پوزه‌وانه‌و كیسه‌ توتنه‌كه‌

پ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج:
عه‌شق كه‌ هه‌قیقی بێت
دكتۆر عوسمان قادری هونه‌رمه‌ند كه‌ دكتۆراكه‌شی له‌ سه‌ر پرسی جینۆسایدی كورده‌ ، بۆ چیرۆكه‌كانی تێزی دكتۆراكه‌ی هه‌ر جار كه‌ ده‌هاته‌ چه‌مچه‌ماڵ پێكه‌وه‌ ده‌چووینه‌ شۆڕش بۆ دیداری ئازار زه‌ده‌كان ، له‌وێ‌ به‌شی زۆری ئه‌وان به‌ هۆی ناسیاری پێشواده‌ی منه‌وه‌ ئاماده‌ی دیدار بوون ، ده‌نا له‌ دیدارو گێڕانه‌وه‌و رشتنی فرمێسك به‌ ته‌واوه‌تی بێزار بووبوون ، راستیه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ بووئه‌وان هه‌موو ساڵێك چیرۆكه‌كانیان پێدوو باره‌ ده‌كردنه‌وه‌و ئازاره‌كه‌ش به‌رده‌وام بوو ، بۆیه‌ هه‌ندێكیان ئیدی حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه‌یان نه‌بوو، له‌ یه‌كێك له‌و سه‌ردانانه‌دا له‌ قادركه‌ره‌میه‌كان چوینه‌ ماڵی ئه‌نفالزه‌ده‌یه‌ك ، خاتونێكی به‌ڕومه‌ت و رووسوری كورد ،ژنێك كه‌ چاوه‌ڕوانی و خه‌می رۆژگار ئێسك و پروسكی هاڕی بوو ، وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ وتی ئیتر قسه‌ی چی بكه‌ین ، له‌ قسه‌ بێزار بووین ، من باسی پێویستی گێڕانه‌وه‌و به‌رده‌وامی نیشاندانی ئازاره‌كه‌م كرد ، ئه‌و وێڕای قسه‌و باسی ئه‌و رۆژه‌ ره‌شانه‌و نیشاندانی هاوسه‌ره‌ له‌به‌ردڵانه‌كه‌ی كه‌ پێناچوو له‌به‌رچاوی ون بێت مه‌گه‌ر به‌ مه‌رگ ، كیسه‌یه‌كی هێنا بۆ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات ، كیسه‌یه‌ك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان پێچرابووه‌وه‌ و له‌ ناویدا كیسه‌ی توتن و سیغارو هه‌روه‌ها چوتێك پوزه‌وانه‌ هه‌بوو .
كیسه‌ توتن و سیغاره‌كه‌ هه‌رگیز له‌وه‌ نه‌ده‌چوو زیاتر له‌ بیست و پێنج ساڵ بێت هه‌ڵگیرابێت ، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو چه‌ند ساتێك بێت هه‌ڵگیرا بێت ، پوزه‌وانه‌كانیش زۆر پاك و ته‌میز بوون ، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر رێك قه‌د كرابوون و هه‌ڵگیرابوون ، خاتون باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردین چۆن ناو به‌ ناو ده‌ریانده‌كات و بۆنیان پێوه‌ ده‌كات و به‌ جوانی هه‌ڵیانده‌گرێته‌وه‌ ، ئه‌و له‌ باس و خواسی هاوسه‌ره‌كه‌یدا ، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێ‌ بێت لێك دوور بن ، لێ‌ ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌ی پێ‌ هه‌زار ساڵ بوو ، ده‌رباره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ عیشقێكی قوڵه‌وه‌ ده‌دوا ، باسی خۆ گۆڕین و پشتوێن به‌ستن و قیت و قۆزی ئه‌وی بۆ ده‌كردین ، وتی خۆم ئه‌م پوزه‌وانه‌قشتانه‌م بۆ چنیووه‌ ، له‌ گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه‌ گڵه‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت له‌دنیایه‌كه‌ی دیكه‌ ” به‌هه‌شت ” به‌یه‌كتر ده‌گه‌ینه‌وه‌و پوزه‌وانه‌كانی ده‌ده‌مێ‌ .
خاتونی ئه‌نفالزه‌ده‌ به‌ ئه‌وكی پڕ گریانه‌وه‌ باسی رۆژه‌ خۆشه‌كانی به‌ رله‌ ئه‌نفالی بۆ ده‌كردین ، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد راسته‌ به‌عس هه‌بوو ، شه‌ڕ هه‌بوو ، بۆردومان هه‌بوو ، به‌ڵام ژیانیش هه‌بوو ، خێزان هه‌بوو ، دانیشتن و گفت و گۆو ئومێدو ئه‌له‌نگاری و به‌ گژاچوونه‌وه‌ی خه‌م و نادادی هه‌بوو ، باسی ژیانی خۆی له‌ دوو سه‌رده‌می جیاوازدا بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌ ، سه‌رده‌می به‌رله‌ هاتنی به‌عس و تێكدانی جوانیه‌كان و سه‌رده‌می دوای روخانی گوند و هێنانه‌ ئۆردوگاو بردنی هاوسه‌ره‌ئازیزه‌كه‌ی ، له‌ لایه‌ك مه‌ینه‌تی ده‌گێڕایه‌وه‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ره‌نگاری و نه‌كه‌وتن ، به‌ هه‌ڵگرتنی كیسه‌ی توتن و پوزه‌وانه‌كان به‌و جۆره‌ من هه‌ستم به‌ عیشقێكی مه‌زن كرد ،عیشقێك كه‌ هه‌رگیز سته‌مكاری ناتوانێ‌ ریشه‌كانی له‌ بن بێنێت ، ئه‌و وتی زوو زوو كیسه‌ توتن و پوزه‌وانه‌كان بۆنخۆش ده‌كه‌م ، تا هه‌میشه‌ كه‌ بۆنیان پێوه‌ بكه‌م بۆنی خۆشیان لێبێت ، بۆنی ئه‌و ، مه‌به‌ستی بۆنی هاوسه‌ره‌ كه‌ی بوو ، ئێمه‌ من و دكتۆر عوسمان دوای جێهێشتنی ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌و خاتونه‌و ئه‌و عیشقه‌وه‌ قسه‌مان ده‌كرد ، ده‌مانپرسی داخوا به‌عس چه‌ند هازار هێلانه‌ی عاشقانه‌ی وه‌ك هێلانه‌ی عاشقانه‌ی ئه‌م دووانه‌ی شێواندبێت .