تەقینەوەیەکى گەورە تاران دەهەژێنێت
ژمارەیەک رۆژنامەنووس و، چالاکوانانى ئێران ژمارەیەک ڤیدیۆیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاوکردۆتەوە، کەنیشان دەدات تەقینەوەیەکی گەورە تارانی هەژاندووە.
فەرناز فەسیحی، رۆژنامەنووسی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکى لەتۆڕى تویتەر نووسیوویەتى ” یەکەم ڤیدیۆی تایبەت بەتەقینەوەى گەورە، کەتیشکی سووری بەدوادا هاتووە لەدەوروبەرى تاران، زۆربەى دانیشتووانیش گوێیان لەدەنگەکەش بووە”، ئاماژەى بەوەشداوە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیک پێگەیەکى سەربازی بووە.
هاوکات حیشمەت عەلوی، رایگەیاند ” پێشبینی دەکرێت تەقینەوەکە لەنزیک تاران بووە”.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەرى (ئێران ئەنتەرناشیوناڵ) لەبارەى وێنەى تەقینەوەکە روونیکردۆتەوە ” ژمارەیەک بەکاربەر لەتاران زانیارییان لەسەر تەقینەوە پرتقاڵییەکەی رۆژهەڵاتى پایتەخت بڵاوکردۆتەوە، کە بۆ چەند چرکەیەک ئاسمانى تارانی گرتۆتەوە”.
گووتیشى ” تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێک لەبارەى ئەو تیشکە پرتقاڵییەى پایتەخت بڵاونەکردۆتەوە.
لەم ماوەیەی دواییدا زنجیرەیەک ئاگر سەرتاسەرى ئێرانی گرتۆتەوەو، تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەى هۆکارەکەى بڵاونەکراوەتەوە، بەتایبەت باخچەى ئاژەڵانی شارى کەرەنج، کەچەندین کاتژمێر بەردەوامبوون.
جگە لەوانەش زۆربەى دارستانەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانیش ئاگریان تێپەردراوە، بەشێک لەچالاکوانانی کورد هیمایان بەوە کردووە ” ئەو ئاگرانە بەدەستى سوپای پاسداران بووە، بۆ ئەوەى سەربازگە بۆ خۆیان لەناوچەکە دروست بکەن”.
جگە لەوەش لە ٧ حوزەیران لەنزیک گرتووخانەى ئیڤین لەتاران، کەزۆربەى زیندانە سیاسییەکانی تێدایە، ئاگرێکى گەورە دروست بوون.