ئەورۆپیەکان حوسییەکان تومەتبار دەکەن

پ

وەزیرانى دەرەوەى بەریتانیا، سویدو ئەڵمانیا تێروانینێکى هاوبەشیان بۆ پرۆسەى ئاشتى لەیەمەن خستۆتەروو، پێیان وایە ” ڕاگرتنى ئاگربەست لەسەرتاسەرى یەمەن و، گەیشتن بەیەکلاییەکى سیاسی باشترین چارەسەرە بۆ ڕەوشى ئەو وڵاتە”.

هەریەک لە دۆمینیک راپ، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى لەندەن، لەگەڵ هایکۆ ماس، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى بەرلین و، ئان لیند، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى ستۆکهۆڵم هیمایان بەوە کردووە ” ئەوە باشترین بەرگرییە دژى ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

لەڕاگەینراوێکی هاوبەشیشدا دووپاتیانکردۆتەوە ” حوسییەکان پابەندی ئاگربەست نەبوونە کە لەلایەن سعودیەوە خرایەروو”، ئەو گرووپە میلیشیانەیان بەتەقاندنى مووشەکی بالیستى بەئاراستەى ریاز تومەتبار کردووە، کەزۆربەى ئامانجی مەدەنیی پێکراون.

هەرسێ وەزیرەکە ئەوەشیان گووت ” ڕاگەیاندنى ئاگربەست دەبێت، سەرەتاى پرۆسەى سیاسیی بێت کەگەرەنتى بەشدارییەکى تەواوی ئافرەن بدات”.

راپ، ماس و لیند سوور بوون لەسەر هاندانى لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنى سەرجەم رێکەوتنەکان لەنێویاندا رێکەوتننامەى ستۆکهۆڵم و، ریاز.

هەر سێ وڵاتە ئەورۆپیەکە جەختیان لەوەشکردەوە ” لەکاتى جێبەجێکردنى ئەو پابەندییانە وەک خۆی، ئەوا هەوڵەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئاشتەواییەکى گشتگیر”.

داواشیان لەهاوبەشانى یەمەن کردووە، پاڵپشتى حکومەتى یەمەن بکەن، بۆ ئەوەى بتوانێت مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتى بکات، بەتایبەت تیمە تەندروستیەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنى چاکسازیی ئابوورى خێرا.

هەناردەکردنى چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ میلیشیا حوسییەکان بەشێکى دیکەى ڕاگەینراوى وەزیرانى دەرەوەى ئەو سێ وڵاتە بووە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە.

بەریتانیا، ئەڵمانیاو سوید هانى یەکێتى ئەورۆپایان داوە رۆڵێکى بەهێزی لەیەمەن هەبێت، بۆ ئەوەى بتوانرێت ئەو ئاڵۆزییانەى لەو وڵاتە هەیە بەخێرایی چارەسەر بکەن و، یاساش سەروەر بێت.