هەسەدە لەپرسى نەوت لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمەریکى رێکدەکەوێت
یەکێک لەسیناتۆرە کۆمارییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاشکراى دەکات ” فەرماندەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، رێکەوتننامەیەکى لەگەڵ کۆمپانیایەکى نەوتى ئەمەریکى واژۆ کردووە، بۆ ئەوەى نوژانەوەى کێڵگە نەوتیەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا (رۆژئاوا) ئەنجامبدەن”.
لیندسى گراهام، لەدانیشتنێکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى وڵاتەکەى، کەمایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى واشنتۆنیش ئامادەیی ببوو ڕایگەیاند ” ژەنەڕال مەزلووم عەبدی، پێی راگەیاندووە، رێکەوتننامەیەکی پەرەپێدانى کێڵگە نەوتیەکانى ناوچەکەیان لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمەریکى واژۆ کردووە”.
بەگووتەى ئەو سیناتۆرە ” عەبدی پێی گووتووە ئەمە باشترین رێگایە بۆ هاریکاری کردنى هەموویان لەناوچەکە”.
هاوکات پۆمپیۆ لەبارەى ئەو هەنگاوە دووپاتیکردۆتەوە ” ئیدارەى کوشکی سپی پاڵپشتى ئەو ئاراستەیە دەکات و، گووتى ” رێکەوتننامەکە کاتێکى زۆر زیاتری پێچوو لەوەى چاوەڕوان دەکرا”.
هیماى بەوەشداوە ” ئێستا ئێمە لەچوارچێوەى جێبەجێکردنیداین”.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا لەدواى کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە ٦ تشرینى یەکەمى رابردوو، جەختى لەوە کردەوە ” ژمارەیەکى کەمی سەربازی ئەمەریکى لەسووریا دەمێننەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەى نەوتى لێیە”.
ئامانجی مانەوەى ئەو هێزانەش بۆ ئەوەى رێگرى لەگرووپی داعش و، کاراکتەرە سەرەکییەکانى دیکەى گۆڕەپانى سووریا بگەنە ناوچە نەوتیەکان، کەپێشتر لەژێر دەسەڵاتى تووندڕەوەکان و، میلیشیا نزیکەکانى تورکیاو ئێران بووە، پێش ئەوەى هێزە کوردەکان کۆنترۆڵی بکەنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدابوو، داعش رۆژانە لەساڵی ٢٠١٥ نزیکەى ٤٥ هەزار بەرمیل نەوتى لەو کێڵگانە دەفرۆشت، کەداهاتى رۆژانەى دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکى پێدەبەخشى و، ئاسانکاری زیاتریشى بۆ دەکرد تاوەکو کردەوەى تیرۆریستى لەسووریاو دەرەوەى سنوورەکەى ئەنجامبدات.