ئێمە هەڵە و هەڵهاتووین….؟

مەردان کوڵەجۆیی:
ئێمە هەڵەبووین، چونکە بەهاترین گەنجێنەی مرۆڤ، جگە لە ژیانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، تەمەنی لاوی ئەو کەسەیە، ئێمە کردمان بە چرای شەوە زەنگێکی نائومێدیی. بێگومان، سەروەت و سامانش لای مرۆڤ نرخی خۆی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بە ڕەنج و ماندوبوونی خۆت پەیدای بکەیت، ئەویشمان لەو ڕێگایەدا بە هەدەردا.
ئێمە هەڵەبووین، چونکە وەکو بنەماڵەی یەکێک لە پێشمەرگە دێرینی باشوری کوردستان، هەرسێ بەها سەنگینەکەی ژیانی خۆمان(تەمەن و گیان وسەرمایە)کەمان کرد بە سوتەمەنی دۆزی میلەتێک، ئێستا لە پای پاداشت و ستایش، لە لایەن ئەو گەلەوە کە بە خوێنی خۆمان داری ئازادییمان بۆ ئاودا، بەنەفرەت دەکرێین!
ئێمە هەڵەبووین، چونکە شۆڕش و ڕەنجی سەدانی وەکو ئێمە، لە پێناو وەرچەرخانێکی بنەڕەتیدا بووکە ژیانێکی مرۆڤسەروەرانە بۆ گەلی کورد فەراهەم بکات، نەک کوڕ وکچی بەرپرسانی ئەمڕۆ مافیا ئاسا دەست بگرن بە سەر دەسەڵاتدا، بەمەرجێک باوکی ئەوان لە سەردەمی شۆڕشدا مشخۆری بن ئەشکەوت، یان معەلەبات خۆی وڵاتان بوون، نەک شۆڕشگێڕ.
ئێمە هەڵەبووین، چونکە قۆناغەکانی خوێندنی خۆمان و منداڵەکانمان کرد بە پرد بۆ ئەوەی مناڵەکانی ئەوان لە هەندەران بخوێن و ژیانێکی شاهانە بەسەربەرن. ئێمە مناڵەکانمان فێری سرودی شۆڕشگێڕی و نیشتیمانپەروەری دەکرد، منداڵەکانی ئەوانش کوردیان بیر چووبووەو فێری ڕاپ و سەمای بیان ببوون.
ئێمە هەڵەبووین، چونکە لە سەردەمی ئەنفالدا خۆمان ومناڵەکانمان کرد بە قەڵەغان تا ئەوان بە کۆڵ و بارە خشڵ و دراوەکانیانەوە گەیشتن بە سەرسنور.
ئێمە هەڵەبووین، چونکە لە کاتی ڕاپەریندا پەلاماری تانک و زرێپۆش و سەربازگاکانمان دەدا، ئەوانش پەلامانی ئۆتۆمبیلی پلەباڵاکانی بەعس. ئێمە هێڕشمان بۆ سەرمۆڵگەکانی دوژمن دەبرد، ئەوانش هەڵیان دەکوتایە سەر بانک و گەنجێنە مەدەنی وحکومیەکان(چ لە ناو سەربازگەکان وچ لە ناو شارەکاندا.)
ئێمە هەڵەبووین، چونکە لە دوبارە هەگیرساندنەوەی شەڕی دەسکەت ودەسەڵاتدا، گووتمان شەڕی کورد کوژی ناکەین، ئەوان شەڕیان پێ فرۆشتین تا گۆڕەپانی سیاسی وڵاتمان بۆ چۆڵکردن، پاشان ووتیان ئێوە هەڵە وهەڵهاتوون!
ئێمە هەڵەبووین، چونکە نەفرەتمان لە کڕنۆش بردن وماستاوچێتی بۆ دۆڵگیرەکانی ڕۆژەسەختەکان کرد، لەبەر ئەوەی ئەوە پێشەی ئێمە نەبوو و نابێ، بۆیە بە کۆڵێک خەم و نەهامەتی گەل و نیشتیمانەوە، ئەوا چەندین ساڵە بە وڵاتاندا دەسوڕێینەوەو پێمان ناکرێ لە ئاستی ئەو هەموو نادادییەدا بێدەنگی هەڵببژێرین.
ئێمە هەڵە و هەڵهاوتوو بووین؟!



