بەبیانووى “تیرۆر”، ئەنکەرا پەردەپۆشتى کوشتنى مناڵان دەکات

پ

بەتومەتى ئەندامبوون لەرێکخراوێکى تیرۆریستى، داواکارى گشتى تورکیا، ئامادە نیە بەدواداچوون بۆ کەیسى کوشتنى کچە هەرزەکارێکى شاری شەرناخ بکات.

رۆژنامەى (ئیڤرنسل) لەراپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوەداوە ” نووسینگەى سەرۆکى داواکاری گشتى لەناوچەى شەرناخ، رەتیکردەوە بەدواداچوون بۆ کەیسى کوشتنى فاتمە ئەرساڵان، بکات کە رۆژى ٦ ئاداری ٢٠١٦ دواى چەند هەفتەیەک لەوونبوونى بەکوژراوی دۆزرایەوە”.

بڕیارى ئەو دەزگایەش گوایە کچە تەمەن ١٣ ساڵییەکە بەشداریی لەچالاکی چەکداری پارتى کرێکارانى کوردستانى قەدەغەکراو کردووە، کە لەلایەن حکومەتى ئەنکەراوە وەک رێکخراوێکى “تیرۆریستى” هەژمار دەکرێت.

ئەرساڵان، لەناوچەى ئیدیلی شەرناخ پاش راگەیاندنى قەدەغەکردنى هاتووچۆ لە ١٦ شوباتى ٢٠١٦ ووندەبێت، دواى چەند هەفتەیەک لەهەلگرتنى قەدەغەکردنى هاتووچۆ لەناوچەکە تەرمەکەى دەدۆزرێتەوە.

بەپێی پزیشکى دادوەرى تەرمى ئەو کچە هەرزەکارە، دەرکەوتووە “بەفیشەک کوژراوەو، چەند شوێنێکى جەستەشى بەهۆى تەقینەوە بریندار بووە”، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەى جۆری چەکەکە نەخراوەتەروو.

داواکارى گشتى تورکیاش بیانووى ئەوەى ئەو قوربانیە هەڵبەستووە گوایە ” لەگەڵ پۆلیس پێکدادانى کردووە”، کەچى تەرمى ئەرساڵان لەکێڵگەیەکى کراوە لەگەڵ نۆ تەرمی دیکە دۆزراوەتەوەو، قسەکانى پۆلیسیش درەخستووە کەهیچ نیشانەیەکى پێکدادان لەو پرۆسەیە رووینەداوە، ئەمەش بیانووەکانى داواکاری گشتى شەرناخ بەدرۆ خستۆتەوە.

مەحمەد باوکی فاتیمە بەئاژانسى میزۆپۆتامیای راگەیاندووە ” چۆن دەکرێت کچەکەى من تیرۆریست بێت؟، کچەکەم هێشتا ١٣ ساڵى تەواو نەکردبوو تیرۆر کرا، تەرمەکەى لەساردکەرەوەى ویلایەتى ماردین دۆزرایەوە، لەو کاتە ئێمە ئومێدمان وابوو بەزیندوویی دەیدۆزینەوە”.

لەلایەن خۆیانەوە لەبارەى ئەو کەیسەش، ژمارەیەک پارێزەرو چالاکوانى مافى مرۆڤ ڕەخنەى تووندیان لەحکومەتى تورکیا گرتووە.

ئادەم ئارکەداش تیبرت، ئەندامى ئەنجومەنى جێبەجێکاری تۆڕى نێودەوڵەتى مافى مناڵان گووتى ” یاساى پەیوەست بەجەنگ دژى تیرۆر، نابێت لەکەیسى کوشتنى مناڵان تێوەبگڵێنرێت”.

هاوکات ناوەندی مافى مناڵان لەئامەد باسى لەوە کرد ” ئێمە پاڵپشتى هیچ تومەتبارێکى کوشتنى منداڵان بەهەر بیانوویەک بێت ناکەین لەسزادان رزگاریان بێت، پێویستە تومەتبارانى کوشتنى فاتمە بدۆزرێنەوەو، دەستبەجێ سزا بدرێن”.

زۆربەى بنەماڵەى قوربانیانى جەنگی شەرناخ، لەژێر فشارێکى زۆردان بۆ ئەوەى تەرمى کەسەکانیان پشتگوێ بخەن و، بەو شێوەیەی کەهیچ شتێک رووینەدابێت.

لەساڵانى ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بەهۆى پێکدادان و شەڕی نێوان گەرێلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان و، هێزە ئەمنییەکانى تورکیا ، حکومەتى ئەنکەرا، بڕیارى قەدەغەکردنى لەزۆربەى شارە کوردییەکانى وڵاتەکەى دەرکردو، بەسەدان کەسیش لەشەڕو هێرشەکانى ئەنکەران لەو شارانە بوونە قوربانی و کوژران.