کازمی لەسعودیە کۆمەڵێک بابەت تاوتوێ دەکات
دوابەدواى وەرگرتنى پۆستەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراق یەکەم گەشتى دەرەکی بۆ شانەشینى عەرەبی سعودیە ئەنجامداوەو، چاودێرانیش پێیان وایە ” سەردانیکردنى ریاز پێش تاران، کۆمەڵێک نامەى ناوخۆیی و دەرەکی لەپشتە”.
بەپێی لێدوانێکى قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق لەریاز ” سەردانیەکەى مستەفا کازمی، تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ دراوسێیەکان و وڵاتانى هەرێمایەتى”.
پێش ئەوەى کازمی سەردانەکەى بۆ سعودیە ئەنجامبدات، شاندێکى بەسەرۆکایەتى عەلى عەلاوی، وەزیرى دارایی جێگری سەرۆک وەزیران ڕەوانەى ئەو وڵاتە کردبوون و، کۆمەڵێک گفتوگۆ و کۆبوونەوەى دارایی و ئابوورییان ئەنجامبدابوون.
چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەردانەکەى سەرۆک وەزیران بۆ ئەو وڵاتە کەنداوە، بابەتى بەستنەوەى تۆڕى کارەبای سعودیە بەوڵاتەکەى تاوتوێ بکرێن، بۆ ئەوەى کەمتر پشت بەووزەى هاوردەکراوی ئێران ببەستن، کەسەرچاوەیەکى دارایی گەورەى بۆ تاران دروست کردووە.
حازم مستەفا، رۆژنامەنووسێکى عێراقی لەو بارەیەوە دەڵێت ” سەرەڕاى ئەوەى هیچ هەواڵێکى فەرمیی لەبارەى بابەتى بەستنەوەى تۆڕى کارەبا نیە، بەڵام تێبینی هێرشێکى میدیایی لەلایەن ڕاگەیاندنەکانى میلیشیاکانەوە دژى کازمی ئەنجامدراوە، بەجۆرێک بووە سعودیە بەوە تومەتبار کراوە تۆڕەکانى گواستنەوەى ووزە لەئێرانەوە بۆ عێراق کردۆتە ئامانج”.
بەگووتەى مستەفا ” هەناردە کردنى ووزەى ئێرانى سەرچاوەیەکى گرنگە بۆ ئەو رژێمە کەبەهۆى سزایەکانەوە دەناڵێنێت، هۆکارەکەشى ئەوەیە بەغدا بەر لێخۆشبوونى سزایەکانى ئەمەریکا کراوە، داخستنى ئەو دەروازەیەش زیانێکى گەورە بەتاران دەگەیەنێت”.
لەلایەن خۆیەوە ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانى پێشووترى حکومەتی بەغداو، رێبەرى فراکسیۆنى عێراقیە، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا هیماى بەوە کردووە ” کازمی داواى پارە لەسعودییەکان دەکات”.
بەڵام سەردانەکە لەسەر بانگهێشتنامەیەکى مەحمەد کوڕی سەلمان، جێنیشینى شاى سعودیە بووە، کەپەیوەندییەکی لەمێژیینە لەنێوان هەردوو کەسایەتى هەیە.
سەردانەکەى کازمی بۆ ریاز لەکاتێکدایە مەحمەد جەواد زەریف، بەرۆژێک سەردانى بەغدای کردووەو، لەگەڵ زۆربەى بەرپرسە باڵاکانى بەغدا لەسەرۆککۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوە کۆبوویەوە.