“حدکا” زانیاری لەبارەى شەڕەکەى هەڵگورد بڵاوکردەوە

پ

دەستەى ئەرکانی گشتى هێزە سەربازییەکانى حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) دروستبوونى پێکدادانى چەکداری لەگەڵ سوپای پاسداران و، هێزەکانى پێشمەرگە لەنێو خاکی هەرێمى کوردستان دووپاتکردۆتەوەو، لەبەرامبەریشدا فەرماندەى هێزە زەمینەکانى ئێران هەڕەشەى بۆمباران کردنى بارەگاى کوردەکان دەکات.

لەراگەینراوێکدا ئەو دەستەیە ئاماژەى بەوە داوە ” پێکدادان لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگەى حدکا، رۆژى چوارشەممە لەگەڵ گرووپێکى جاش و سوپای پاسداران لەناوچەى دۆڵە مەیدان و، خولسەر، لەبەرزییەکانى هەڵگورد دروست بووە”.

سەرەڕاى ئەوەى زانیارییەکانى حدکا هیچ ووردەکارییەکى تەواوی تێدا نیە، بەڵام بەپێی ئەو ناوچەیەى باسى کردووە، شەڕەکە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای پاسداران لەنێو سنوورى هەرێمى کوردستانى عێراق بووە.

بەجۆرێک چیاى هەڵگورد، دووهەم بەرزترین چیاى هەرێمە لەدواى چیاى شێخاو، بەرزییەکەى دەگاتە ٣٦٠٧ مەتر لەسەر دەریاو، هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتى کوردستان و، سێگوشەیەکى لەگەڵ تورکیاو، عێراق و ئێران دروست کردووە.

ئەو ناوچەیەش دەکەوێتە سنوورى قەزاى چۆمان لەباکوورى پارێزگاى هەولێر، کەبارەگاى زۆربەى پارتە کوردییەکانى ئۆپۆزسیۆنى رژێمى ئێران و تورکیاى تێدا نیشتەجێیەو، بەشێوەیەکى بەردەوامیش لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بۆمباران دەکرێت.

لەبەشێکى دیکەى ڕاگەینراوەکەى دەستەى ئەرکانى گشتى حزبی دیموکرات، باس لەوە کراوە ” کاتێک گرووپێکى پێشمەرگە سەرقاڵى کاروانى پاسەوانى بوون، گرووپێکى جاش و سوپای پاسدارانیان ئاشکرا کردووە، کەبەنیازی هێرشکردن بوونەو، بۆیە دەستبەجێ بەرپرچی ئەو هێزانە دراوەو، چەندین کوژراو برینداریشیان بەجێهێشتووە”.

بەگووتەى خۆیان ” هیچ قوربانیەک لەریزەکانیان دروست نەبووە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەى رابردوو لەناوچەى گۆران لەنزیک شارى ئورمیە، پایتەختى ئازەرباینجانى رۆژئاوا، شەڕو پێکدادانێکى سەخت لەنێوان سوپاى پاسداران و یەکێک لەپارتە کوردییەکانى رۆژهەڵات دروستبوون و، سێ کارمەندی ئەو سوپایە کوژران.

حدکا پاش چەندین ساڵ لەهەڵپەساردنى شەڕى چەکداری، لەکانوونى دووهەمی ٢٠١٦ دووبارە دەستى بەچالاکی چەکداری دژی ئێران دەستى پێکردەوە، لەو بارەیەوەش مستەفا هیجری، ئەمینداری گشتى ئەو حزبەش دوای ٢٣ ساڵ لەڕاگرتنى شەڕ، دووبارە داواى لەگەنجانی کورد کردەوە بچنەوە ریزی هێزى پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەى رژێمى تاران.

حدکا کە بەدایکی سەرجەم پارتە کوردستانیەکانى رۆژهەڵات دادەنرێت، ئەندامی دامەزرێنەرى کۆنگرەى گەلانی فیدراڵى ئێرانە، کە ١٧ رێکخراو لەزۆربەى پێکهاتەکانى ئێران، وەک عەرەب، کورد، بلووش، تورک و ئازەرو، تورکمان و لور لەخۆ گرتووەو، داواى رووخاندنى رژێمى ئێستا دەکەن و، کار بۆ سیستەمێکى دیموکراتى فیدراڵى، زامنى مافى چارەخۆنووسی گەلان و نەتەوەکانى غەیرە فارسی دەکەن.