پینچ حزب و رێکخراوی سیاسی باشووری کوردستان هێڕشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر، سەرکۆنەی دەکەن

پ

ڕاگەیاندراوەکە وەکو خۆی:

با هەرێمی کوردستان نەکرێ بە گۆڕەپانی ململانێی دیتران

دەمژمێر ١ی ئەمڕۆ ١٣-٣-٢٠٢٢ لە ڕێی چەند مووشەکێکەوە، هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، کرایە ئامانج، وێڕای ئەوەی کە زیانی بە هەندێک باڵاخانە گەیاندووە و خەڵکی کوردستانی دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کردۆتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە.

 لەم پێوەندەدا ئێمە وەکوو چەند لایەنێکی سیاسی کوردستان لەکاتێکدا زۆر بەتووندی ئەو هێڕش و پەلامارانە ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا دەکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆپاککردن و یەکلاییکردنەوەی کێشە و ململانێکانی خۆی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل، خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنێ، چوونکە ئەوەی ئاشکرایە کە ئیسرائیل لە نێو خاکی سوریەدا هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئێران و گورز لە بەرژەوەندییەکانی دەدا، بۆیە باشتروایە کە هەر لەوێ وەڵامی بداتەوە و ئاگرەکە بۆ نێو ماڵی کوردستانیان نەگوازێتەوە.

ئێمە داوا لە دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چیتر خاکی باشووری کوردستان نەکەن بە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان، هەر بەو هۆیەشەوە پشتیوانی لە مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، چوونکە دەستکەوتی ڕاپەڕین و خەباتی گەلی باشووری کوردستانە و دەبێ بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

حزبی ڕزگاریی کوردستان

پارتی ناوەندی کوردستان

بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان

کڵپەی نیشتمانی کوردستان

  ڕێکخراوی پێشەنگی گەلی کوردستان

١٣-٣-٢٠٢٢