عێراق مەرجى وەرگرتنى ڤیزاى بۆ تورکیا دەستپێکردەوە

پ

وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى عێراق پرۆسەى پێدانى ڤیزاى وڵاتەکەى لەدەروازە سنوورییەکان، بۆ هاوڵاتیانى تورکیا ڕاگرت، داواشى کردووە ” پێویستە هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە پێشوەخت سەردانى باڵیۆزخانەو، کونسڵخانەکانى بکات بۆ وەرگرتنى ڤیزەى هاتنەژوورەوە”.

لەراگەینراوێکى خۆیشیدا ئەو وەزارەتە روونیکردۆتەوە ” بەغدا هەستیارە لەجێبەجێکردنى پابەندییەکانى بەرێکەوتننامەو، لێکگەیشتنە واژۆکراوەکانى وڵاتان، کە لەچوارچێوەى ئاڵوگۆری بەرژەوەندیی و، پتەوبوونى هاوبەشە”.

گووتیشى ” عێراق لەساڵى ٢٠٠٩ لێکگەیشتنێکى کونسڵى لەگەڵ کۆماری تۆرکیا واژۆ کردووە، بەوەى گەشتیاران لەدەروازە سنوورییەکانەوە ڤیزەى چوونەژوورەوەى وەربگرێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ باڵیۆزخانەو، کونسڵخانەى تایبەتمەند بەو پرۆسەیە، بۆ ئەوەى ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانى هەردوو لایەن بکرێت”.

ئاشکراشی کردووە ” لایەنى تورکی ئەرکەکانى لەو لێکگەیشتنە ڕاگرتووەو، حکومەتیش کارکردن بەو پرۆسەیە هەڵپەساردووەو، بەپێی جێبەجێکردنى هاوشێوە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە پەیوەندییە سیاسییەکانى هەردوو پایتەخت بەهۆى دەستدرێژییەکانى ئەنکەرا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانى عێراق گرژی تێکەوتووە، بەتایبەت لەبوارى بۆمباران کردنى ناوچە مەدەنییەکانى عێراق لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە.

وەزارەتى دەرەوەى بەغدا ئاماژەى بەوەشداوە ” باڵیۆزخانەى عێراق لەئەنکەرا ئاگادار کراوەتەوە، بۆ ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى تورکیا ئاگادار بکرێنەوە، هاوکات باڵیۆزخانەى تورکیاش لەبەغدا بڕیارەکەى پێگەیشتووە”.

هیماى بەوەداوە ” دانووستاندنەکان لەلایەن لایەنى تورکی بەردەوامیی هەیە، بۆ ئەوەى تاوتوێی ئەو لێکگەیشتنە بکرێن”.

لەلایەکی دیکەشەوە لەچەند رۆژى رابردوو ئەو وەزارەتە بانگهێشتنى هەردوو باڵیۆزى ئێران و تورکیاى کردووەو، یادداشتننامەیەکى ناڕەزایی پێشکەش کردووە، بەرامبەر ئەو هێرش و بۆمبارانەى لەسنوورەکانی هەرێمى کوردستان ئەنجامیدەدەن.

کەهەریەک لەئەنکەراو تاران، بەهاوبەشى دەستیان بەهێرشە سەربازییەکانیان لەو ناوچانە کردووەو، بیانووی ئەوەشیان هێناوەتەوە راوەدونانى چەکدارە یاخیبووەکانى وڵاتەکانیان دەکەن.