ئاڵوگۆری بازرگانى ئێران لەگەڵ عێراق پاشەکشێ دەکات

پ

کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتى ڕاگەیاندنى ئامارەکانى چارەگی دووهەمی ئابووری خۆیدا لە ٢٠٢٠ ڕایگەیاندووە ” ئاستى هەناردەکردنى غەیرە نەوتیان بۆ عێراق بەسەدا ٤٠ پاشەکشێی کردووە”، ئەمەش وەک گورزێکى گەورەى ئابوورییە بۆ ئەو وڵاتە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى تاران لەمامەڵە بارزگانیەکانى پشتى پێبەستووە، چونکە بەهۆى سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆربەى وڵاتانى جیهان مامەڵە بازرگانیەکانيان لەگەڵ رژێمى ئێران هەڵپەساردووە، جگە لەبەغدا نەبێت، کەلێخۆشبوونێکى تایبەتى لەلایەن ئیدارەى واشنتۆنەوە بەدەستهێناوە.

بەپێی ماڵپەرى ژوورى بازرگانى ئەو وڵاتە کە لەسەر ئەنتەرنێت بڵاوکراوەتەوەو، لەسەر زاری حامید حوسێنى، ئەمینداری گشتى بازرگانى عێراقی ئێرانی هاوبەش بڵاویکردۆتەوە ” ئێران لەچارەگی دووهەمی ئەمساڵدا پێنج ملیۆن تۆن کاڵاى غەیرە نەوتى هەناردەى عێراق کردووەو، بەهاکەشى ١,٤٥ ملیار دۆلار بووە”.

بەو هۆیەوەش ئاستى هەناردەکان بەبەراورد لەگەڵ هەمان وەرزی ساڵى رابردوو بەسەدا ٤٠ کاڵا دابەزیوەو، لەسەر ئاستى بەهاکەشى بەسەدا ٣٨,٣ بووە.

لەپاڵ سزا ئەمەریکییەکەى سەر تاران، بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، ئاڵۆزی زیاترى بۆ ئاڵوگۆری بازرگانى هاوبەشى لەنێوان هەردوو وڵات دروست کرد، چونکە پاش پەرەسەندنى پەتاى کۆڤید ١٩، دەسەڵاتدارانى بەغدا سنوورەکانى بەسەر ئێراندا داخست و، رێگرى کرد لەهەر جموجۆڵێکى هاوبەش.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەروبەندی کۆنگرەى رۆژنامەوانی هاوبەشى حەسەن روحانی، سەرۆککۆمارى ئێران و، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەتاران باس لەوە کرا ” تاران ئامانجیەتى ئاڵوگۆری بازرگانى وڵاتەکەی لەگەڵ بەغدا بۆ سەرووى ٢٠ ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە”.

بەڵام بەشێوەیەکى واقیعی بەغدا دوو دڵە لەنزیکبوونەوەى زیاترى پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ دراوسێیە رۆژهەڵاتیەکەى، ترسەکەش بۆ مەترسییەکانى سزای واشنتۆنە بەسەر وڵاتەکەى.

پێش سەپاندنى سزایەکانى ئەمەریکا، عێراق دووهەم گەورە هاوبەشى بازرگانى ئێران بووە لەدواى چین.

بەشێک لەراپۆرتەکان دەریانخستووە بەغدا بەنیازە ئاراستەى بازرگانیەکانى روو لەوڵاتانى کەنداو بکات، بۆ ئەوەى پێداویستیەکانى خۆی دابینکات، بەتایبەت لەبوارى ووزەى کارەبا، کەبڕیار بوو کازمی لەسەردانەکەى بۆ سعودیە تاوتوێی ئەو پرسە بکات.

بەڵام بەهۆى خراپی ڕەوشى تەندروستى شا سەلمان کوری عەبدولعەزیز، سەردانەکە هەڵوەشێنرایەوە بۆ کاتێکى نادیار.