زانیاری زیاتر لەبارەی کوشتنی رەفیق حەریری ئاشکرابوو

پ

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ووردەکاری کوشتنی رەفیق حەریری ، سەرۆکی پێشووتری لوبنان لەلایەن سەلیم عەیاش دەخاتە ڕوو

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کرد ، کە سەلیم عەیاشی تۆمەتبارکراو و ئەندامی ڕێکخراوی حیزبوڵای لوبنانی ، یەکێک بووە لە ئەندامانی یەکەی ١٢١ی تایبەت بە تیرۆرکردن هەروەها رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات کە زانیارییەکان لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی دەزگا ئەمنییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراستەوە لەو بارەیەوە وەرگیراوە .
هەر لە چوارچێوەی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا هاتووە ، کە سەلیم عەیاش  چوار کردەوەی بە فەرمانی میلیشیاکانی حیزبوڵا ئەنجام داوە و هەر لەمبارەیەوە بەرپرسێکی ئاسایشی پێشووتری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، کە هاوکاربوو لە کۆکردنەوەی زانیاری وورد لە دوای کوشتنی رەفیق حەریری دەڵێت ، گومانی تێدا نییە کە حیزبوڵای لوبنانی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ئەنجامداوە .

هەروەها رۆژنامەکە ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە سەلیم عەیاش ، چوار کەسی تیرۆرکردووە کە ئەوانیش بریتیین لە ویسام عیدی ، ئەفسەر لە ئاسایشی ناوخۆ و زانیاری کە لێکۆلینەوەی لە کوشتنی حەریری دەکرد
ویسام حەسەن ، بەڕێوەبەری هۆبەی زانیاری لە ئاسایشی گشتی ناوخۆی لوبنانی و بەرپرسی ئاسایشی رەفیق حەریری و فرانسۆ حاج ، لیوا لە سوپای لوبنانی و محمد شەتح ، پسپۆری ئابووری و وەزیری پێشووتر لە حکومەتی لوبنانی

زانیارییەکان دوای هەفتەیەك لە ئاشکرابوونی تۆمەتی تیرۆکردنی رەفیق حەریری لەلایەن سەلیم عەیاشەوە بوو کاتێك دادگای نێو دەوڵەتی لە لوبنان بڕیاری تۆمەتبارکردنی عەیاشی دا و رایگەیاند ، کە تیرۆرکردنی حەریری ، ئامانجەکەی تێکدانی ئاسایشی لوبنان بووە.
سەلیم عەیاشی ٥٦ ساڵ ، ئەندامی حیزبوڵای لوبنانییە و تۆمەتبارە بە پێنج تاوانی دیکە و یەکێك لەوانەش کوشتنی ، رەفیق حەریری بووە و دادگای نێودەوڵەتی لە لوبنان رایگەیاند ، گومانەکان ساغ بوونەوە کە ناوبراو لە تیرۆرکردنی حەریری پیلانی هەبووە

هەفتەی ڕابردوو ، دادگای نێودەوڵەتی لە لوبنان ، کەیسی تیرۆرکردنی حەریری بە ئامادەنەبوونی ( غیاب )ی چوار ئەندامەکەی حیزبوڵای یەکلایی کردەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو ، کە ئەو دادگایی کردنە ١٥ ساڵی خایاند و بڕی یەك ملیار دۆلار تێچووی دادگاییەکە بووە لەو ١٥ ساڵەدا .