تاوانێك ڕای گشتی هەژاند
دوێنێ چوارشەممە ، تاوانێك دەرهەق بە مێردمنداڵێکی ئەردەنی ١٦ ساڵان ، کاردانەوەی ڕای گشتی ئەردەنی بەدوای خۆیدا هێنا .
بەپێی هەواڵی پێگە و رۆژنامە ئەردەنییەکان ، دوێنێ چوارشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم ، پۆلیسی ئەردەنی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان ، بەفڕێدراوی لە ناوچەیەکی چۆڵی شاری زەرقای ئەردەنی دۆزرایەوە .
لەکاتی دۆزینەوەی ئەو مێردمنداڵە ئەردەنییە ، هەردوو دەستی بڕابووەوە و چاوەکانیشی ڕژێنرابوون .
لەدوای وەرگرتنی ووتەی مێردمنداڵەکە، دەرکەوتووە حەوت کەس وەکو تۆڵەی نزیکێکی ئەو مێردمنداڵە لەسەر تاوانێکی کوشتن کە پێشتر ڕوویداوە ، ئەو تاوانەیان بەرامبەر بە مێردمنداڵەکە ئەنجامداوە .
ئەو تاوانەی دەرهەق بەو مێردمنداڵە لە شاری زەرقا ئەنجامدرابوو ، تووڕەیی شەقامی ئەردەنی لێکەوتەوە و هەر زوو شا عەبدوڵای دووەم ، پادشای ئەردەن ، هاتەسەر هێڵ و دوای زوو دۆزینەوەی بکەرانی ئەو تاوانە دەکات و بەڵێنیش بە ڕای گشیی ئەردەنی دەدات ، کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەوەنە بە سزایی یاسایی خۆیان دەگەن .