٧ بارهەڵگر لەکرمانشان گڕ دەگرن

پ

لەکاتى چاککردنەوەى مەکینەیەکى بارهەڵگری سووتەمەنیەکان، لەگەراجێکى شارى کرمانشان، ئاگر بەردەبێتە بارهەڵگرێک و، دواتر حەوت بارهەڵگری دیکەى نزیک لەشوێنەکە گڕ دەگرن و، ئاگرێکى گەورە سەرهەڵدەدات.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەى گەیشتۆتە دەست (پێشەنگ پرێس)، دووکەڵێکى ڕەشی زەبەلاح، مەترسییەکى گەورە لەنێو خەڵکى ناوچەکە دروست دەبێت.

بەگووتەى پارێزگاری شارى کرمانشان کەبەئاژانسى هەواڵى ئێرناى ئێرانى ڕاگەیاندووە ” ئاگرەکە بەهۆى چاککردنەوەى یەکێک لەبارهەڵگرەکانەوە دروستبووەو، دواتر حەوت بارهەڵگری دیکەش سووتاون”.

زانیاریی بەهۆى تەقینەوە ئەو بارهەڵگرانەشى ڕەتکردەوە، گووتیشى ” هیچ تەقینەوەیەک لەشوێنەکە رووینەداوە، بەڵکو ئەو دووکەڵە ڕەشە پەیوەندیی بەئاگر بەروونەکەوە هەیە”.

گووتەبێژى خزمەتگوزارییەکانى فریاکەوتنى ئێرانیش بەئاژانسى فرانس پرێسى ڕاگەیاند ” لەو رووداوە پێنج کەس بریندار بوونە، چواریان لەهێزەکانى بەرگرى شارستانیی ئاگرکوژینەوەن”.

لەنێو ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، کە گەراجەکە یەک پارچە ئاگرێکەو، چەندین بارهەڵگری سووتەمەنى گڕیان گرتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە چەند هەفتەیەکە زنجیرەیەک ئاگربەربوونەوەو، تەقینەوە لەپێگە سەربازییەکان و، شوێنە مەدەنییەکانى ئێرانى گرتۆتەوە، بەشێک دەڵێن هێرشی ئاسمانى هێزەکانى ئیسرائیلیەو، هەندێکیش دەڵێن لەلایەن گرووپێکى نەناسراوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامدراون.

بەجۆرێک دوو تەقینەوە لەکۆتاییەکانى حوزەیران، یەکێکی لەنزیک سەربازگەیەک و، ئەویتر لەنزیک ناوەندێکى تەندروستى لەتاران روویداو، ١٩ کوژراوى بەدواى خۆیدا بەجێهێشت.

هاوشێوەى ئەو رووداوەش لە ٢ تەمموز لەکۆمەڵگەى نەنتزی ئەتۆمیی روویدا، سەرەتا دەسەڵاتدارانى تاران دانیان بەرووداوەکە نا، بەڵام دواتر زانیارییەکانیان شاردەوەو، بەگووتەى خۆیان ” بەهۆى ئاسایشى نەتەوەییەوە ناتوانرێت زانیاریی زیاتر بدرکێنن”.

هەر لەهەمان مانگ بەتایبەت لە ١٩ تەمموز، تەقینەوەیەک لەوێستگەى بەرهەمهێنانى ووزە لەئەسفەهان روویدا.