ژنێک بە چاکەتەکەی شۆڕشێک بەرپادەکات !

پ

جەیمس باری  پزیشکە بەناوبانگەکەی  ئینگلتەرا، لە سەدەی 19 هەمدا توانی بۆ ماوەی 52 ساڵ خزمەتی شانشینی بەریتانیا بکات،  وەک پزیشکێکی سەرکەوتوو لە بواری نەشتەرگەری گشتی و مناڵبووندا.

52  ساڵ وەک ئەفسەرێک خزمەتی سەربازی کرد، شان بەشانی هاوڕێ نێرەکانی بەپلەی سەرپەرشتیاری گشتی لە سەرجەم نەخۆشخانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا خزمەتیکرد، بە چاکتێکی پێاوانەوە، وەکو پزیشکێکی پڕ قیافەت و ڕێکوپێک دەردەکەوت، تا ڕۆژی مردنی و لەکاتی شوردن و بەخاک سپاردنیدا و، لەساڵی 1865 ـدا ئاشکرا بوو کەجەیمس تەنها ناوێکەوە لە پشت ئەو ناوەشەوە ئافرەتێکی پڕ لە ئەفسانە بوونی هەیە بەناوی مارگرێت ئان بارکڵی،  ویستی دوای کۆچکردنی بەڕەگەزی بەرامبەر بڵێت من توانیومە جەیمس بم و لەهەمان کاتدا دەشتوانم خانمێکی نەرمو نیان بم.

لەو سەردەمەی بەریتانیا دوورلە  شارستانیەت مارگرێت ئاوا داکۆکی لە مافی خۆی کرد، وەختیک لە ئینگلتەرادا عەیبە بوو کچ  بخوێنی ئەو بەم جۆرە قۆناغەکانی پزیشکی بەسەرکەوتووی بری و توانی پلەی دبلۆمی باڵا بەدەستبهێنێت نەک هەر ئەوەش بەڵکو، یەکەم پزیشک دەبێت کە بە سەرکەوتوانە نەشتەرگەری قەیسەری دەکات لە شانشینەکەدا، بەم جۆرەش توانی پەنجاو دوو ساڵ خزمەت بکات  بە پۆشاکی پیاوانەوە.

ژنانی ئێمەش هێشتا لە ململانێی یەکدیدان و دژایەتی یەکتر دەکەن، وەک چۆن زانایەک دەڵێت لە پشتی شکستی هەر خانمێکەوە بگەڕێیت خانمێکی تر هەیە، تا ئێستاش  ژنی کورد لە ناو خیزانی خۆیدا شەرە دەندوکی مریشک دەکات، دایک و کچ  بوک و خەسو وەک  ئەوەی نەک هەمان ڕەگەزو خەمخۆری یەکبن، بگرە لە ناشرینترکردنی یەکدی دەرنەچوون لە کۆمەڵگەی کوردی و، بازنەی ڕق و کینەی مێنەبووندا.

دوو ژنی هاوڕێ هاوکاری کار لەدەروەی ماڵ و، لە چوارچێوەی دیوارەکانیشدا بەردەوام  لەجەنگ و چاڵ هەڵکەندندان بۆ یەکتر، بەجۆریک کراونەتە ئەڵتەرناتیڤێکی سەقەت زەواج بەسەر یەکدیدا دەکەن، خۆ فرەژنی بەس پیاو نایکات بەڵکو ژنی تۆلەسێنیش لە ژن دەیکات، مەگەر هەر ئافرەت نییە و ڕازی دبێت بە وێرانکردنی ماڵی خانمێکی دی بەهەر جۆرێک بێت.

لەگەڵ ڕێزی زۆرم  بۆ خانمانی وڵاتەکەم وەک نەتەوە، چونکە هەموو وەک یەک نین تا هەمویان بەیەکدی بچوێنین بەڵام، من لەم هەرێمەدا ژن هەر لە پاشکۆیدا دەبینم چ لە ماڵ چ لە جێگەی کارکردنی تەنانەت خاوەن کورسی و پیگەکانیش لەسەروی خۆیانەوە پیاویک هەیە فەرمان رەواییان دەکات وەک ئەوەی مێ کەم ئەندامبێت.

