناکرێ لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆندا هەژماربکرێن.

پێشەنگ پرێس: پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا چۆن دەخوێننەوە؟

مەردان کولەجۆیی: شتێک نەماوە بە ناوی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، ئەمانە لە ئابووری سەربەخۆ، گێڕانەوەی ناوچە داگیر کراوەکان و بۆ باوەشی هەرێم و، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە، گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە هەموو دانوستانەکانیان لە چوارچێوەی پاڕانەوە بۆ بووجەدا بچووک کردوەتەوە.

پێشەنگ پرێس: چارەسەری ئەم قەیرانی ئەمرۆی کوردستان چین؟

مەردان کولەجۆیی: چارەسەری ئەم دۆخەی کە پارتی و یەکێتی خوڵقاندویانە ئەوەیە: یەکەم؛ پارەکانینان بهێننەوە بۆ کوردستان و بیخەنە بازارەوە، پاشانیش؛ ئەو داهاتە زەبەلاحە ناوخۆییەی هەیانە مووچەی فەرمانبەرانی پێدابین بکەن کەچەندین ساڵە بەنیوەچڵى و دواکەوتوویی دابەشی دەکەن، دوایین خاڵیش، ئەگەر ئەوەیان پێناکرێ، ئەوا باشترین چارەسەرئەوەیە دەسەڵات ڕادەستی بەرەیەکی نیشتیمانی دەست پاک بکەن بۆ پێکهێنان حکومەتێکی کاتی، تاوەکو هەڵبژاردنێکى بێگەردو ڕاستەقینە ئەنجامبدات.

پێشەنگ پرێس: پێشبینیەکانی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چییە؟

مەردان کولەجۆیی: لە ئێستاوە، هەڵبژاردن بوونی لەهیچ لایەک نیە، بە دەیان گروپ و لایەن و کەسیاتی خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردوە، من پێم وایە چەند بەرەیەک دروست دەبێ و، کەمێکیش ئەستەمە پرۆسەکە چۆن بەرێوەدەچێت، چوونکە بەرەی سێبەریش دورست دەکرێت، لە کاتی خۆیدا قسەى زیاتری لە سەر ئەوە دەکەین.

پێشەنگ پرێس: تا چەند باوەڕتان بەوە هەیە بەغدا جددیە لەچارەسەر کردنی کێشە هەوڵواسراوەکان؟

مەردان کولەجۆیی: ئەوەی تا ئێستا بەغدا کردویەتی کات کوشتن و خولقاندنی گرفتی لاوەکی بووە بۆ ئەوەی کورد لە خاڵە سەرەکیەکان وگرفتە بنچینەیەکانی دووربخاتەوە (ماردەی 140 بۆ نموونە)، بەغدا هەر ڕۆژەوە کورد بە کێشەی نوێ وە سەرقاڵ دەکات، مەبەستەکەیش ڕوونە کە نەک هەر نایانەوێ چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵکو کێشەی نوێیش دەخولقێنن( سەرهەڵدانەوەی بەعەرەب کردنی ناوچەداگیرکراوەکانی کوردستان)

پێشەنگ پرێس: چۆن لە کوردستان و سیاسەت و کوردایەتی دوورکەوتویتوە؟

مەردان کولەجۆیی: هیچکات لە کوردستان و سیاسەت و کوردایەتی دانەبڕاوم، بەڵام لە حزبەکانی کوردستان دوورکەوتومەتە، هۆکارەکەشی زۆرە.

پێشەنگ پرێس: واتا چۆن کوردستانت بە جێهێڵاو، و دەستبەرداری سیاسەت بووی؟

مەردان کولەجۆیی: نە کوردستانم بەجێهێشتووەو، نەدەستبەرداری سیاسەت بووم، کوردستانم لە دڵ و مێشکی خۆمدا وڵات بە وڵات گێڕاوە و بەردەوام سیاسەتم لە پێناو گەلی کوردو سەربەخۆیی کوردستاندا کردوە، بەڵام؛ نادادپەروەری و ڕەوشتی دوورلە کوردایەتی بەشێک لەهاوڕێ و هاوخەباتە دێرینەکانی خۆمم بە جێهێشتوە، کە کورد بوونیان لای گەنجانی ئەمڕۆ کردوە بەشەرمەزاری، شۆڕشیان ئەتک کرد و، پیرۆزیی پێشمەرگەیان ڕیسواکرد.