تەندروستى جیهانی، جیهانى تووشى شۆک دەکات
لەگەڵ چاوەڕوانبوونى ملیۆنەها کەس لەسەرتاسەرى جیهان بۆ کۆتایی هێنان بەپەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەتاوەکو ئێستا سەرووى ١٨ ملیۆن کەسی تووش کردووە، بۆ ئەوەى ڤاکسینێک بەرهەم بهێنرێت ئەو مەترسییە گەورە کۆتایی بهێنێت، بەڵام رێکخراوى تەندروستى جیهان لەنوێترین ڕاگەینراویدا جیهانى تووشى شۆک کرد.
ئەو رێکخراوە کە لەماوەى رابردوو رووبەرووى ڕەخنەى نێودەوڵەتى زۆر بوویەوە، لەشێوازی مامەڵەکردنى لەگەڵ پەتاى کۆڤید ١٩، لەڕاگەینراوەکەیدا ئاشکراى دەکات ” ڕەنگە چارەسەرێکى ریشەیی بۆ ئەو پەتایە بەدی نەیەت”.
هۆشداریی ئەوەشیداوە ” ڕەنگە چارەسەرێکى سیحراوی بۆ لەناوبردنى ڤایرۆسەکە، کەملیۆنەهاى لەجیهاندا تووش کردووە، بەدی نەیەت”، روونیکردۆتەوە ” ئومێدێکى گەورەش هەیە بۆ گەیشتن بەڤاکسینێک دژی نەخۆشی کۆڤید ١٩”.
هاوکات تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەرێوەبەرى گشتى رێکخراوە جیهانیەکە لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا لەرێگەى ئەنتەرنێت گووتى ” تاوەکو ئێستا چارەسەرێکى سیحراوی نیەو، ڕەنگە بەهیچ شێوەیەکیش هەر بەدی نەیەت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژى رابردوو رێکخراوى تەندروستى جیهان هۆشداری ئەوەى دەرکردبوو کە “کۆرۆنا بۆ ماوەیەکى درێژ خایەن دەمێنێتەوەو، ئاستى مەترسییەکانى ئەو ڤایرۆسەش زۆر بەرزە”.
داواشى کردووە وەڵامدانەوەیەکى نیشتیمانى و هەرێمایەتى و، نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو پەتایە دروست بێت، کەپێی وایە بۆ چەند دەیەک بەردەوامیی دەبێت.
گیبریسۆس دەشڵێت “زۆربەى دانیشتووانى جیهان، دەکەونە ژێر کاریگەرى پەتاکە، تەنانەت ئەوانەش کە لەناوچە مەترسیدارەکانى بڵاوبوونەوەى کۆڤید ١٩ شدا نیشتەجێ نین لەهێڵى مەترسیدان”.
بەهۆى دواکەوتنى لەڕاگەیاندنى حاڵەتى تەنگەتاوی لەسەرتاسەرى جیهاندا، رێکخراوى تەندروستى جیهانى و، خوودی بەرێوەبەرەکەشى رووبەرووى ڕەخنەى تووند بوویەوەو، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بە ” بووکەڵە شووشەى دەستى چین” تومەتباری کردووەو، لەتەمموزی رابردووش بەشێوەیەکى فەرمیی لەرێکخراوەکە کشایەوە.
هاوکات وڵاتانى ئەورۆپا، ئوسترالیاش داوای ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر لەنێو رێکخراوەکە تایبەت بەکەیسى ئەو پەتایە کردووە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کەسەرەتا لەشارى ووهانی چینی بڵاوبوویەوەو، لەسەرەتاى ئەمساڵیش بەنێو زۆربەى وڵاتانى جیهاندا گەشەى کردووەو، ئەمەریکاو چین لەماوەى چەند مانگی رابردوو یەکتریان تومەتبار دەکرد، بەوەى هۆکارى سەرهەڵدانى ئەو ڤایرۆسەن.
بەڵام تاوەکو ئێستاش روون نیە، هۆکارى سەرەکیی سەرهەڵدانى ئەو پەتایە چیبووەو، تاچەندیش دەستى مرۆیی لەگەشەسەندنى ڤایرۆسەکەدا هەیە؟