لە بەرامبەریشدا دەپرسم ؟

کام ژن توانی پاڵ پشت بە خانمانی دی  تا ئەوسەر داکۆکی کاری مافی خۆی بێت بجەنگێت لە پیناو مافی ژیان و بوونیدا وەک تاکێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا و کوردوستاندا بە تایبەتی مەگەر مێبوون تاوانە ئەی مێ ئەی نێر  تۆ کەمو من زۆر من کەمو تۆ زۆرتر !

لەم سەردەمی ناشارستانیەتەی هەریمدا کە ئیستاش مانگ نیە ژن نەکوژریت نەسوتینریت خۆی نەسوتێنیت

ئادەی لەگەل ئیوەشمە ژنانی داکۆکی کاری مافی مرۆڤ و ژن دۆستان ئادەی لەگەل خۆتاندا کام ژنتان بەکەناری ئارامی گەیاند بۆ وەرگرتنەوەی مافی ڕاوای ژیانکرد بێ تانە و تەشەری خۆتان لە وردو درشتی مێینەیەکدا ببن بە خەمخۆر و دەستی یارمەتی بە دروستی بۆ بێنن، مەگەر مێ بوون “عەیبە” لە دوو کەوانەدا.

بەچ ئایدلۆژیایەک  ژنتان وا  تێگەیاندووە بۆ ئەوەی ڕێزی هەبێت دەبیت شۆرشێک بەرپابکات بۆ ئەوەی ڕێزی بۆ دانرێت لە نێو کۆمەڵگە و خێزان و کار و  ماڵیشدا و هتد……

یان ژنتان هێندەی کە کرد بە کۆیلەو کاڵای بەردەستی پیاو .

بەبۆچونی من لێرە لەم وڵاتەدا  ژن وا دەبینم  کراوە بە  ئاوینەیەکی پارچە پارچەکراو، تا ئیستاش نەخۆی بۆ ساغ دەکرێتەوە نەدەشتوانێت خۆی بگۆڕێت، هاوکات دەستی ئەو کەسەش بریندار دەکات کە  بیەوێت کۆی بکاتەوە و فێری هاوڕیزی و دەستەخوشکی بیرئازادی بکات.

زۆرمان دەوێت تا لەسەر ژنی شەرقی بدوێین بەلام، تا لە کۆمەڵگەیەکدابین ڕازی بە حوکمی چاو هەموو هەڵەکانی مێینەش تەنها لەنێوچەوانییەوە لێی بڕوانێت ئەوا تا دێت نەمێینەمان بە خانم  دەبێت و نە نێرینەشمان پیاو ؟

چونکە کڕۆک لە ناو و ڕوکەشدا نییە بەڵکو باریش ویستی بڵێت ئەی نێر خۆ منیش دەتوانم ببم بە ئەژدیها و بونەوەرێکی دی بەڵام هاتو، بەویستی کۆمەڵگەی کرد و تێی گەیاندن کە لە پشتی چاکەتێکەوە ڕوحێک مرۆڤێک دەژیت ئەی مێ ئەی نێر ئەی “کۆمەڵ-گا” لە دوو کەوانەدا منیش خۆبوونم ئەوێت.

لە کۆتایشدا دەڵێم  هەر مێینەیەک گەر دەیەوێت  داکۆکی لە مافی خۆی بکات بۆ ڕازیکردنی “کۆمەڵ-گا” دەبێت نەک چاکەتێکی باری بەڵکو، چەند چاکەت و ماسکێکی ڕەنگاو ڕەنگ بپۆشیت بۆ ئەوەی مافی ژیان و مافی مێینەبوونی خۆت بەردەست بخەیت لەم جەنگەڵستەی نێرمێبوونەدا، نوقتە سەری دێڕ .