کۆتەکانى کۆرۆنا ئابوورى تووشى داڕمان کردووە
لەنوێترین راپۆرتى نیوە ساڵى خۆیدا رێکخراوى بازرگانى جیهانى ئاشکراى کردووە ” بارزگانى جیهانى بەهۆى کۆتە نوێیەکان و کەڵەکە بووەکانى سەر هاوردەکردن زیانى بەرکەوتووە”، هیماشی بەوە کردووە ” ئابوورییەکان پێویستیەکان بەدووبارە پەیکەربەندیی لەچوارچێوەى قەیرانى ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە”.
باسى لەوەشکرد ” بەشێک لەکۆتەکانى سەر هەناردەکردنى ماسکی نیشتەگەری و، دەرمان و کەرستەى پزیشکى پێش بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید ١٩ پاشەکشێی کرد”.
رۆبیرتۆ ئەزیڤیدۆ، بەرێوەبەرى گشتى ئەو رێکخراوە لەمیانەى خستنەرووى راپۆرتەکەیان بۆ وڵاتانى ئەندام کەژمارەیان ١٦٤ وڵاتە، گووتى ” سەرەڕاى کاریگەرییە تەواوەکانى پەتاکە، بەڵام ڕەنگدانەوەى لەسەر ئامارە بازرگانیەکان نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت قەبارەیەکى گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە رێکخراوى بازرگانى جیهانى مانگی رابردوو لەکاتى خستنەرووى خەمڵاندنەکانى نیوەى دووهەمى ٢٠٢٠، ئاماژەى بە پاشەکشێ کردنێکى سەدا ١٨ بەپێوەرى ساڵانە بۆ بازرگانى جیهانى کردبوو.
لەدواى سەرهەڵدانى کۆڤید ١٩ لەکۆتاییەکانى ٢٠١٩ لەشارى ووهانی چینی و، بڵاوبوونەوەى بەسەر هەموو جیهان، تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیانی گەیشتۆتە ١٥ ملیۆن و ٨٣٤ هەزارو ٧٣٤ کەس، کەلەنێویاندا ٦٣٩ هەزارو ٧٠١ کەس گیانیان لەدەستداوەو، لەبەرامبەردا نۆ ملیۆن و ٦٤٦ هەزارو ١٩٧ کەس چاکبوونەتەوە.
هاوکات توێژینەوەیەکی ئابوورى نوێ دەریخستووە ” پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆناو، کاردانەوەکانى لەرێکارە داخستنە ناچارییەکان ئابوورى جیهانى تووشى زیانێکى ٣,٨ تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکى کردووەو، ژمارەکەش بەرەو بەرزبوونەوەى زیاتر هەنگاو دەنێت”.
لەلایەن خۆیشیانەوە توێژەرانى زانکۆى سیدنی ئۆسترالیا، دارێژەرى ئەو توێژینەوەیە جەختیان لەوە کردۆتەوە ” ئەو کارەیان یەکەم لێکۆڵینەوەیە بۆ دیاریی کردنى کاردانەوەکانى ئەو پەتایە بەسەر ئابوورییەکان لەبازنەى جیهانیدا”.
روونیانکردۆتەوە ” ١٤٧ ملیۆن کەس لەسەرتاسەرى جیهان هەلیکاریان لەدەستداوە، ئەمەش بووە هۆى دابەزینى رێژەى دابەشکردنى مووچە، کەقەبارەکەشى لەسنوورى ٢,١ تریلیۆن دۆلار بووە”.
لەسەر ئاستى جیهانیش ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتووشبوونى چوار ملیۆن و ١٢ هەزار کەس بەپلەى یەکەمى جیهان دێت لەرووى تووشبوون بەڤایرۆسەکەو، لەدواى ئەویشدا بەرازیل بەتووشبوونى بەسەرووى دوو ملیۆن کەس دێت، هیندستانیش بەپلەى سێهەم بەتووشبوونى سەرووى یەک ملیۆن کەس هاتووە.