مایکرۆسۆفت کار بۆ هۆشمەندی دەستکرد دەکات

پ

بەدروشمى ” خەیاڵ بۆ داهاتوو بکە” گەورە کۆمپانیاى تەکنەلۆژی سۆفت وێری ویلایەتە یەکگرتووەکان مایکرۆسۆفت، لەدوایین لوتکەى تەکنەلۆژی بۆ هۆشمەندی دەستکرد، ئەنجامداوە، کەتێدا گرنگییەکانى تەکنیک خراونەتەروو بۆ وەرگرتنى رۆڵى سەرەکیی لەبەهێزکردنى حکومەتەکان و، کۆمپانیاو کۆمەڵگەکان لەتێپەراندنى قەیرانە تەندروستیە جیهانییەکانى ئێستا، بەتایبەت لەپرسی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەو لوتکەیە کە سەرووى ٤٥٠ کەسایەتى باڵاى بوارە هەمەجۆرەکانى کەرتى دارایی، چاودێری تەندروستى و، فرۆشتنى ووردەو، چەندین کەرتى زیندووی بازاڕو کۆمەڵگەکان ئامادەى بوون، کاریان لەسەر ئاڵوگۆری شارەزاییەکانیان کردووە.

لوتکەکەش لەرێگەى زنجیرەیەک گفتوگۆی بونیاتنەرانە بەرێوەچووە، بۆ ئەوەى توانایی و هێزی هۆشمەندی دەستکرد نیشانی هەموو لایەنێک بدەن، لەپێناو درێژە پێدان بەکارەکان و، هەژمار کردنى کاریگەرییەکانى لەسەر رێکخراوەکان و کۆمەڵگەکان.

هاوکات تێروانینێکى کرداری نیشان بەشداربووان دراوە، بۆ ئەوەى پاڵپشتى کەرتە سەرەکییەکانى وڵات بدات، کە چۆن دەتوانرێت تەکنەلۆژیاى هۆشمەند بخرێتە خزمەت بەرەنگارییە سەختەکان و، بەباشترین شێوازیش ئەرکەکانى خۆى جێبەجێ بکات.

ئیحسان عەنبتاوی، سەرۆکى جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆن و بەبازاڕیکردنى مایکرۆسۆفت – ئیمارات بەمیدیاکانى ڕاگەیاند ” تەکنەلۆژیاى هۆشمەندی دەستکرد، بەناوەرۆکى بنەڕەتیە سەرەکییەکانى بەهێزکردنى کۆمپانیاو کەرتەکانى دیکە دادەنرێت، کەبەباشترین شێواز دەتوانێت باشترین چارەسەر لەقەیرانە تەندروستیە جیهانیەکان بخاتەروو و، رێگایەکى نوێش دیاری بکات لەپەیڕەو کردنى سیستەمێکى نوێ”.

هیماى بەوەشکرد ” بەتەکنیەکانی هۆشمەندی دەستکرد بەشێوەیەکى چڕ خراوەتەروو، لەهەمان کاتیشدا پەیوەستە بەبنەما ئەخلاقییەکان کەخەڵک لەلوتکەى گرنگی پێدان دادەنێت”.

بەشێکى دیکەى لوتکەکەى مایکرۆسۆفت تایبەت بوو لەتواناى تەکنەلۆژیا لەباشتر کردنى خزمەتگوزارییە تەندروستى و پزیشکیەکان و، چۆنیەتى توانسازی کردنى کەرتەکانى فرۆشتنى ووردەو دارایی لەبەگەڕخستنى کاڵاکانیان و، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانیان.

تەنانەت سەرکردەکانی کۆمەڵگەش بەشێکن لەنێو سیستەمى ئەو هۆشمەندییە دەستکردەى مایکرۆسۆفت باسى لێوە کردووە، بۆ ئەوەى ئامادەسازییان تێدا بێت، لەبەرەنگاربوونەوەى خێرای هەر قەیران و ئاڵۆزییەک رووبەروویان بێت.

هاوکات کۆمەڵێک پرۆپۆزلی جۆراجۆر لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان و، ناوەندە داراییەکانی ئیمارات، کەمێواندارێتى ئەو لوتکەیەى کۆمپانیا ئەمەریکییەکەى کردووە، پێشکەش کران.