٩ پارێزگاى ئێران لەڕەوشێکی مەترسیدار دایە

پ

گووتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران گیان لەدەستدانى ١٠٩ کەس و، تووشبوونى ٢٦٢٨ کەس بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەى راگەیاند، ئاماژەى بەوەشداوە ” نۆ پارێزگا لەڕەوشێکى ئاڵۆزدایە”.

سیما لاری، لەرێگەى تەلەڤزیۆنى فەرمییەوە، زانیاریی ٢٤ کاتژمێری رابردووى قوربانیانى پەتای کۆڤید ١٩  لەوڵاتەکەى خستەروو و، هیماى بەوە کرد ” کۆى گشتى قوربانیانى کۆرۆنا لەوڵات گەیشتۆتە ١٠٢٣٩ کەس، کۆى تووشبوونیش تانیوەرۆی هەینى (٢٦ حوزەیران) گەیشتۆتە ٢١٧ هەزارو ٧٢٤ کەس، بەجۆرێک ٢٩١٢ کەس ڕەوشی تەندروستیان زۆر خراپەو، لەبەشى بەهاناوەچوونى نەخۆشخانەکان دان”.

لەبارەى ئەو نۆ پارێزگایەى ڕەوشى تەندروستى ڤایرۆسەکە مەترسیدارە ئاشکراى کردووە هەریەک لە کرمانشان، کوردستان، ئەهواز، هورمزگان، ئازەرباینجانی رۆژئاوا، ئازەرباینجانی رۆژهەڵات، خوراسانى رەزوی، ئەلبەرز، پووشەهر بووە.

ئەو زانیارییانەى لاری لەکاتێکدایە، کەرۆژانە تاران بڵاویدەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتى تەندروستى هیچ زانیارییەک لەبارەى قوربانیانى پارێزگاکان چەندین مانگە شاردۆتەوە، ئەمەش گوومان و دڵەراوکێی لەنێو پەرلەمانتاران و پسپۆڕان و سیاسییەکان دروست کردووە، لەسەر ئەو زانیارییانەى حکومەت بڵاویدەکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسی هەواڵى ئێرانی “ئێرنا”، لەسەر زاری مەحمەد جەزایری، سەرۆکى تۆڕی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانى ئێران بڵاویکردۆتەوە ” بەو بیانووەى ژیان دەگەرێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و، کۆرۆنا کۆتایی دێت، ئەوە هەڵەیەکى گەورەیە”.

باسى لەوەشکرد ” بەمنزیکانە خەڵک ناگەرێنەوە ژیانى سروشتى خۆیان، پێویستە لەسەریان رێنماییە تەندروستییەکان، بەجددی وەربگرن”.