باڵیۆزى ئەمەریکا حکومەتى بەیرووتى توڕە کرد

بەهۆى لێدوانێکى لەسەر حزبوڵلای لوبنانی، چاوەڕوان دەکرێت وەزیرى دەرەوەى حکومەتى بەیرووت، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوڵاتەکەى بەشێوەیەکى فەرمی بانگهێشت بکات.
میدیاکانى لوبنان بڵاویانکردەوە ” ناسیف حەتی، وەزیرى دەرەوە، بۆ ئاگادار کردنەوەى دۆرۆسی شیا، باڵیۆزی ئەمەریکا لەبەیرووت لەدەست وەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکەى بانگهێشت دەکات”.
ئاماژەیان بەوەشداوە ” یەکێک لەداواکارییەکەى وەزیر ئەوەیە نابێت، لێدوانەکانى ئەو باڵیۆزە هاندانى بەشێک دژى بەشێکى دیکە بێت، کەبەشدارن لەدەسەڵات”.
ئەو پێشهاتانەش لەکاتێکدایە پاش ٢٤ کاتژمێر، دادوەرى لوبنان بڕیارێکى ئازادانەى داوەتە دەزگا میدیاییەکان لەبڵاونەکردنەوەى هیچ زانیاری و لێدوانێکى باڵیۆزی ئەمەریکا لەبەیروت، یاخود بایکۆت ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى لەگەڵدا بکات، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لێدوانى دژ بەحزبوڵلا داوە.
شیا لەچاوپێکەوتنە رۆژنامەوانیەکەیدا باسى لەوە کردبوو ” سیاسەتى ئەمەریکا، بریتیە لەوەى سزا سەپێنراوەکانى چوارچێوەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بەسەر نەک تەنها حزبوڵلا بەڵکو بەسەر ئەو لایەنانەش کەپاڵپشتى دارایی دەکەن جێبەجێ دەکات”.
گووتیشى ” ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەردەوامە لەهەڵسەنگانى ئاستى حکومەتەکەى حەسان دیاب، کەتاوەکو ئێستا خۆى وەک حکومەتێکى تەکنۆکرات ناساندووە، نەوەک بارمتەى حزبوڵلا بێت”.
باڵیۆزەکەى واشنتۆن لەبەیرووت لەبەشێکى دیکەی قسەکانیدا گووتبووى ” تاوەکو ئێستاش ئەوەى چاوەڕوان بووین لەم حکومەتە، هەنگاوی جێبەجێکاری چاکسازییەکان بەدی نەهاتوون، کەئابوورى پێویستیەکى زۆری پێیەتى”، کەبەجۆرێکە لوبنان ئێستا کەوتۆتە نێو قەیرانێکى ئابوورى، دارایی و کۆمەڵایەتى وێنەى نەبووە.
مەحمەد مازح، دادوەرى کەیسە خێراکانى شارى سوور لەباشوورى وڵات، بڕیارێکی بۆ سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەرکردووە کە بۆ ماوەى یەک ساڵ بایکۆتى جموجۆڵەکانى شیا بکەن، بەڵام بڕیارەکەى ناچاری نیە، بەڵکو ئارەزوومەندانە، وەک پارێزگارییەک لەشکۆى وڵاتەکەیان.