ئێران باس لەچاودێری کردنى سەربازگەیەکى ئەمەریکا دەکات
لەمیانەى مانۆڕە سەربازییەکەى خۆیدا کۆمارى ئیسلامی ئێران باسى لەوە کردووە ” یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی بەکارهێناوە بۆ وێنەگرتنى تەواوی سەربازگەى ئاسمانى ئەمەریکییەکان لەقەتەر”.
لەلایەن خۆیەوە ماڵپەرى نیوزویکى ئەمەریکى بڵاویکردۆتەوە ” تاران دەڵێت مانگی دەستکردی نور ١ ـى ئێرانى، کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەرێوەدەبردرێت، وێنەى سەربازگەى عەدیدی ئاسمانى لەقەتەر گرتووە، کەهاوکات بارەگاى سەرەکیی فەرماندەى ناوەندیی ئەمەریکییەکان و، بارەگاى فەرماندەیی ناوەندیی هێزە ئاسمانیەکانە”.
بەگووتەى تاران بێت ” وێنەکان سەرجەم پانتاییەکانى سەربازگە لەخۆ گرتووە”.
سەرەڕاى ئەوەى مانگی دەستکردەکە لەنیسانى رابردوو هەڵدراوەتە ئاسمان، بەڵام مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا روونیکردۆتەوە ” ئەو مانگە دەستکردە بەشێکە لەبەرنامە مووشەکە بالیستیەکانى تاران”.
وەزیرەکەى واشنتۆن جەختی لەوە کردۆتەوە ” بیانووەکانى ئێران بەدرێژەدان بەبەرنامەى ئاسمانى مەدەنی ئاشتیخواز، جۆرێکە لەخەیاڵ”.
پۆمپیۆ گووتیشى ” هەڵدانى مانگی دەستکرد لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە، سەرجەم ئەو قسانەى لەرابردوو کردووە دووپاتدەکاتەوە، بەوەى بەرنامەى ئاسمانى ئێرانى نەئاشتیانەیەو، نەبەتەواوەتى مەدەنییە”.
بەقسەى سوپاى پاسدارانیش بێت ” مانگی دەستکردەکە لەکاتى مانۆرە سەربازییەکەى گەرووى هورمز، تەواوی سەربازگەکەى تۆمار کردووەو، نەخشەکێشی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتی فرۆکە هەڵگرە ئەمەریکییەکەش کردووە”.
لەو مانۆرەى تارانیش دواى بەکارهێنانى مووشەکی بالیستى و مەترسیدار، هەردوو سەربازگە ئەمەریکییە لەناوچەى کەنداو خرایە ئامادەباشیەوە.
ریبیکا ریباریش، گووتەبێژى کەشتى پێنجەم دەریایی ئەمەریکى کە لەبەحرەین نیشتەجێیە بەگوڤاری نیوزویکی راگەیاند ” هێزەکانى ئەمەریکا هەمیشە هۆشدارە لەو جۆرە هەڵسوکەوتە نابەرپرسانەو ملهۆرانەى ئێران، بەتایبەت لەرێڕەوە دەریا نێودەوڵەتیەکان”.
ئەو فەرماندەیە گووتیشى ” ئەو مانۆرە هیچ ئۆپەراسیۆنێکى هاوپەیمانى لەناوچەکە پەکنەخستووەو، هیچ کاریگەریشى لەسەر جوڵەى ئازادی بارزگانی لەگەرووى هورمز و دەریا نزیکەکانى دروست نەکرد”.
دواى چەندین هەوڵى شکستخواردوو، تاران لەنیسانى رابردوو سەرکەوتنى مانگی دەستکردی نور ١ لەبۆشایی ئاسمان ڕاگەیاند.