فشارەکانى واشنتۆن لەسەر تاران تووندتر دەکرێت
جیراڵدین گریفت، گووتەبێژی هەرێمایەتى وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەداوە ” رژێمى ئێران دەستبەرداری بەکارهێنانى بریکارەکانى بۆ هەڕەشە کردن لەدراوسێیەکانى نەبووە”.
دووپاتیشیکردۆتەوە ” پرسی درێژکردنەوەى قەدەغەکردنى چەک بۆ ئێران، یەکێکە لەهەرە پرسە گرنگەکانى وڵاتەکەى”.
گریفت گووتیشى ” گەشتەکانى مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەو، برایان هۆک، نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بەئێران لەناوچەکە بەردەوامیی دەبێت، تاوەکو مەترسییەکانى ئێران کۆنترۆڵ دەکەن”.
باسى لەوەکردووە ” واشنتۆن تاوتوێی مانۆرەکانى ئێرانیش دەکات و، بەشێوەیەکى گونجاو وەڵامیان دەبێت”.
لەبارەى کەیسى عێراقیش ئەو بەرپرسەى واشنتۆن هیماى بەوە کردووە ” هاوبەشەکانى واشنتۆن لەگەڵ حکومەتى بەغدا بەهێزو پتەوە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە پۆمپیۆ، لەماوەى رابردوو جەختى لەوە کردەوە ” هەڵگرتنى قەدەغەکردنى چەک لەسەر ئێران، ناسەقامگیری لەناوچەکە زیاتر دەکات”، سووریش بووە لەوەى واشنتۆن رێگە بەئێران نادات دووبارە سەقامگیرى ناوچەکە بشڵەژێنێت.
وەزیرەکەى دەرەوەى ئیدارەى کوشکی سپی گووتیشى ” حکومەتەکان لەجیهان دژى بەدەستهێنانى چەکی پێشکەوتووە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تاران پابەندیی کۆتەکانى ئێستا نەبووەو، بەردەوامە لەئەنجامدانى پێشێڵکاری”.
ئاشکراشی کردووە ” ئێران وەک دەوڵەت جێی متمانەیە نیەو، چونکە بەردەوامە لەپاڵپشتى کردنى چالاکییە تیرۆریستیەکان و، هەڕەشە کردن لەوڵاتانى دیکە”.