پارتى برازاى ساڵح موسلیم ڕادەستى میتى تورکی دەکات
بنەماڵەى ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکى پێشووى پارتى یەکێتى دیموکرات دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان تومەتبار دەکەن بەوەى یەکێک لەبنەماڵەکانیان ڕادەستى دەزگاى هەواڵگری تورکیا (میت) کردووە، کەبەمەبەستى چارەسەر کردن سەردانى هەولێری کردبوو.
بنەماڵەى موسلیم ڕایانگەیاندووە ” دەسەڵاتدارانى هەولێر دالیا مەحمود موسلیم، پێش شەش مانگ بەمەبەستى چارەسەر سەردانى هەرێمى کردبوون، بەڵام ئەوان ڕادەستى میتى تورکیان کردووە”.
باوکی کچە ڕفێنراوەکە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسیبووى ” کچەکەى ئامادەسازی دەکرد بگەرێتەوە سووریا، بەڵام ڕادەستى دەسەڵاتدارانى تورکیا کراوە”.
گووتیشى ” دەسەڵاتدارانى هەرێم لەباشوورى کوردستان بەرپرسیارێتى رفاندنى کچەکەیان لەباشوورەوە بۆ دەزگاى هەواڵگری تورکی لەئەستۆ دەگرن، هەرچی قسەیەکیش لەدەمی ئەو کچەوە دەربچێت، دوورە لەڕاستیەوەو، ئامانجی لێدانە لەئاکاری بنەماڵەکەى”.
موسلیم داواشی لەرێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان کردووە زیندانی کردنى کچەکەى بشکێنن و، بەسەلامەتى بیگەرێنەوە نێو بنەماڵەکەى”.
مەحمود موسلیم باسى لەوەشکردووە ” کچەکەى هاوشێوەى کوڕان وکچانى باکوورو رۆژهەڵاتى سووریا نزیکەى شەش ساڵە، پەیوەندیی بەیەکینەکانى پاراستنى ژن کردووە، بۆ بەرگرى کردن لەخاک و گەلەکەى دژى گرووپی داعش و چەتەکانیان”.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئاژانسى ئەنادۆلی فەرمیی تورکیا شێوازێکى دیکەى دەستگیر کردنەکەى دالیا موسلیم بڵاوکردۆتەوەو، لەسەر زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە روونیدەکاتەوە گوایە ” دالیا لەپارێزگاى مێرسین لەرێگەى ڕازیکردن خۆى ڕادەستى هێزە ئەمنییەکانى تورکیا کردووە”.
پێش ئەویش ساڵح موسلیمی مامی لەساڵى ٢٠١٨ لەسەر داواى تورکیا لەبراگ بۆ ماوەیەکى کورت دەستگیر کرا، ئەو کات تومەتى ئەوە خرایە پاڵ گوایە تومەتبارە بەکوشتنى ٢٩ کەس لەشوباتى ٢٠١٦، بەڵام سەرجەم تومەتەکان نەسەلمێنران و، دواى ماوەیەک ئازاد کرا.
موسلیمی مامی، سەرجەم ئەو تومەتانەى ڕەتکردەوە، لەوەى دەستى لەکوشتنى خەڵکی مەدەنى هەبێت.
لەدواى دەستپێکردنى شۆڕشی سووریا کوردانى رۆژئاوا، لەرێگەى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە)، توانرا ناوچەیەکى ئارام بۆ دانیشتووانى خۆیان دروست بکەن، بەڵام تورکیا لەرێگەى پاڵپشتى کردنى گرووپە تیرۆریستیەکان بەشێوەیەکى بەردەوام هەوڵى لەبار بردنى ئەو ناوچەیەى داوە.
ئەنکەرا هەمیشە پەیەدەو، هێزە هاوپەیمانەکانى بەبیانووى پەیوەندی بەپارتى کرێکارانى کوردستانەوە، هەمیشە بەتیرۆریست ناویان دەبات و، لەلیستى تیرۆری خۆیشی جێگری کردوون.