ترامپ موڵەتێکى دیاریکراو دەخاتە بەردەم تیک تۆک

پ

پاش تووندکردنى فشارەکانى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەسەر ئەپلیکەیشنى (تیک تۆک) بۆ بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆى تۆمارکراو، حکومەتى چین دەسەڵاتدارانى واشنتۆن لەپرسی ئەو کۆمپانیایە بە “تۆقاندن” تومەتبار دەکات.

وانگ وینبین، گووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى پەکین رایگەیاند ” ئەو پرسە پێچەوانەى بنەماکانى ئابووری بازاڕو بنەماکانى رێکخراوی بازرگانى جیهانیە لەپرسى کرانەوەو شەفافیەت و ناجیاکاری”.

ترامپ ئێوارەى دوێنێ دووشەممە شەش هەفتەى خستۆتە بەردەم کۆمپانیا چینیەکە بۆ ئەوەى ئۆپەراسیۆنەکانى خۆى لەنێو ئەمەریکا بفرۆشێت، کەمەترسییەکى گەورەى لەپرسی جەنگە سیاسی و بازرگانیە بەردەوامەکانى نێوان هەردوو زلهێزی ئابوورى جیهانى دروستکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتۆن بەشێوەیەکى فەرمیی لێکۆڵینەوەی دژى تیک تۆک دەستپێکردووە، کەبەگووتەى خۆى ” مەترسییەکانیان پەیوەندیی بەئاسایشى نەتەوەیی ئەمەریکاوە هەیە”.

ئاماژەى بەوەشداوە ” ئەو کۆمپانیایە زانیارییەکى زۆری کەسایەتیە پەیوەستەکانى بە بەکاربەران کۆدەکاتەوەو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانى پەکین هاوبەشی دەکات”.

بەڵام وینبین لەرێگەى کۆنگرەى رۆژنامەوانی رۆژانەیدا دووپاتیکردەوە ” ویلایەتە یەکگرتووەکان بەبێ پێشکەش کردنى هیچ بەڵگەیەک بنەماى ئاسایشى نەتەوەیی کە ئیستغلال دەکرێت بەکارهێناوەو، بەبێ هیچ هۆکارێک کۆمپانیا غەیرە ئەمەریکییەکان سەرکووت دەکات”.

پێی واش بووە ” بیانووەکانى ئاسایشى نەتەوەیی بۆ هەڵمەتەکەى ئەمەریکا بەسەر کۆمپانیا چینیەکان هیچ مەنتقی نین، ئەوان چالاکییەکانى خۆیان لەسەر بنەماى نێودەوڵەتى و یاساى ئەمەریکى ئەنجام دەدەن”.

گووتیشى ” بەڵام ئەمەریکا هەڵمەتێکى دژیان ئەنجامداوەو، چەندین تومەتى جۆراجۆری خستۆتە پاڵیان و، ئەمانەش هەمووى یاری سیاسیین”.