تورکیا ئاسایشى سەریکانی تێکداوە

پ

پاش داگیرکردنى ناوچە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان هێزەکانى تورکیاو، میلیشیا نزیکەکانى لەنێو هێزە سوورییەکان تاوەکو ئێستاش نەیانتوانیوە پارێزگارى لەهاوڵاتیانى باکووری رۆژهەڵاتى سووریا بکەن، بەئاستێک تەقینەوەکان بەردەوام ژمارەیەک هاوڵاتى مەدەنى دەکاتە قوربانی.

لەدوایین کردەوەى تیرۆریستیدا تەقینەوەیەک لەسەریکانى، هەشت هاوڵاتی کوژران.

بەپێی زانیارییەکانى روانگەى سووری بۆ مافی مرۆڤ ” لەدواى کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچەیە لەلایەن گرووپە نزیکەکانى ئەنکەرا لەتشرینى یەکەمى رابردوو، حاڵەتێکى بەڕەلایی ئەمنى لەو ناوچەیە دروست بووەو، بەشێوەیەکى بەردەوامیش گێچەڵ بەدانیشتووان دەکرێت، بۆیە ناچار بوونە بۆ حاڵەتێکى زۆر پێویست نەبێت لەماڵەوە نایەنە دەرەوە”.

باسى لەوەشکردووە ” تەقینەوەى ماتۆرسکیلێکی بۆمبرێژ کراو لەشارى سەریکانى، بووە هۆی هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەست بدەن، شەشیان مەدەنی بوون”.

گووتیشى ” تەقینەوە ١٩ کەسى دیکەى بریندار کردووە، هەندێکیان ڕەوشى تەندروستیان مەترسیدارە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەى رابردوو هەر لەشارى سەریکانى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبرێژکراو تەقیەوەو، چوار کەسى کوشت و، دە کەسى دیکەى بریندار کردبوو.

وەزارەتى بەرگرى تورکیا لەبری کشانەوە لەو ناوچانەى داگیریکردووە، هێزە کوردەکانى رۆژئاوا بەتێوەگڵان لەکارى تیرۆریستى تومەتبار دەکات و، لەدوایین ڕاگەینراوی خۆیشیدا لەتۆڕی تویتەر هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەلى بەئەنجامدانى تەقینەوەکەى سەریکانى تومەتبار کردووە.

هێزەکانى ئەنکەراو میلیشیا سوورییەکان لەچوارچێوەى ئۆپەراسیۆنى (سەرچاوەى ئاشتى)، هێرشیان کردە سەر باکوورى رۆژهەڵاتى سووریاو، دواى چەندین هەفتە بەرگرى کردن لەخاکەکانیان، کوردەکانى ئەو ناوچانە بەدرێژایی ١٢٠ کیلۆمەتر لەنێوان شارەکانى گرێسپی  لەباکوورى رەققەو، سەریکانى لەباکوورى حەسەکە کشانەوە.

بەو هۆیەوەش لەساڵى رابردووەوە پاش داگیرکردنى ئەو ناوچانە، چەندین تەقینەوەى ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژ کراو روویانداوەو، هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتى نەخستۆتە ئەستۆى خۆی، بۆیە چاودێران پێیان وایە ” ئەو کردەوانە لەلایەن خوودی هێزەکانى تورکیاو میلیشیا نزیکەکانى خۆی ئەنجامدەدرێن بۆ ئەوەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات و، یەکینەکانى پاراستنى گەلى پێ تومەتبار بکەن و، درێژە بەداگیرکارییەکانیان بهێنن”.

رامی عەبدولرەحمان، بەرێوەبەرى روانگەى سووری بۆ مافی مرۆڤ روونیکردۆتەوە ” بەئامانج کردنى هاوڵاتیانى مەدەنی بێگومان کردەوەیەکى تیرۆریستیە، هەر کەسێکیش لەپشتى بێت”.

گووتیشى ” تەقینەوە بەردەوامەکانى سەریکانى، ئەو شارەى تورکیاو گرووپە هاوبەشەکانی داگیریان کردووە، دانیشتووانى شارەکەیان دەرکردووەو، چەندین پێشێڵکارییان ئەنجامداوە، ئەوانەشى ماونەتەوە، بەشێوەیەکى رۆژانە گێچەڵیان پێدەکرێت”.