فەیسبووک ناچار دەکرێت پێداچوونەوە لەخۆی بکات
بەپێی راپۆرتێکى ماڵپەرى بلوومبێرگی ئابوورى ویلایەتە یەکگرتووەکان ” سەرۆکى کۆمپانیاى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، بەهۆى کشانەوەى زۆربەى ریکلامەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ٧,٢ ملیار دۆلار زیانى پێگەیشتووە”.
هاوکات لەدوایین مامەڵەى بازرگانى پشکەکانى ئەو کۆمپانیایە لەبازاڕەکانى بۆڕسەدا سەدا ٨,٣ ـى بەهاکەى لەدەستداوەو، بەگەورەترین دابەزینى پشکى فەیسبووک دادەنرێت لەماوەى سێ مانگی رابردوو.
پاشەکشێ کردنى بەهای پشکەکانى فەیسبووک بەهۆى ڕاگەینراوێکى کۆمپانیاى (یونیلیڤەر) کەبەیەکێک لەگەورەترین ریکلام بەخش لەجیهان دادەنرێت، لەپاڵ چەندین کۆمپانیاى بازرگانى دیکەی هاوبەشیان بایکۆتى ئەنجامدانى ریکلامیان لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە راگەیاند.
ئەو راگەینراوەش بووە هۆى دابەزینى نرخى پشکەکان و، پاشەکشێ کردنى بەئاستى ٥٦ ملیار دۆلار لەبەهاى بازاڕى فەیسبوک، لەپاڵ ئەوەش سامانى مارک زۆکربێرگ، سەرۆکى جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایەش بۆ ٨٢,٣ ملیار دۆلار دابەزین.
چەندین کۆمپانیا وەک فیرایزۆن، کۆکاکۆلا وهیرشی وچەندانی دیکە، بڕیاری راگرتنى ریکلامیان لەفەیسبووک و، سەرجەم ئەپە هاوبەشەکانى دەرکرد، وەک ئینستگرام، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە بوو ” ئەو پێگە هەواڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ لابردنى نامەو بڵاوکراوە ڕەگەزپەستیەکان و، زانیارییە هەڵەکان”.
دوابەدواى ئەو پرۆسەیەش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ئەنجامدرا، زۆکربێرگ بڕیاریداوە هیما لەسەر ئەو ناوەرۆکە هەواڵییانە دانێت، کەسیاسەتى کۆمپانیاکە پێشێڵ دەکەن، بەتایبەت ئەو بڵاوکراوەو ریکلامانەى پەیوەندییان بەپرۆسەى دەنگدانەوە هەیەو، بەکاربەریش بەئاراستەى زانیارییە دروستکراوەکان دەبات.
ئەو هەنگاوەى فەیسبوک هاوشێوەى هەنگاوەکانى تۆڕى کۆمەڵایەتی تویتەرە، کەچەندین جار تویتەکانى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى نیشانە کردووەو، بەکاربەرانى ئاگادار کردۆتەوە لەناوەرۆکى زانیارییەکانى.
هاوکات سەرۆکى فەیسبووک روونیشیکردەوە کە ” کۆمپانیاکەى سەرجەم ئەو ریکلامانەش قەدەغە دەکات، کەبەکاربەرانى لەسەر بنەماى گرووپی ڕەگەزپەرستى یاخود ئایینى یاخود ئاراستەى جێندەری ئەنجامدەدەن و، هەڕەشەش بۆ سەلامەتى جەستەیی یاخود تەندروستى دروست دەکەن”.