ئێران هێزێکى زۆر بۆ رێگرى لەخۆپێشاندان بڵاوەپێدەکات

بەپێی راپۆرتە نێوخۆییەکانى ئێران، بڵاوکردنەوەیەکى گەورەى هێزە ئەمنیەکان و، یەکەکانى بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژی لەچەندین شارى گەورەى کۆماری ئیسلامی ئەنجامدراون و، هاوکات خێرایی ئەنتەرنێتیش لەزۆربەى شارەکان دابەزێنراوە، وەک مەترسییەک بۆ سەرهەڵدانەوەى خۆپێشاندانى جەماوەریی.
هاوکات رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی ئاشکرایان کردووە ” هێزە ئەمنییەکان ٥٠ کەسیان بەتومەتی بەشداریی کردن لەخۆپێشاندانەکانى بەهبەهان دەستگیر کردووە”.
چالاکوانانى ئەو وڵاتە چەندین زانیارییان لەبڵاوەپێکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان لەتارانى پایتەخت بڵاوکردۆتەوە، بەجۆرێک هێزە ئەمنییەکان بەهەموو جۆرە چەکەکانیان لەنێو شەقامدا هاتووچۆ دەکەن، بەتایبەت لەناوچەى سەعادەت ئاباد، بەشێکیانیش بەماتۆرسکیل و، ئۆتۆمبێلى پۆلیس دەسوورێنەوە.
لەو نێوەندەش چەندین گرتەى ڤیدیۆیی لەنێو شەقامەکانى بەهبەهان لەباشوورى رۆژئاواى ئێران، کەدەردەکەوێت بڵاوەپێکردنێکى زۆرى هێزە ئەمنییەکاندا ئەنجامدراوەو، دەستیان بەبڵاوەپێکردنى بەزۆرى خۆپێشاندەران کردووەو، ژمارەیەکیش لەخۆپێشاندەران دەستگیر کراون.
هەروەها لەشارى ورمێ، مەشهەدو، شیرازیش هێزێکى ئەمنی زۆر بڵاوەیان پێکردووە، بۆ ئەوەى رێگرى لەئەنجامدانى خۆپێشاندان بکەن.
چالاکوانان ئاشکرایان کردووە ” دەسەڵاتداران خێرایی ئەنتەرنێتیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە، بەتایبەت لەشارەکانى تاران، زنجان، ئەبهەر، شیراز، کەرەج، شەهریار، ئەهوازو، چەندانى دیکە”، ئامانجی ئەو هەنگاوەش بۆ رێگرییە لەبڵاوکردنەوەى هەر تووندوتیژییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژى خۆپێشاندەران رووبدات.
ئەو کارەى رژێمى ئێران شتێکى نوێ نیە، بەڵکو لەگەڵ هەر خۆپێشاندانێک دەست بۆ بڕینی ئەنتەرنێت دەبات و، رێگرى لەئاڵوگۆری زانیارییەکان دەکات.
لەلایەن خۆیشیەوە هەواڵگری سوپای پاسداران دەستگیرکردنى ژمارەیەک گەنجی راگەیاند، بەگووتەى خۆی ” ئامادەسازییان بۆ ئەنجامدانى خۆپێشاندان لەپارێزگاکانى خوراسان و فارس دەکرد”.
زۆربەى خۆپێشاندەرانى بەهبەهان دروشمی ” نەغەززە، نە لوبنان گیانم فیدای ئێرانە”، دژایەتى خۆیانیش بۆ دەستێوەردان لەوڵاتانى عەرەبی نیشانداوە، کەبووەتە هۆى خەرجکردنى بوودجەیەکى زەبەلاح بۆ میلیشیاى ئەو وڵاتانە.
هاوکات داواى لاچوونى مەلاکانى دەسەڵاتدار دەکردو، دروشمی ” نامانەوێت مەلا حوکممان بکات” بەرز کردبوویەوە”.