زنجیرەى مووشەکەکانى عێراق کۆتایی نەهاتوون

پ

سەرەڕاى بەڵێنەکانى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ رێگرى لەهەر هێرشێکی ئەمنی بکرێنە سەر سەربازگەو، بەرژەوەندییەکانى هێزە بیانیەکان، بەڵام زنجیرەی هێرشی مووشەکی لەبەغدا کۆتایی نەهاتووەو، لەدوایین هەنگاویشدا چوار مووشەکی کاتیوشا ئاراستەى سەربازگەیەکى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەباشوورى بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانى سوپاى عێراق ” چوار مووشەک کەوتە نێو سەربازگەى بەسمایە کە سەربازە ئیسپانیەکانى نێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ شەڕى داهش نیشتەجێن”.

ئاماژە بەوەشکراوە ” جگە لەزیانە ماددیەکان هیچ زیانێکى گیانى لەنێو هێزەکاندا روویانەداوە”.

ماوەیەک بەهۆى پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێرشەکان بۆ ماوەیەک ڕاگیران، بەڵام دواى دەستبەکاربوونى کازمی لەپۆستەکەى، دووبارە هێرشە مووشەکییەکان دەستیان پێکردەوە، بەجۆرێک زۆربەى هێرشەکان بۆ سەر ئەو سەربازگانەیە کەهێزەکانى ئەمەریکا نیشتەجێن، وەک تاجی، کەیوان و، چەند شوێنێکى دیکە، لەپاڵ ئەوانەش باڵیۆزخانەى واشنتۆن لەبەغدا بێبەش نەبووە لەئاراستە کردنى مووشەکی کاتیوشا.

بەرپرسانى کوشکی سپی چەندین جارو لەزۆربەى بۆنەکاندا، میلیشیا چەکدارە عێراقییە نزیکەکانى رژێمى ئێران تومەتبار دەکات بۆ ئەنجامدانى ئەو جۆرە هێرشانە.

هەرچەندە هیچ لایەنێکى چەکداری بەرپرسیارێتى ئەو کارەى لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پرۆسەکە لەنێو سیاسییەکانى عێراقدا روونە، کەهەمووی بەفەرمانى تاران و، لەلایەن گرووپەکانى کەتیبەى حزبوڵلای عێراق ئەنجامدەدەرێت، چونکە تاکە هێزێکە زۆرترین مووشەکی کاتیوشای لەجبەخانەدایە.