هەسەدە قۆناغی دووهەمى راوەدونانى داعش دەستپێکرد
هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) دەستپێکردنەوەى قۆناغی دووهەمی ئۆپەراسیۆنى “بەرەنگاری تیرۆر”، بۆ راوەدونانى پاشماوەکانى گرووپی تیرۆریستى داعش لەباکوورى رۆژهەڵاتى سووریا ڕاگەیاند، کە لەسەر هێڵى درێژایی رووبارى فورات و، ناوچەکانى دەوروبەرى هاوسنوورى عێراق لەخۆ دەگرێت.
لەراگەینراوێکدا هێزەکانى هەسەدە کە لەهەژمارى تایبەتى خۆیان بڵاویانکردۆتەوە رایانگەیاند ” هێزەکانیان بەرەبەیانى هەینى قۆناغی دووهەمی ئۆپەراسیۆنى بەرەنگاری تیرۆر بۆ راوەدونانى داعشی تیرۆریست لەناوچەکانى دێر زوور دەستپێکردەوە”.
هاوکات هێزەکانى ئاسایشی نێو کەمپی هۆل لەشارى حەسەکە، هەوڵێکى هەڵاتنى ٤ ئافرەتى داعش لەناسنامەى سودانی و تەنزانی پووچەڵکردەوە.
یەکەى بەرەنگاربووبنەوەى تیرۆری هەسەدە کە لەعەرەب و کورد پێکهاتووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کەئەمەریکا سەرۆکایەتى دەکات پشکنینیان لەچەندین شارو شاروچکەی دێر زوور ئەنجامداوە، بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنى پاشماوەکانى داعش.
لیلوی عەبدوڵلا، گووتەبێژى ئەنجومەنى دێر زووری سەربازی گووتى ” ئەم قۆناغە موڵگەکانى داعش و شانە مەترسیدارەکانیان لەناوچەکانیان دەکاتە ئامانج”.
هیماى بەوەشداوە ” ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر راسپاردەى دانیشتووان و پیاو ماقوڵانى هۆزە عەرەبیەکانەوە بووە، کە پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەزلووم عەبدی، فەرماندەى هەسەدە دەستی پێکردووە”.
روونیکردەوە ” بەمدواییانە هێرشەکانى داعش و بەئامانج کردنى هاوڵاتیان پەرەی سەندووەو، بووەتە هەڕەشەیەکى راستەوخۆ لەسەر ژیانى هاوڵاتیان، بەو هۆیەوەش هێزەکانیان دەستیان بەئەنجامدانى ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە”.
ئۆپەراسیۆنەکەى هەسەدە بەپاڵپشتى فرۆکەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیەوە بەرێوەچووەو، بڕیاریشە تا جێبەجێکردنى سەرجەم ئامانجەکانى ئۆپەراسیۆنە کە بەردەوامیی هەبێت.
لەلایەن خۆیەوە کینیس ماکینزی، فەرماندەى هێزە ناوەندییەکانى ئەمەریکا لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکراى دەکات ” مەترسییەکانى داعش لەناوچانەى هێزەکانى سووریاو رووسیا تێدا باڵا دەستن پەرە دەستێنێت، کەئەو ناوچانەش کەوتوونەتە رۆژئاواى رووباری فورات”.
هەروەها بەرپرسیارێتى خراپبوونى ڕەوشەکەش دەخاتە ئەستۆى مۆسکۆ و دیمەشق، بەبیانووى ئەوەى بەتەندروستى ئیدارەى ئەو ناوچانە ناکەن.