تاران بڕیاری لەسێدارەدان بۆ رۆژنامەنووسێک دەردەکات

پ

دواى دەرکردنى بڕیارى لەسێدارەدان دژى رۆژنامەنووسێکى ئۆپۆزسیۆن و، سزادانى توێژەرێکى فەرەنسى بەڕەچەڵەک ئێرانى، گووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران هێرشى دەکاتە سەر فەرەنساو، بە ” دەستێوەردان لەکاروبارى ناوخۆیی وڵاتەکەى” تومەتباری دەکات.

عەباس موسوی، ئاماژەى بەوەداوە ” سزادانى هەردوو هاوڵاتیەکە لەدادگاییەکى عادیلانە بووەو، بەپێی ئەو تومەتانەى ئاراستە کراوە، سزا دراون”.

سوپاى پاسداران دواى ئەوەى لەرێگەى پیلانگێرییەکەوە، توانى روحەڵلا زەم، رۆژنامەنووس و، سەرنووسەری کەناڵى (ئامەد نیوز) لەتۆڕی تیلیگرام برفێنێت، رۆژى ٣٠ حوزەیران لەرێگەى دادگاکانەوە سزای لەسێدارەدانى بۆ دەردەچێت، هاوکات سزادانێکى پێنج ساڵەش بۆ فەریبا عادلخاه، توێژەری فەرەنسى دووپاتدەکاتەوە.

زەم لەدواى ٢٠٠٩ بەرەو فەرەنسا هەڵاتبوو، بەڵام ساڵى رابردوو لەخاکی عێراقەوە بەرەو ئێران دەرفێندرێت، کەهاوکات بوو لەگەڵ هەوڵدان بۆ رفاندن یاخود تیرۆر کردنى عەلى جوانمەردی، رۆژنامەنووسی کەناڵى دەنگی ئەمەریکا بەشى فارسی لەهەرێمى کوردستان، کەهاوکات سەرنووسەری ماڵپەرى (ئاڤا تودەی)ـیە، بەڵام پلانەکەیان شکستى هێنا.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى پاریس ئیدانەى بڕیاری سزادانەکەى عادلخاە ـى کردووەو، گووتى ” ئێران فاریبا عادلخاه ـى بۆ مەبەستى سیاسی دەستگیر کردووە”.

بەو هۆیەوەش وەزارەتى دەرەوەى تاران ئەو لێدوانانەى بە ” سەرگەرم کردنى کەشوهەوایە”، گووتیشى ” تومەتەکانى عادلخاه و، زەم، ئەمنیەو، ئەو کاردانەوانەش هیچ کاریگەرى لەسەر دادگایی کردنیان ناکات”.

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەک لەمەوبەر تاران رۆڵاند مارشاڵ، کەهاوپیشەو توێژەر بووە لەگەڵ عادلخاه و، پێکەوە دەستگیر کران ئازاد کرد، کەلەچوارچێوەى ئاڵۆگۆر کردنى گیراوێکى دیکەدا ئەنجامدرابوون.