ریال مەدرید دوو یاریزانی لەدەستدا

پ

یانەی ریال مەدرید پێش یارییەکەی سبەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش، دوو یاریزانی لەدەستدا و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەی بەرامبەر ئالاڤێشدا نەکەن.

لە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی یانەکەدا بۆ ئەو یارییە، مارسێلۆی بەرازیلی و بەرگریکاری باڵی چەپی یانەکە و ڤینیسیۆس جونیۆری هێرشبەر بەشدارییان نەکردووە، بەمەش ئەگەری هەیە ئەو دوو یاریزانە بەشداری لە یارییەکەدا نەکەن.

میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، بەرگریکارەکەی لۆس بلانکۆس، لە ماسوولکەکانیدا هەستی بە ئازار کردووە، بۆیە بەشداریی لە مەشقەکاندا نەکردووە، ئەمڕۆ دوایین پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوە و مەترسییەکانی پێکانەکەی بەتەواوی دەربکەون.

بەپێی هەواڵێکی رادیۆی ئۆندا سێرۆی ئیسپانی، مارسێلۆ بەشداری لە یارییەکەی سبەیدا ناکات.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە زینەدین زیدان، راهێنەر ریال مەدرید گوتی، ڤینیسیۆس جونیۆر بەشداریی لە مەشقەکاندا نەکردووە، ئەمڕۆ ئێوارە ئەنجامی پشکنینەکانی دەردەکەوێت و دیار دەبێت کە دەتوانێت سبەی لەگەڵمان بێت یان نا.

زیدان گوتی: پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا بۆ ڤینسیۆس جونیۆر کراوە، ئەنجامەکەی بە هەڵە گەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ بەیانی جارێکی دیکە پشکنینی کردووە و ئەمڕۆ ئێوارە ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، هیوادارم سبەی لەگەڵمان بێت.

ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی لالیگادا، لە یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ میوانداریی یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش دەکات.

لۆس بلانکۆس لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 77 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی تەنیا یەک خاڵ لە بارسێلۆنای دووەم دوورە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە یانەی شاهانە جیاوازییەکە بۆ چوار خاڵ بەرزدەکاتەوە.

جگە لە ئەگەری یاریی نەکردنی مارسێلۆ، سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکار و کاپتنی یانەی ریال مەدرید بەهۆی وەرگرتنی 5 کارتی زەردەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.