بەهۆى تورکیاوە، فەرەنسا بیر لە “ناتۆی ئەورۆپی” دەکاتەوە
هەریەک لەفەرەنساو تورکیا ئاستى بەرەنگارییەکانیان تووندتر دەکات، بەتایبەت دواى بڕیارى پاریس بەکشانەوەى لەئۆپەراسیۆنەکانى ناتۆ، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر “ئیمپریالیەتى تورکی”، لەهەمان کاتیشدا ئەنکەرا دووپاتیدەکاتەوە ” بەبێ وڵاتەکەى ناتۆ بوونى نابێت”.
وەزارەتى سوپاکانى فەرەنسا بڕیارى وڵاتەکەى لەکشانەوەى کاتى لەئۆپەراسیۆنەکانى ئاسایشى دەریایی هاوپەیمانى باکووری ئەتڵەنتی لەدەریای ناوەڕاست، کەکێشەکانى لەگەڵ تورکیا چەندین مانگە لەسەر پرسی لیبیا بەتایبەتى بەردەوامیی هەیە.
لەراگەینراوێکدا کەبەتایبەتى مەبەستى ئەنکەرا بووە رایگەیاندووە “بۆ ئێمە پرۆسەیەکى دروست نیە، لەسەر رێکارەکانى ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بین، کە بڕیارە چەندین ئەرک لەخۆ بگرێت، لەوانەش کۆنترۆڵکردنى قەدەغەکردنەکان کە هاوپەیمانان رێزی لێناگرن”. وەک هیمایەک بۆ ئەندامێتى تورکیا لەنێو ناتۆ.
پاریس چوار مەرجی سەرەکیی هەیە بۆ ئەو پرۆسەیەش کە پێویستە ” هاوپەیمانان بەفەرمیی پابەندییەکانى خۆیان لەبەردەوامی دان بەرێگرى لەناردنى چەک بۆ لیبیا، هاوکات ئالیەتێکى زۆر ووردتر بخرێنەروو بۆ یەکلایی کردنەوەى کێشە ناوخۆییەکانى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتی”.
ئەمەش لەکاتێکدایە پێش دوو هەفتە حکومەتى فەرەنسا تورکیاى تومەتبار کردووە، بەوەى هەنگاوێکى دوژمنکارانەى دژى کەشتیەکى وڵاتەکەى لەدەریاى ناوەڕاست ئەنجامداوەو، داواشی لەو هاوپەیمانیە کردووە، مامەڵەیەک لەگەڵ هەڵسوکەوتە شەڕانگێزییەکانى ئەنکەرا بکات.
هێرشەکەى تورکیاش بۆ سەر کەشتیە فەرەنسیە، دواى ئەوە دێت کە لایەنى دووهەم رێگرى لەکەشتیەکەى ئەنکەرا کردووە، کەهەوڵێداوە چەک بۆ میلیشیاکانى لیبیا بگوازێتەوە، بەبێ گوێدان بەبڕیارە نێودەوڵەتیەکان لەراگرتنى ناردنى چەک بۆ لیبیا.
ئەو هێرشەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا ناچار کرد دووبارە ئەو هاوپەیمانیە بە “مردووى کلینکی”، وەسف بکات، کەئەمەش ئەگەرێکى زۆری دروستکردووە بۆ هەڵوەشانەوەى ئەو هاوپەیمانیە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونى کێشە لەنێو ئەندامەکانیان، بەتایبەت لەنێو فەرەنساو تورکیا.
پێناچێت هیچ لەو دوو لایەنە لەبەرزکردنەوەى بارگرژییەکان پاشگەزببنەوە، ئەمەش مەترسییەکى ئەورۆپی و هەرێمایەتى دروستکردووە، چونکە زۆربەى چاودێران پێیان وایە هەنگاوەکەى ” ئەنکەرا لەسەر بنەماى گلۆپی سەوزى ئەمەریکایە لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کەلەسەر حیسابی هاوپەیمانیە ئەورۆپیەکان بووە”.
بۆیەش پاریس لەو باوەڕە دایە پرۆژە کۆنەکەى خۆی بۆ دروستکردنى ناتۆیەکى ئەورۆپی زیندوو بکاتەوە.
بەو هۆیەوەش چاوەڕوان دەکرێت لەناوەڕاستى تەمووز وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەورۆپا کۆببنەوەو، بابەتى تورکیا تاوتوێ بکەن و، ئەگەری ئەوەش هەیە کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر ئەنکەرا بسەپێنن.