سەرەڕاى ئاستەنگەکان هواوی بەپێش رکابەرەکانى کەوت
سەرەڕاى هەموو فشارەکان و، ئەو سزایانەى رووبەرووى بووەتەوە، کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیز، زەبەلاحی چینی توانى لەوەرزی دووهەمی ئەمساڵ بەپێش سەرجەم رکابەرە تەقلیدیەکانى بکەوێت و، باشترین ئاماری ئابوورى تۆمار بکات.
ئەو گەشەسەندنەى هواوی لەبوارى فرۆشتندا، لەکاتێکدایە واشنتۆن هەموو رێگاو هێزى خۆى بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەى پاشەکشێ بەو کۆمپانیا چینیە بکات و، رێگەنەدات نەوەى پێنجەمی تۆڕی پەیوەندییەکان لەجیهاندا بڵاو بکاتەوە.
ئەو گرووپە زەبەلاحەى بوارى پەیوەندییەکان خۆى لەنێو ململانێیەکى تووندی رکابەرى ئەمەریکا – چین، بەهۆى جەنگی بارزگانى و تەکنەلۆژی و، تومەتى سیخورى دەبینێتەوە.
هواوی، یەکێکە لەهەرە کۆمپانیا گەورەکانى جیهانى لەخستنەرووى تۆڕەکانى نەوەى پێنجەمی ئەنتەرنێت، کەسەرجەم داتابەیزەکانى تەکنیکی مۆبایلە هۆشمەندەکان دەگۆرێت و، شۆڕشێک لەجیهانى ئەنتەرنێت دروست دەکات، بەتایبەت لەرووى خێرایی بڵاوکردنەوەى زانیارییەکان.
لەچەند مانگی رابردووش واشنتۆن فشارەکانى بۆ سەر هاوپەیمانانى تووندتر کردووە، بۆ ئەوەى بایکۆتى کاڵاکانى هواوی لەوڵاتانى خۆیان بکەن و، تومەتباریشى دەکات بەوەى لەگەڵ پەکین لەئاسایشى سیبرانی و سیخوری تێوەگڵاوە.
بەپێی زانیارییەکانى نووسینگەى کانالیس بۆ توێژیتنەوە، هواوی کەبارەگاى سەرەکیی لە شینتشینی باشوورى چینە، بەپێش کۆمپانیاى سامسۆنگی کۆریاى باشوور کەوتووەو، لەچارەگی دووهەمى ئەمساڵدا بووەتە یەکەم فرۆشیارى مۆبایلى هۆشمەند.
ئەوەشى سەیرە، بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید ١٩ سوودێکى گەورەى بەهواوی بەخشیوە، پێچەوانەى رکابەرە سەرەکییەکانى کە زیانێکى گەورەیان لەبڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە بینیوە.
لەنێوان نیسان و حوزەیرانى رابردوو گرووپە چینیەکە لەو ماوەیە ٥٥,٨ ملیۆن مۆبایلى هۆشمەندی فرۆشتووە (ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ساڵى رابردوو بەسەدا پێنج کەمترە)، لەبەرامبەریشدا سامسۆنگ لەهەمان وادە ٥٣,٧ ملیۆن یەکەى فرۆشتووە.
لەلایەن خۆیەوە بین ستانتۆن، توێژەرى کانالیس هیماى بەوە کردووە ” ئەو ئەنجامە تێبینی کراوە، لەساڵى رابردوو ژمارەیەکى کەم چاودێری کردووە”، بەبۆچوونى خۆیشى بەهۆى کاریگەرییەکانى کۆڤید ١٩ ـەوە بوون.
گووتیشى ” هواوی بەتەواوی سوودی لەگەڕانەوەى چالاکییە ئابوورییەکانى چین وەرگرتووە، بۆ ئەوەى دەست بەچالاکییەکانى بوارى مۆبایلى هۆشمەند بکاتەوە، بەڵام بازاڕە سەرەکییەکانى سامسۆنگی رکابەرەکەى وەک بەرازیل، هیندستان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەورۆپا، هێشتا کاریگەرییەکانى ئەو پەتایەى بەسەرەوە ماوە”.
کۆمپانیا چینیەکەش لەبەرامبەر ئەو ئامارە بەهێزانەى لەبازاڕەکان خۆشحاڵى خۆی نیشانداوەو، دووپاتیکردۆتەوە ” توانایەکى بەهێزی هەیە لەخۆگونجاندنى لەگەڵ ڕەوشە ئاستەنگەکاندا”.
لەبەرامبەریشدا سامسۆنگ نەیتوانى سوود لەگەڕانەوەى چالاکییە ئابوورییەکانى چین وەربگرێت، چونکە پشکى لەو بازاڕە سەدا ١ تێپەرناکات، بەتایبەت لەبوونى چەندین رکابەرى لۆکالی لەو بازاڕەدا.