لەم قۆناغەدا (لاهور)دووچار و ناچارە کە مللکەچی ئەم پێشهاتە ببێت!

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

ئەوەی ئێستا لە نیوان جووتە ئامۆزاکەدا ڕوویداوە، پێشهاتێکی پێشبینی بۆکراوبوو جا بۆ کامیان دەلوا کە کودەتای پاوەنخوازی دەسەڵات بە سەر ئەوەی دیکەدا بکەن، هەلومەرجی لەباری دەویست! وەڵی لەمێدا ئامۆزا گەورە دەستپێشخەری کرد و دۆخەکەش بۆ ئەو لە باربوو، بۆیە بارسەنگی بەلای بافڵ کوڕی مام جەلال دا دەشکێتەوە، نەك لاهۆر شێخ جەنگی.

گەرچی بە هۆی توندڕەوویەوە، بەتابەتی لە بەرامبەر بە پارتی، لە ڕووی جەماوەرو ڕێکخستنەوە هاوسەرۆکەکەی یەکێتی پێگەیەکی بەرفرەوانی لە ناوی حزبەکەیدا دروستکردبوو، بەڵام لە ڕووی سیاسی، دیپۆماسی، ئیداری، ڕاگەیاند، ئابوری، پشتیوانی چەکداری، جیۆگرافی و مێژووی ڕووداوە ناوەکییەکانی یەکێتی وە، داشی ماڵباتی تاڵەبانی سوارە، نەك هی لاهور شێخ جەنگی.

بە درێژایی مێژووی ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی و پیلان ڕێژی بۆ لاوازکردن و درزخستنە ناو ڕیزەکانی، بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و( بەرهەم ساڵح)شەوە، ئەوە بۆ سەرکردایەتی و بنکردایەتی ئەو حزبە ئاشکرابووە کە لە ئەنجامدا هەرماڵی مام جەلال زاڵ دەبەن بە سەر نەیارەکانیاندا، بۆیە زۆرێك لە سەرکردایەتی ئەو حزبە لەوە گەیشتوون کە پاڵپشتی هەرکوتلەو گروپێکی لە دژی مناڵەکانی مام جەلال، لە ڕووی دەسکەوت و دەسەڵاتەوە بە زیانیان دەشکێتەوە.

ئەوەی لە 2009 بۆ نەوشێروان مستەفا لوا، لە ئێستادا لە هیچ ڕوویەکەوە بۆ لاهور ناگونجێت، چونکە ئەم سەرکردە گەنجە نوێیە، نە هێندە جێگرەکەی پێشووی سکرتێرەکەی یەکێتی پێدەکرێت ونە ئەوەندەی ئەویش سەرکردایەتی و جەماورەی یەکێتی لە گەڵ دایەو، نە بافڵش وەکو باوکی ئەو لێبوردەییەی هەیە کە چاوپۆشی لە درزخستنێکی دیکەی ناو یەکێتی بکات!

لێرەدا لاهور گیرۆدەی گرفت گەلێك بووە، یان دەبێت دەستبەرداری ئەو هەموو دەستکەوت و پلە و پاییە ببێت کە لەم چەند ساڵەدا کۆی کردوتەوە، یان دەبێت ملکەچی هەموو بڕیارەکانی بافڵ ببێت وئەو بە سەرۆکی خۆی بزانێت و چاوەڕوانی دەرفەتێکی لە باربکات، ئەگنیا لە ئێستاداهەرجوڵەیەك بکات، بە کودەتایی سیاسی و چەکداریشەوە، لە گشت بوارەکاندا بە زیانی ئەم هاوسەرۆکە کەم ئەزمونە و، بەرژەوەندی ئامۆزە توندڕەوەکەی تەواودەبێت.