ساڵی نوێ و شۆڕشی میدیایی!

پ
دڵشاد ئەنوەر:
پێش ئەوەی بابەتەکە بنوسم، دەزانم نیگەرانی دروست دەبێت، دەزانم دەدەم لە بەرژەوەندی زۆر لاو دەشزانم هیچ سایتێک جورئەت ناکات ئەم بابەتە ببات، بەڵام قسە دەکەم و ئامادەشم باجەکەی بدەم.
تێدەگەم لێدان لە بەرژەوەندی بازرگانانی میدیا بێ باج نییە، تێ دەگەم قسەکانم نیگەرانی لای ئەو کەسانە دروست دەکات کە بانگەشەی سەربەخۆیی و شەفافیەت دەکەن، بەڵام قسە هاتە سەر بەرژەوەندییان تێکدەچن، وەلێ راستی دەڵێم، چی دەبێت با ببێ..
سەرەتاو چیرۆکێک!
لەمڕۆژانەدا، گەنجێکی ماندووی ریش ماش و برنجی، خۆی کردووەتە نێو سەنتەرێکی میدیایی سلێمانیدا، کاتێک بەرپرسی سەنتەرەکەی بینیووە، چی زووخاو لە ناخیدا بووە هەڵیڕشتووە، بە ئومێدی چارەسەکردن.
وتوویەتی؛ هاوسەرم رۆژنامەنوسە، کامیرای چاودێری لە گوارەی گوێی بەستوە، دەوڵەمەندەکان ڕووت دەکاتەوەو پارەیان لێ دەسێنێت. عینوانی هاوسەری بە دروستی داوە.
وتوشیەتی،” من لە ژیانی دەردەچم، بەڵام بۆ ئێوە عەیبە بەناوی رۆژنامەنوسییەوەوا بکرێ، ئەوە ڤیدۆکانەو بۆ سەلماندنی قسەکانم فەرموون..”
سەنتەرەکە لە ترسی کێشە ڤیدۆکانیان وەرنەگرتووەو وتویانە ئیشی حکومەتە تەحقیق بکات.
درێژەی بابەت!
ئەو ئافرەتە لە ژێر عنوانی رۆژنامەگەریدا، خەڵکی ڕووت کردووەتەوەو خەڵکی ئیستیغلال کردووە، بەڵام ئیشی هەندێک میدیاو مامەڵەی هەندێک میدیاکار هیچ جیاوازی نییە لە کاری ئەو ژنە بەناو رۆژنامەنوسە.
میدیاو میدیاکار، کاتێک خاوەنەکەی دەڵێت؛ پارە بدەو جلەکەت چۆن دەیەوێ وا بۆت دەدورم. یاخود کاتێک میدیاو میدیاکار ناوی وەکو تەلەفۆنی سەرجادە بڵاو دەبێتەوە، پارەی تێ بکەو گۆرانیت بۆ دەڵێ، ئیتر چی جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو ژنە هەیە؟!
ئێستا دۆخێک بڵاوە و دەوترێ، فڵان میدیا کاسبی دەکات، سومعەی کاری میدیایی شێواندووە، لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستە ئەزعەفولئیمانە، دەبێت پیسکەری ژینگەی میدیایی هەڵوێستی بگیرێتە بەر.
دۆخەکە تەنها لەوەدا ناوەستێت سایتێک بازرگانی فەیک دەکاتە بەتەڵ، بەڵکو لە نێو میدیاکاراندا هەیە هەمان رۆڵ دەگێڕێ، سەرقاڵی فیت و فاتەو نایەوێ یەکگرتووی میدیایی دروست ببێت بۆ دژایەتیکردنی دۆخە خراپەکە، ئەمانەش ڕۆڵیان لە ڕۆڵی ئەو ژنە مستغلەکەمتر نییە.
پێشنیار!
ئەرکی هەرچی میدیاو میدیاکارە بریتییە لە گواستنەوەی حەقیقەت، داواکاری هەمووشمان شەفافییەتە، حەقم لە میدیای نێچیرو مەسرورو بافڵ و قوباد نییە، من باسی میدیای جدی دەکەم.
مادام ئێمە باسی چاکسازی و شەفافییەت دەکەین، دەبێت میدیاکارو میدیا بێ لایەن و جدییەکان دەزگایەکی چاودێریمان هەبێت و چاودێریمان بکات.
گەر دەزگایەکمان هەبوو چاودێری کردین، مانگانە راپۆرتی داهات و خەرجی بڵاو دەکەینەوە، کە ئەم راپۆرتەمان هەبوو، داهاتی میدیاکەو خەرجییەکەی و موچەی کارمەندیش دیارە.
کاتێک داهات و خەرجی میدیاو میدیاکار دیار بێت، جیا لەوەی بە کرداری دەیسەلمێنیت تۆ شەفافی، ئەوکات هەم بژێوی بەڕیوەبەرو کارمەندەکانت دەخەیتە ڕوو، هەم ئەو مافەشت هەیە داوای شەفافییەت لە حکومەت بکەیت.
هاوکاتیش دەوڵەمەندبوونی لە پڕی کارمەندو بەڕێوەبەرەکە لەسەر حسابی میدیا ڕوون دەبێتەوە..
بۆیەچیتر ئەرکی میدیا جدی و سەنتەرەکانە بێنە خەت و بێ هەڵوێست نەبن…
دواتر!
کاتێک ئێمە شەفاف بووین، کاتێک پرۆفیشناڵانە کارمان کرد، کاتێک داهات و خەرجیمان ڕوون بوو، ئەوکات جیا لەوەی میدیا دابەستە کراوەکان دەخەینە مەوقیفەوە، کارتی گەورەترمان دەکەوێتە دەست.
کارتی ئەوەی مولتەزم دەبین و پیا هەڵدان دەکەینە عەیبە، کارتی ئەوەی شەفاف دەبین و ئەوانیتر ئیحراج دەکەین گەر حسابات نەخەنەڕوو، کارتی ئەوەی لای کونسوڵخانەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، شەفافییەت دەکەینە کارتی بەهێز بوون و سومعەی میدیا حزبییەکانیش لەرزۆکتتر دەکەین.
پاشان!
موحاسەبەکردنی ئەو پەیج و میدیایانەی مایک بەدەستی بێ ئاگا فڕێ دەدەنە سەر جادە… ئەمە وردەکاری زۆرە..