لە یادمە، لەڕۆژێکی ڕەشی وەکو ئەمڕۆدا بە ووشەی ڕەشی ئەنفال ئاشناکرام

مەردان کوڵەجۆیی:
لە یادمە، ٣٣ ساڵ پێش ئەمڕۆ، بۆ یەکەم جارلە سەر “زێ” لە نێوان تەق تەق و قسرێ، گوێبیستی وەشەی ڕەشی”ئەنفال” بووم و، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ژەهراو وفرمێسکی ڕەش لە دڵ و چاوی من خوڕخوڕ دەچۆڕێ!
لە یادمە، لەو شەڕەی کە بە “شەڕی پاراستنی سەرکردایەتی” ناسرابوو هێزی پێشمەرگە شکستی هێنا، ئەوەیش لە پاش تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بوو، ڕژێمی بەعسی عەرەبی شۆڤێنی سەرکەوتنی “ئەنفالی ١”ی بەسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا ڕاگەیاند!
لەیادمە، کە لەدوای پاشەکشێی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی سەرگەڵو-بەرگەڵو، کە ئەو سەردەمە تێکڕای بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتی لەو دەڤەرە بوو، لە سنوری سەردەشتەوە پێشمەرگەی هەرسێ مەڵبەندەکە بە ماتەمیەوە ڕەتڵی ڕەشبینی بەستبوو، وەلێ بە ئومێدی “پاراستی سنورەکانی خۆیان” هانگاوی بەپەلەیان هەڵدەنیا!
لە یادمە، دوای چەندین شەو ورۆژ ڕێگابڕین بە مەبەستی گەیشتنەوە بۆ،سنوری مەڵبەندنی ٢، کە بارەگاکانی لە بەلەکەجاڕ و دەڤەری قەرداخ بوو، لە دەشتی کۆیە- تەق تەق وە گەیشتینەی گوندی قەسرێ لە سەر ڕوباری زێ. لەو ڕۆژانەدا بارانزێکی زۆر دەباری ولافاوێکی .زۆر هەستابوو
لە یادمە، بەهۆی زۆری ئاوەکەوەە، ئەو شەوە خاوەن کەڵەکەکان نەیانتوانی پێشمەرگە لە زێ دەرباز بکەن، وەلێ بۆ ڕۆژی داویی کە لەوەدابووین لە زێ بپەڕینەوە، لە ناکادا ڕادیۆی حکومەتی بەعس تەپڵی سەرکەوتی “ئەنفال ی دوو” و گرتنی مەڵبەندنی دووی لێدا!
لە یادمە، ئەو سەردەمە کادیری ناوچەی ڕێکخستنی تیپی” ٥٩ی حەمرین” بووم، عەلی ئەکبەر لێپرسراوی ناوچەبوو، رەفعەت عبداللە فەرماندەی کەرت و، مامۆستا بێستون کاکەیی کادیری ڕێکخستنی تیپ بوو. ئەو ڕۆژە لەگەڵ ئەو برادەرانەدا بەرەوە دیوی گەرمیان-قەرەداخ بەڕێکەوتبووین، کە لە ڕادیۆکەوە گوێمان لە ووشەی”ئەنفال” بوو، لە یەکمان پرسی “ئایا ئەنفال واتا سەرکەوت”!؟ مامۆستا بێستون ووتی نەخێر، ووشەی ئەنفال لە قورئان دا هاتووەو مەبەست لە ئەنفال واتا دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی!
لە یادمە، پاش گوێبیست بوونی ووشەی “ئەنفالی ٢،” رەفعت ووتی “با پێشمەرگە تەوزیع بێت و پشوویەك بدەین”! گەرچی لە شەڕی “ئەنفالی یەکدا” بریندار بووم و هێشتا ئازارم هەبوو، بەڵام بە دڵێکی گەرمەوە ووتم “کاك رەفعەت، مەڵبەندن وگەرمیان هێڕشیان لە سەرە پشووی چی، با بگەینەوە ناوچەکانی خۆمان”! لەوڵامدا ووتی” کوڵەجۆیی شەڕی زۆرمان لە پێشە، با پشوویەك بدەین”!
لە یادمە، (سی وسێ ساڵ) پێش ئەمڕۆ لە سەر ئاوی “زێ” بە وشەی ڕەشی ئەنفال ئاشنایان کردم، بەڵام هەتا لە ژیاندا ماوم ئەگەر ئاو لە ڕوباری زێ ببڕێ، زوخاووی ڕەش ئەنفال لە دڵ و چاوی من و هەزارانی دیکەدا هەر نابڕێ و، نابڕێ!
تێبینی: ئەم بابەتە لە ڕەشنووی کتێبی بیرەوەیەکانم وەرگیراوە